هێمن هەورامی: پارتی ناوی کاندید پێشکەشی کۆمسیۆن ناکات



ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان جەخت دەکاتەوە لەوەی لیستی کاندید بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پێشکەشی کۆمسیۆن ناکات.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی لە پیرمام پێشوازی لە مانۆج ماسیو، بەرێوەبەری کاروباری سیاسی و شیکاریی یۆنامی لە عێراق کرد.

هێمن هەورامی ڕایگەیاند، لە دیدارەکەدا زۆر بە ڕوونی ڕوانگەو ھەڵوێستی پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر دۆخی سیاسی و بریارە نادەستوورییەکانی دادگای فیدراڵی بۆ شیکردەوە.

وتیشی: “لە بارەی ھەڵبژاردنەکانەوە، جەختمان لەوە کردەوە کە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا وەک پارتی ھەموو ھەوڵێکماندا ھەڵبژاردنەکان لە کاتی خۆیاندا بکرێت و لایەنی دیکە ڕێگرییان دەکرد و پەنایان بۆ دادگای نادەستووری برد و لەوێشەوە بڕیاری سیاسی نەک یاسایی بەرامبەر ھەرێمی کوردستان دەردەکرا”.

ئەوەشی خستەڕوو کە هاوکات لەگەڵ ئەو دۆخەدا “گوشاری ئابووری و برسیکردنی خەڵکی کوردستان و پەلاماری درۆن و مووشەکیان بەرامبەر ھەرێمی کوردستان بە گشتی و ھەولێر بە تایبەتی بەکار دەھێنا”.

هێمن هەورامی وتیشی: “بەیاننامەی مەکتەبی سیاسی پارتیمان بە ڕوونی بۆ شیکردنەوە کە بەشداری ھەڵبژاردنێک نابین پێش وەختە وەھا دیزاین کرا بێت بۆ تێکدانی ھەرێمی کوردستان و شکاندنی پارتی بێت و لە رێگای دادگایەکی نادەستوورییەوە یاساکانی ھەرێم ھەموار بکەنەوە”.

جەختیشیکردەوە کە “پارتی دیموکرتی کوردستان لیستی کاندید پێشکەش ناکات بەو جۆرە ھەڵبژاردنە کە بە بڕیاری سیاسی و نادەستووری دادگای فیدراڵی بێت”.

ئەمەش لە کاتێکدایە ئەمڕۆ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بڕیاری دا وادەی پێشکەشکردنی ناوی کاندیدەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تا 31ی ئەم مانگە درێژ بکاتەوە.

“ملیۆنێک و ١٠٠ هەزار کەس لە غەززە بە دەست بەدخۆراکییەوە دەناڵێنن”
پێشت “ملیۆنێک و ١٠٠ هەزار کەس لە غەززە بە دەست بەدخۆراکییەوە دەناڵێنن”
پارێزگاری کەرکووک لەنێو ململانێ نەتەوەیی و سیاسییەکان یەکلا دەبێتەوە؟
دواتر پارێزگاری کەرکووک لەنێو ململانێ نەتەوەیی و سیاسییەکان یەکلا دەبێتەوە؟
ەیوەندیدار