بڕوخێ و بژی



فارس نەوڕۆڵی

بڕوخێ و بژی، لە ئەدەبیاتی سیاسی کورددا سیمبول یان دروشمێکی کۆنە و نوێنەرایەتی ویستێکی سیاسی دەکات، بەڵام نازانم تێگەیشتنی هاوڵاتی بۆ ئەم دوو چەمکە لەئێستادا چۆنە.

لەژیاندا، کۆمەڵە دۆخێکی هێند تاڵ دێنە گۆڕێ، کە تاک تا ئاستی بێ بڕوا و متمانەبوون پەلکێش دەکات؛ بە تایبەتی ئەو دۆخە ناهەموارە ئابوورییانەی، کە کاریگەری خێرا و قوڵ دروست دەکەن. لە ڕاستیدا ئەم دۆخە داراییەی هەرێم خەڵکی زۆر ماندوو کردووەو، بەشێکێشی زادەی پیلانی نەیارانی هەرێمی کوردستانەو بەشێکی بێ پلانی خۆمان.

بۆیە بەشێک هاوار دەکات بڕوخێ و بەشێک دەڵێ بژی. ئەمەش گیرفانی تێر و پۆشتە بڕیاری لەسەر دەدات، کە تاک هەڵگری کام دروشمیانە. ئەوەی سفرەی پڕە، دەڵێ بژی و بابای سفرە بەتاڵیش دیارە نزای نەمان دەکات و، دەڵێ بڕوخێ. بە دڵنیاییەوە لەم نێوەدا دەنگی نەشازو ئامانجدار هەیە، کە ئەهریمەنانەیە.

لێرەدا پێویستە هەموومان بزانین ئەم هەرێمی کوردستانە بە شۆڕش و قوربانی خەڵک هاتووەو، هەیکەلە ئیدارییەکەشی وەک کابینە و پەرلەمان، لە سندوقەکانی دەنگدانەوە، بڕیاری لەسەر دراوە. بۆیە باشترین ڕێگا بۆ گۆڕین دەنگدانە. کوردستان هەڵبژاردنی لەبەردەم دایەو، بەشی ویست و حەزو دڵگیری هەموو خەڵک، حیزب و لیستمان هەیەو، بڕۆ بۆ دەنگدان ئاسانترین ڕێگایە، بەڵام تکایە مەڵێن بڕوخێ هەرێم، چونکە بەدیلەکەی هێز گەلێک دەبن، کە لەخەونیشدا، ناتوانین باسی ئازادی و کوردبوونیان لا بکەین. زۆریش دڵنیام بەشێکی زۆری ئەوانەی دەڵێن بڕوخێ لە ڕۆح و باوەڕیاندا باوەڕیان بە رووخانی کۆی قەوارەکە نییە و، رەنگە مانای نزیکی روخان لای ئەوان، تەنێ گۆڕینی دۆخی هەنوکەیی بێت، بەڵام سەختی ژیان و بەتاڵی گیرفان نیگەرانی کردوون!

ڕۆژگارێک بەبێ مووچەو بەنان و ئاوێک ڕووبەڕوی هەموپیلانێ دەبونەوە تا ئاستی گیان بازی، بەڵام ئەو سەردەمە ژیانمان ئەوەندە جیاواز نەبوو لەیەکدی ئەوەندە نادادپەروەی نەبوو.

بۆیە دەبێ واقیع بین بین، ئەوە هەلومەرجێکی دروستکراوەو بەرۆکی گرتووین. ئەوەی گرنگە، پێویستە ووشەی بڕوخێ هەرێم لابەرین لەئەدەبیاتی خۆماندا ،چونکە هەڵەیەکی کوشندەیەو گورزێکی گورچک بڕە بۆ ئێستاو ئایندەمان. وەک ئاماژەم پێدا هەڵبژاردن لەپێشمانەوەیە بڕۆن دەنگ بدەن بە دڵخوازی خۆتان.بەڵام ئومێدەوارم هەڵبژاردنێکی دوور لە ساختە بێ ، کێ براوەبوو ئەوە باحکومەت دامەزرێنێ و پێویستە ئۆپۆزسیۆنیش ئیستیغلالی هەژاری خەڵک نەکات و، بەڕێگای مەدەنی خەباتی خۆی بکات. دەسەڵاتیش بزانێت ناڕازییەکان خائین نیین و، هەر ئەوانەن دوێنێ لەسەنگەرەکاندا بوون بۆ پاراستنی هەرێم و دەبێ لە خواستە هەنوکەییە، ژیارییەکان بگات. بۆیە دەبێ هەستیار مامەڵە بکەن دور لەئیستیفزا بەتایبەتی لە میدیاو تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان. لەبری زیاتر توڕەکردن زمانی هێور کردنەوە و بەرپرسیارانە بەکاربێنن. ئەمە تەنها ڕێگایە بۆ دەرباز بوون لەم دۆخە. دەنگی ئەقڵ دەربازمان دەکات بڕوخێ و بژی تەنها وێرانتروو پارچە پارچە ترمان دەکات

لە عێراق دەوامی فەرمانگەکان گۆڕانکاری بەسەردا دێت و  نرخی بەنزین گران دەکرێت
پێشت لە عێراق دەوامی فەرمانگەکان گۆڕانکاری بەسەردا دێت و  نرخی بەنزین گران دەکرێت
بەرواردێک لەنێوان نەورۆزی بەرخۆدان‌و یادێکی ساردوسڕی حزبی
دواتر بەرواردێک لەنێوان نەورۆزی بەرخۆدان‌و یادێکی ساردوسڕی حزبی
ەیوەندیدار