“هەژماری من” کێشەی مووچە چارەسەر دەکات؟



ڕاگەیاندنی پڕۆژەی “هەژماری من” لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە، کاردانەوەی جیاوازی بەدوای خۆیدا هێناوە، کە بەشێک لەلایەنە سیاسییەکان پاڵپشتی دەکەن و بەشێکی دیکەش ڕەتیدەکەنەوە، مووچەخۆرێکیش دەڵێت، “بۆ زیاتر برسیکردنی هاووڵاتییانە”.

ئەمڕۆ لە پارێزگای سلێمانی مووچەخۆران واژۆیان بۆ ڕەتکردنەوەی پڕۆژەی “هەژماری من” کۆکردەوە و مووچەخۆرێکیش بۆ (خەڵک) ڕایگەیاند، متمانەم بە پڕۆژەکە نییە و ڕەتیدەکەمەوە، چونکە دەسەڵات تا ئێستا مووچەکەمی بە بارمتە گرتووە و لەم پڕۆژەیەش مەرام و مەبەستی تایبەت بە خۆیان هەیە، هەوڵی زیاتر برسیکردنی هاووڵاتییان دەدەن.

لەم بارەیەوە شوان کەلاری، بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ تۆڕی میدیایی خەڵک ڕایگەیاند، پڕۆژەی “هەژماری من” زۆر سەرکەوتووە و لە بەرژەوەندی خەڵکی هەرێمی کوردستانە، بەڵام لەلایەن کۆمەڵێک حزب و کەسەوە هەوڵی لێدان لە پڕۆژەکە دەدرێت.

ئاماژەی بەوەکرد، شاندی پڕۆژەی “هەژماری من” سەردانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیان کرد و باسی پڕۆژەکەیان کرد، ئەوەی ئێمە تێیگەیشتین ئەوەبوو ٪١٠٠ دەبێتە فاکتەرێک بۆ گەشەکردنی ئابووری هەرێمی کوردستان، بەڵام  کۆمەڵێک حزب و لایەن هەوڵدەدەن خەڵکی لێ ساردبکەنەوە.

جەختی لەوەشکردەوە پڕۆژەی “هەژماری من” یارمەتی چارەسەرکردنی کێشەی مووچە دەدات و محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بە فەڕمی ڕەزامەندی لەسەر داوە.

لەکاتێکدا پێشتر کاروان یاروەیس، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی سەردانی شاندی پڕۆژەی “هەژماری من” بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تایبەت بۆ تۆڕی میدیایی خەڵک ڕایگەیاند، مەبەست لە سەردانیکردنی شاندەکە بۆ پەرلەمان ئەوەبوو کە بانگەشە بۆ پڕۆژەکەیان بکەن و پشتیوانی بۆ پەیدابکەن، بەڵام ئێمە وەک پەرلەمانتارانی یەکێتی لەگەڵ بۆچوونی خەڵکی خۆمانداین و ڕەتمانکردەوە.

کاروان یاروەیس لەبارەی کێشەکانی پڕۆژەی “هەژماری من”ەوە ڕایگەیاند، کێشەی پڕۆژەکە یاساییە و پەیوەندیدارە بە بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵیی عێراق کە دەڵێت، پڕۆسەی بە بانکی کردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دەبێت لە ڕێگەی بانکە فیدڕاڵییەکانی عێراقەوە بێت لەلایەن بانکەکانی ڕەشید، ڕافیدەین و TBI.

هاوکات سەبارەت بەو بانکانەی بەشداری پڕۆژەکەیان کردووە شوان کەلاری وتی، تا ئێستا پێنج بانکی تایبەت بەشدارییان تێداکردووە کە لەلایەن بانکی ناوەندییەوە دانپێدانراون، بەڵام شاندی پڕۆژەکە لەگەڵ بانکی TBI عێراق کۆبوونەتەوە کە بانکێکی حکومییە وەکو ڕەشید و ڕافیدەین، تاوەکو بێتە ناو پڕۆژەکەوە و بانکەکەش ڕەزامەندی نیشانداوە، ئەو کاتە خەڵک سەرپشک دەبن کە لە نێوان ئەو ٦ بانکە کامیان هەڵبژێرن.

باسی لەوەکرد، بانکی ناوەندی عێراق پێی باش بووە کە بانکی TBI بەشداری پڕۆژەکە بکات بۆئەوەی بانکی حکومی و تایبەتیش لە پڕۆژەکەدا بەشداربن.

ئەوەشی خستەڕوو، پرسیاری ئەوەمان لە لیژنەکە کرد کە ئایا ڕاستە حکومەت دەتوانێت پارەی قەرزی ئاو و کارەبا لە ڕێگەی بانکەکانەوە ببڕێت، بەڵام شاندەکە ڕەتیانکردەوە و ڕایانگەیاند کاتێک پارە دەچێتە سەر هەژماری بانکی، هاووڵاتییان سەرپشک دەبن لەوەی چۆن مامەڵە بە پارەکانیانەوە بکەن.

وتیشی، بەپێی ڕێنمایی حکومەت بۆ هەر هەزار کەسێک دەبێت ئامێرێکی ATM دابنرێت بۆئەوەی خەڵک بتوانن لە ماوەیەکی کەمدا پارەکانیانی لێ ڕابکێشن.

شوان کەلاری جەختی لەوەشکردەوە، شاندەکە لە گفتوگۆدان لەگەڵ دادگای فیدراڵیی عێراق بۆ پێداچوونەوە بە بڕیارەکەیدا بۆئەوەی ئاسایی بێت کە لە ڕێگەی بانکی تایبەتەوە مووچە دابەشبکرێت، لە ئەگەری بەشداریکردنی بانکی TBI ئەو کێشەیەش چارەسەر دەکرێت.

پڕۆژەی “هەژماری من” لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لە مانگی ئەیلوولی ساڵی ٢٠٢٣ ڕاگەیەندرا بۆ کردنەوەی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆران، تا ئێستا زیاتر لە ٢٥٠ هەزار مووچەخۆر هەژماریان بۆ کراوەتەوە.

 

سەرۆککۆمار داوای خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەکات
پێشت سەرۆککۆمار داوای خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەکات
پارەی پێویست بۆ پرۆژەی ماستەر پلانی هەڵەبجە تەرخانکرا
دواتر پارەی پێویست بۆ پرۆژەی ماستەر پلانی هەڵەبجە تەرخانکرا
ەیوەندیدار