فارس عیسا: هیچ ڕێگرییەك بۆ ڕەوانەكردنی 400 ملیارەكە نییە



 

سەرۆكی نوێنەرایەتی حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە بەغدا رایگەیاند، ڕێگری نییە بۆ ناردنی 400 ملیار دینار بۆ ھەرێمی كوردستان.

دەشڵێت، ھەر كاتێك ڕێكارەكان تەواو بن، پارەكە ڕەوانەی ھەرێمی كوردستان دەكرێت.

فارس عیسا، سەرۆكی نوێنەرایەتی حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە بەغدا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاندووە، “ھەر كاتێك ڕێكارە ئیدارییەكان بۆ ناردنی 400 ملیار دینار بۆ ھەرێمی كوردستان لەلایەن وەزارەتی دارایی حكومەتی عێراقەوە تەواو بوو، پارەكە ڕەوانە دەكرێت و ھیچ ڕێگرییەك نییە”.

دەشڵێت، “ئەو دەنگۆیەی باس لەوە دەكرێت كە وەزیری دارایی ڕێگرە لەوەی پارەكە ڕەوانە بكرێت و ڕازی نییە، ڕاست نییە، چونكە حكومەت بڕیاری ناردنی 400 ملیار دیناری بۆ ھەرێمی كوردستان داوە و بڕیارەكەش دەرچووە، بۆیە چاوەڕێ دەكرێت ڕێكارەكان تەواو بكرێن و پارەكەش ڕەوانەی ھەرێمی كوردستان بكرێت”.

ناردنی 400 ملیار دینار لە لایەن بەغداوە بۆ هەریچمی كوردستان، بڕیاری محەمەد شیاع سودانی سەرۆكوەزیرانی عێراقە.

بەپێی یاسای بودجەی ساڵی 2021 پێویستە حكومەتی عێراق مانگانە 200 ملیار دینار رەوانەی ھەرێمی كوردستان بكات بۆ مووچە و ئەمساڵیش تەنھا دوو جار 200 ملیارەكە رەوانە كراوە.

 

وەزیری بەرگری توركیا چووە سنوورەكانی سووریا
پێت وەزیری بەرگری توركیا چووە سنوورەكانی سووریا
مزگەوتی سەوز بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی گۆڕانكاریی كەشوهەوا
دوات مزگەوتی سەوز بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی گۆڕانكاریی كەشوهەوا
پەیوەندیدار