مووچەخۆران لەنێوان ڕەمەزان و جەژنێكی بێ‌ مووچە و شەڕی ڕاگەیاندنی دەسەڵاتداران



ماوەی 50 ڕۆژ تێپەڕیوە بەسەر دابەشكردنی مووچەی مانگی 1ی 2024، كە لە مانگی شوبات (2) دابەشكرا، هێشتا حكومەتی هەرێم مووچەی مانگی 2ی دابەش نەكردووە لەكاتێكدا مانگی 3 و ڕەمەزان بەرەو كۆتایی دەچێت و بەرەو جەژن دەڕۆین و زیاتر لە 600 ملیار دیناریش لە بەغداوە بۆ مووچە هاتووە و ڕۆژ بەڕۆژیش دۆخی هاووڵاتیان و فەرمانبەران خراپتر دەبێت، بەڵام حزبە دەسەڵاتدارەكانی هەرێم و حكومەت لەبری پەلەكردن لە دابەشكردنی مووچە، شەڕێكی ڕاگەیاندنیان بەرپاكردووە.

ماوەی ١٠ ڕۆژە بەغدا ٦٠٠ ملیار دیناری بۆ هەرێمی کوردستان ناردبووە بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی 2، هەروەها داهاتی ناوخۆی سێ مانگی ڕابردووش لەبەردەستە، كە بە وتەی بەرپرسانی حكومەتی هەرێم مانگانە نزیكەی 350 ملیار دینارە (سێ‌ مانگەكە ترلیۆنێك و 50 ملیار دینار)ە و بەشێكی بۆ خەرجی وەزارەتەكان تەرخان دەكرێت، بەڵام هێشتا حكومەتی هەرێم نەك دەستی بە دابەشكردنی مووچە نەكردووە، بەڵكو كاتی دابەشكردنیشی نادیارە و ئەم هەفتە بە هەفتەی داهاتووی دەسپێرێت و بەوەش نزیك دەبێتەوە لە دوو مانگ.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە هێشتا چارەنووسی مووچەی 3 مانگی كۆتایی ساڵی ڕابردوو نادیارە و حكومەتی هەرێم هیچ بڕیارێكی بۆ دابەشكردنی نەداوە و بە داهاتی ناوخۆی ئەو مانگانەش تەنها مووچەیەكیشی دابەش نەكردووە.

هاوكات میدیاكانی سەر بە حزبە دەسەڵاتدارەكانی ناو حكومەتی هەرێم بەردەوام لەسەر زاری سەرچاوەكانیانەوە ئەوە دووپات دەكەنەوە، كە وەزارەتی دارایی ئامادەیە بۆ دابەشکردنی مووچە و لیستی مووچەشی ئامادەیە، بەڵام چاوەڕێی بڕیاری سەرۆكی حكومەت دەكات و ئەگەر ڕەزامەندی بدرێت ئەم هەفتەیە مووچە دابەش كردن دەست پێدەكات، بەوەش دابەشكردنی مووچە دەبێت بە دوو مانگ (60 ڕۆژ).

ڕۆژ بەڕۆژ دۆخی هاووڵاتیانی هەرێم و مووچەخۆران خراپتر دەبێت بەهۆی دواكەوتنی دابەشكردنی مووچە لەكاتێكدا هاووڵاتیان بۆ ئەم مانگی ڕەمەزانە و نزیك بوونەوەی جەژن پێویستیان بە خۆراك و جلوبەرگ و پێداویستییە، ئەمە سەرەڕای پارەی باج و كرێی خانوو و ئاو و كارەبا و نەخۆشخانە و مۆلیدە، بەڵام حزبە دەسەڵاتدارەكانی هەرێم لەبری ئەوەی خەمی بەپەلە دابەشكردنی مووچە و باش كردنی دۆخی ژیانی خەڵك و مووچەخۆرانیان بێت، چەند ڕۆژێكە كەوتوونەتە ناو شەڕێكی ڕاگەیاندنەوە.

هەریەكە لە حزبە دەسەڵاتدارەكانی ناو حكومەتی هەرێم، كە بڕیاری دابەشكردنی مووچە هەر لای خۆیانە، هەریەكەیان ئەوەی دیكە تۆمەتبار دەكات بە دروست كردنی كێشەی مووچە و لەسەر زاری بەرپرسەكانیانەوە چەندین تۆمەت و قسەی نەشیاو بەرامبەر بە یەكتری بەكاردەهێنن و بەوەش هێندەی دیكەی دەروونی هاووڵاتیانیان ماندوو كردووە.

ماڵپەڕی فەرمی یەكێتی (پیوكەی میدیا) بڵاویكردۆتەوە، “نزیكه‌ی 15 ڕۆژه‌ وه‌زاره‌تی دارایی عیراق بڕ‌ی (608) ملیار دیناری وه‌ك مووچه‌ بۆ هه‌رێم ناردووه‌، به‌ڵام تیمی پارتی له‌حكومه‌ت ده‌ستیبه‌سه‌رداگرتووه‌ و ئاماده‌نییه‌ دابه‌شی بكات”.

ڕاشیگەیاندووە، “مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان زیاتر له‌ 50 ڕۆژه‌ مووچه‌یان وه‌رنه‌گرتووه‌ و کەدەست بە دابەشکردنیشی دەکات زیاتر لە هەفتەیەکی دەوێت” و دەشڵێت: “یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان داوای دابه‌شكردنی مووچه‌ ده‌كات و تیمه‌ وه‌زارییه‌كه‌شی لە حكومەت بەپێویستی دەزانێت‌ مافی مووچه‌خۆران ده‌سته‌به‌ر بكرێت”.

لای خۆشیەوە، پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان (پارتی) لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت: بابەتی مووچە نەدەبووە کێشە، ئەگەر قوباد تاڵەبانی داوای لە خالید شوانی نەکردایە داوای جیا کردنەوەی مووچەی سلێمانی بکەن لە بەغدا بۆ ئەوەی کەس لە داهاتی سلێمانی نەپرسێت.

دەشڵێت: “دواتر هەر کاک قوباد ئەمری بە سەرۆکی فراکسیۆنی حزبەکەی کرد لە بەغدا، کە لە ژێر واژۆی پەرلەمانتارێکی ئۆپۆزسیۆنی ساختە واژۆ بکەن بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ پارەی سلێمانی بنێرن”.

 

شاندێكی پارتی بۆ مووچە و هەژماری من دەچێتە بەغدا
پێت شاندێكی پارتی بۆ مووچە و هەژماری من دەچێتە بەغدا
یەکەمەکان و خاوەن بڕوانامە باڵاکانی ناوچەکانی دەرەوەی هەرێم ئاگادار دەکرێنەوە
دوات یەکەمەکان و خاوەن بڕوانامە باڵاکانی ناوچەکانی دەرەوەی هەرێم ئاگادار دەکرێنەوە
پەیوەندیدار