سەرۆک کۆمار لەبارەی دادگای فیدڕاڵییەوە ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە



سەرۆک کۆماری عێراق هەڵوێستی خۆی لەسەر بڕیاری دادگای فیدراڵی سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ڕاگەیاند و دەڵێت، “دەستوور بەڕوونی هەرێمی کوردستان و ئەو دەسەڵاتانەی ئێستای پەسندکردووە”.

دوای دەرکردنی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی ژمارە (224 و یەکخستنی 269/ فیدراڵی /2023/) لە 21-2-2024 سەرۆك کۆمار لەگەڵ سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی کۆبووەوە بۆ ڕاوێژکردن لەبارەی ناوەڕۆکی بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی.

سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەکرد، پڕۆسەی سیاسی لە دوای ساڵی 2003 لەسەر چەند بنەمایەکی نەگۆڕ داڕێژراوە، کە خواستی سەرکردە سیاسییەکانی لەسەر بووە و لە دەستووردا چەسپاوە و یەکێک لە دیارترین ئەو پرەنسیپانە ئەوەیە، کە عێراق دەوڵەتێکی فیدراڵییە و سیستمی دەسەڵات کۆماری نوێنەرایەتی پەرلەمانییە، دەستوور بەڕوونی هەرێمی کوردستان و ئەو دەسەڵاتانەی ئێستای پەسندکردووە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان دەسەڵاتی تەواویان بەسەر هەرێم و هاووڵاتیاندا هەیە، بەشێوەیەک کە جگە لە دەسەڵاتە تایبەتەکانی حکومەتی فیدراڵ، دەستوور و یاسا پێشێل نەکات.

ئەوەشی خستەڕوو، سیاسەتی دارایی و گومرگی و دەرکردنی دراو و رێکخستنی سیاسەتی بازرگانی لە سنووری هەرێمەکان و پارێزگاکان لە عێراق و داڕشتنی سیاسەتی نەختینەیی، دەسەڵاتە تایبەتەکانی حکومەتی فیدراڵە، بەڵام جێبەجێکردنی ئەم سیاسەتە و دیاریکردنی میکانیزمەکانی جێبەجێکردن، لەدەسەڵاتەکانی هەرێمدایە.

لە بەرامبەردا سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی، ئاماژەی بەوە کرد کە دادگا پابەندە بەوەی دامەزرێنەرانی پرۆسەی سیاسی لەسەری ڕێککەوتوون و ئەوەی لە دەستووردا ئاماژەی پێکراوە، کە عێراقییەکان پەسندیانکردووە و پەیوەندی نێوان دەسەڵاتەکانی فیدراڵی و هەرێمەکانی ڕێکخستووە، دادگای باڵای فیدراڵیش بەپەرۆشە کە ئەوەی لە دەستوور و یاسا کارپێکراوەکاندا هاتووە جێبەجێ بکات و یەکەم پاڵپشتیکاری سەروەریی بنەما یاساییەکان دەبێت و پارێزگاری لە مافەکانی گەل دەکات و دڵسۆزە بۆ خوێنی شەهیدان و جەختیشیکردوە، کە دادگا بەپەرۆشە بۆ سەروەریی بنەماکانی دیموکراسی و بڕگەکانی دەستوور لە هەموو ئەو بابەتانەی، کە پەیوەستن و هەروەها بە پەرۆشە بۆ بەدواداچوون لەسەر میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی بڕیارەکەی ژمارە (224 و یەکخستنی 269/ فیدراڵی /2023/) لە 21-2-2024، بەشێوەیەک کە ببێتەهۆی دەستەبەرکردنی گەیاندنی شایستە داراییەکان بۆ فەرمانبەران و ئەوانەی کە تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی و کارمەندانی دەزگا ئەمنییەکان دەگرێتەوە لە کاتی دیاریکراودا.

سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی، دوپاتیکردەوە کە بڕیاری ژمارە (224 و یەکخستنی 269/ فیدراڵی /2023/) لە 21-2-2024 پەیوەندیدار بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی عێراق ئامانجی پاراستنی بەرژەوەندی گشتی و بەدیهێنانی دادپەروەری کۆمەڵایەتییە و وەزارەتی دارایی فیدراڵی هەماهەنگییەکی ڕاستەوخۆی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و ئابووری لە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە سەبارەت بە بابەتی بڕیارەکە و دیاریکردنی چوارچێوەیەک بۆ جێبەجێکردنی بڕگەکانی، بەشێوەیەک کە خەرجکردنی مووچە بەبێ وەستان مسۆگەربکات و بە هۆکاری هونەری یاخود گرتنەبەری ڕێوشوێنەکان نەوەستێت، چونکە میکانیزمی نشینکردن (توطین)ی مووچە، پێویستی بە ماوەیەک هەیە بەپێی نوسراوی وەزارەتی دارایی فیدراڵ، لەبەرئەوە مووچە بەکاش دەدرێت بەو فەرمانبەرانەی ماونەتەوە و پرۆسەی نشینکردنی مووچەیان بەهۆی ڕێوشوێنە تەکنیکییەکانەوە تەواو نەبووە، تا ئەوکاتەی پرۆسەی نشینکردنی موچە تەواو دەبێت.

هەروەها دادگا پشتگیری و پارێزەری مافەکانی گەلە و لە پەیوەندی و ڕاوێژی بەردەوامدا دەبێت لەگەڵ سەرۆك کۆمار و پەیوەندی بەردەوام لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵ بۆ نەهێشتنی ئەو بەربەستانەی ڕەنگە روبەڕوی جێبەجێکردنی بڕیارەکە ببنەوە.

لە کۆتاییدا، سەرۆك کۆمار جەختی لە پەرۆشی خۆی کردەوە بۆ جێبەجێکردنی بڕگەکانی دەستوور و یاساکان لە ڕێکخستنی پەیوەندی نێوان پێکهاتەکانی گەلی عێراق و کارکردن بۆ کەمکردنەوەی ئەو نەهامەتیانەی خەڵکی کوردستان بەهۆی ناڕێکی لە دابەشکردنی مووچەوە سەرچاوەیان گرتووە.

جەختیشیکردەوە لەسەر کارکردن لەگەڵ دەسەڵاتدارانی هەرێم سەبارەت بەوەی بەخێر بۆ هەرێم و گەلەکەی بگەڕێتەوە.

 

ئەو دوو هاووڵاتییەی لافاو بردنی، خنکان
پێشت ئەو دوو هاووڵاتییەی لافاو بردنی، خنکان
حکومەتی هەرێم سێ ڕۆژ پشووی ڕاگەیاند
دواتر حکومەتی هەرێم سێ ڕۆژ پشووی ڕاگەیاند
ەیوەندیدار