هۆشداری لە زیدەخۆریی شیرینی دەدرێت لە ڕۆژانی جەژن



مانگی ڕەمەزانی پیرۆز لە کۆتا نزیک دەبێتەوە و تەنها چەند ڕۆژێکی ماوە بۆ جەژن، خێزانەکان سەرقاڵی ئامادەکاری و دروستکردنی جۆرە جیاوازەکانی شیرینین.

چەندین جۆری شیرینی بەناوبانگ لە ڕۆژانی جەژندا ئامادەدەکرێن، شارەزایانی تەندروستی بواری خۆراکیش ئامۆژگاری خەڵکی دەکەن کە پاش مانگێک لە بەڕۆژووبوون، لە ڕۆژانی جەژندا زێدەخۆریی لە خواردنی شیرینی نەکەن، تا کێشیان زیاد نەکات و دووچاری گرفتی تەندروستی نەبنەوە بە تایبەتی بۆ ئەو کەسانەی کە نەخۆشی شەکرەیان هەیە، چونکە سەرجەم شیرینییەکان بڕێکی زۆری زەیت، نیشاستە و شەکری تێدایە.

ئەگەر مەعموول وەک جۆرێکی شیرینی بە نموونە وەربگیرێت، یەکێکە لە جۆرەکانی شیرینی عەرەبی کە بۆ ڕۆژانی جەژن ئامادەدەکرێت، جۆرێکی تەندروستە، چونکە پرۆتین و ڕیشاڵی خۆراکی و نیشاستەی تێدایە، لە فڕندا ئامادەدەکرێت و لە ڕۆندا سوور ناکرێتەوە، ناواخنەکەشی گوێز یاخود خورمای تێدایە، ئەمەش بەهای خۆراکی زیاتر دەکات، بەڵام بڕێکی زۆر کالۆری تێدایە بەهۆی ئەوەی شەکر، کەرە و ئارد وەک پێداویستییەکی سەرەکی لە دروستکردنیدا بەکاردەهێندرێن.

پێش ئەوەی دەست بکەین بە خواردنی مەعموول لە ڕۆژانی جەژن، دەبێت ئەوەمان لەبیر بێت کە یەک مەعموول بە خورما ١٨٠ کالۆری تێدایە، لەکاتێکدا یەک مەعموول بە فستق ٢٠٠ کالۆری و یەک مەعموول بە گوێز ٢٢٠ کالۆری تێدایە، هەر بۆیە پێشنیار دەکرێت لە ڕۆژێکدا تەنها یەک دانەی لێبخورێت و زێدەخۆریی نەکرێت.

ئەگەر ئارەزووی جۆرەکانی دیکەی شیرینی دەکەیت، ئەوە بزانە کە یەک بسکیت لانی کەم ٦٠ کالۆری تێدایە، هەر جۆرێکی دیکەی شیرینی تریش بخوڕێت زیاتر لە ١٠٠ کالۆری تێدایە.

جۆرەکانی دیکەی شیرینی وەک پاقلاوە و کولیچە کە لەناو خەڵکدا خواردنی بڵاوە، ئەگەر زیادەڕۆیی لە خواردنیان بکرێت زیانی تەندروستی هەیە، چونکە لە بڕێکی زۆر شەکر و ئارد دروستدەکرێت. یەک پارچە پاقلاوە ٪٦٠ چەوری و ٪٣٤ کاربۆهیدرات و تەنها ٪٦ پرۆتینی تێدایە، ئەمەش کالۆری بۆ ٣٣٤ بەرزدەکاتەوە.

دەست بە دابەشکردنی سێیەم بەشە ئاردی ئەمساڵ دەکرێت
پێشت دەست بە دابەشکردنی سێیەم بەشە ئاردی ئەمساڵ دەکرێت
عەبدوڵا زێدان بڕیاری دەستبەکاربوونی لە پۆستی گەورە شارەوانی وان پێدرا
دواتر عەبدوڵا زێدان بڕیاری دەستبەکاربوونی لە پۆستی گەورە شارەوانی وان پێدرا
ەیوەندیدار