پەنابەران هیوایەكیان بۆ سەری ساڵ نییە



 

سەری ساڵی نوێی زایینی بۆ ئاوارە و پەنابەران ھیچ گرنگییەكی نییە ئەوان لە رەوشێكی خراپدان و ئەوەندەی لە خەمی دابینكردنی بژێوی ژیانییاندان، ئەوەندە ناپرژێنە سەر ئامادەكارییەكان بۆ ھاتنی سەری ساڵی نوێ.

ژمارەیەك پەنابەری سووریایی كە ماوەی زیاتر لە ١٠ ساڵە لە كەمپەكانی هەرێمی كوردستاندا نیشتەجێن ئاماژە بەوە دەكەن كە بەهۆی خراپی بژێوی ژیانیان هیچ ئامادەكارییەكیان بۆ پێشوازیكردن لە هاتنی ساڵی نوێ نەكردووە و بە دڵتەنگییەوە پێشوازی لەوە بۆنەیە دەكەن و داوا دەكەن، حكوومەتی عێراق و رێكخراوە بیانییەكان گرنگی زیاتر بە ئاوارە و پەنابەران بدەن.

سەعید خالید پەنابەرێكی سووریاییە و ماوەی ١٠ ساڵە بەھۆی رەوشی وڵاتەكەیەوە لە كەمپی كەورگۆسك سەربە قەزای خەبات لە پارێزگای ھەولێر نیشتەجێییە، ئەو جگە لەوەی ھیچ ئامادەكارییەكی بۆ پێشوازیی لە ساڵی نوێ نەكردووە، ئاماژە بەوە دەكات كە بەھۆی شەڕی نێوان رووسیا و ئۆكراینا رێژەیەكی زۆر لە ھاوكارییەكانیان كەمبووەتەوە و لە مبارەیەوە وتی: ”ئێمە لێرە لە كەمپ دەژین، ئەگەر پارەمان نەبێت ناتوانین ئامادەكاریی بۆ سەری ساڵ بكەین. لە راستیدا سەری ساڵیش وەك جاران خۆش نییە، چونكە خەڵك لە دۆخێكی خراپی دارایی دەژیت، ئەگەر ژیانی ئێمە ھەروا بێت، ئەوا جەژن و سەری ساڵ ھیچ گرنگییەكی بۆ ئێمە نییە”.

سەعید خالید وتیشی: “ئێمە بۆیە ناگەڕێینەوە زێدی خۆمان، چونكە ئەوێ سەقامگیر نییە و شەڕ ھەیە، لێرەش داواكارین رێكخراوەكان سەردانمان بكەن بە مەبەستی ھاوكاریكردنمان، ئێمە چەند ساڵە لێرەین، چارەنووسی ئێمەش دیار نییە كە تا چەند ساڵی دیكە لێرە دەمێنینەوە، پێشتر دەزگا خێرخوازییەكان و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان سەدا ٦٠ ھاوكارییان دەكرین، بەڵام بەھۆی شەڕی ئۆكراینا و رووسیا ھاوكارییەكانمان كەمی كردووە بۆ لەسەدا پێنج، دەبێت ئەوەش بڵێین كە حكوومەتی عێراقی ھیچ ھاوكارییەكی نەكردووین”.

پەنابەرێكی دیكە بەناوی عەبدولعەزیز ساڵح عەبدە كە نیشتەجێی كەمپەكەیە (كەمپی كەورگۆسك)، ئاماژە بەوە دەكات كە نەبوونی قوتابخانە و بنكەی تەندروستیی لەناو كەمپەكە بووەتە ھۆی ئەوەی كە منداڵەكانیان بە سەختییەكی زۆرەوە بگەنە قوتابخانە.

عەبدولعەزیز ساڵح عەبدە وتی: “پێش پێنج ساڵ رێكخراوەكان سەردانییان دەكردین و ھاوكارییان دەكردین، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢٠ بەدواوە ھیچ رێكخراوێكی خێرخوازی نەما و ئێمەش نەبووینە پەنابەر، چونكە پەنابەر لە وڵاتان مافی ھەیە، ئێمە لێرە مافمان نییە، نە قوتابخانە ھەیە بۆ ئەوەی منداڵەكانمان بنێرینە بەر خوێندن نە بنكەیەكی تەندروستی لێیە چارەسەری نەخۆشەكانمانی لێ بكەین، لە پێشدا قوتابخانە و بنكەی تەندروستی لەناو كەمپ ھەبوو، بەڵام دوو ساڵە بردوویانەتە دەرەوەی كەمپ ئەمەش زەحمەتێكی زۆری بۆ دانیشتووانەكە دروست كردووە، بۆیە پێویستە حكوومەتی عێراق پەنابەران فەرامۆش نەكات”.

پەنابەرێكی دیكەی دانیشتووی كەمپی كەورگۆسك بە ناوی جەمال عومەر باسی لە سەختی گوزاران و ژیانیان دەكات: ”لێرە نە كار ھەیە نە ژیان بۆیەش ھیچ ئامادەكارییەكمان بۆ سەری ساڵی نوێ نەكردووە. سەختی ژیان وای كردووە كە نەتوانین خۆمان بۆ سەری ساڵ و جەژن ئامادە بكەین. كەس یارمەتیدەرمان نییە”.

كەمپی كەورگۆسك یەكێكە لە كەمپە گەورەكانی ھەرێمی كوردستان كە دەكەوێتە سنووری كارگێڕیی قەزای خەبات سەربە پارێزگای ھەولێر و لە ساڵی ٢٠١١ بۆ ئەو پەنابەرانە دروستكرا كە بەھۆی دۆخی جەنگ و رەوشی سووریاوە ئاوارەی ھەرێمی كوردستان بوون.

100 دۆلار 155 هەزار دیناری تێپەڕاند
پێشت 100 دۆلار 155 هەزار دیناری تێپەڕاند
تیرۆریستێكی داواكراو دەستگیركرا
دواتر تیرۆریستێكی داواكراو دەستگیركرا
ەیوەندیدار