شەوێک بە هەزار شەو



عەبدولواحید محمد – نووسەر

لەدوای داگیرکردنی وڵاتی کوێت لە ٢/٨/١٩٩٠ لە لایەن ڕژێمی ئەوسای عێراقەوە، ڕژێم بەتایبەتی و دەوڵەتی عێراق بە گشتی کەوتە ژێر لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندن، سەرەنجام چەند بڕیارێکی یەک لەدوای یەکی لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بەسەرداسەپێنرا، بۆ ئەوەی پاشگەزیبکەنەوە لەو هەنگاوە شێتانەیە، بەڵام سەدام بە هیچ شێوەیەک ئامادەنەبوو ملبداتە بڕیارەکان، بۆیە هەموو ئەو دەوڵەت و لایەنانەی پەیوەندیداربوون بەو شەڕ پێفرۆشتنە، کەوتنە لێکدانەوە و شیکرنەوە بۆ هەنگاوهەڵێنانی پێویست.

بێگومان کوردستانی باشور لەو نێوەندەدا لە هەموویان زیاتر بایەخی بەوەدا، لە ڕوانگەی ئەو ڕاستیەی ئەو هەنگاوە سەرشێتانەی ڕژێم بێسزادانی توند تێناپەڕێت و دەبێتە هەلێکی زێڕین بۆ تۆڵەی ئەنفال و کیمیاباران و سوتماککردنی خاکی پیرۆزی کوردستان.

ئەوە وایکرد سەرکردایەتی سیاسی و هێزی پێشمەرگەی کوردستان بکەونە خۆئامادەکردن و لە ڕێگەی ئێسگەی گەلی کوردستانەوە پەیتاپەیتا ڕێنمایی بدەنە کۆمەڵانی خەڵک تاوەکو ئامادەبن بۆ هەر ئەگەرێک ، لەهەمان کاتیشدا بەنهێنی کەوتنە ڕێکخستنی شانەی چەکدار لەناو شارەکان، بەجۆرێک سەدان شانەی چەکداریان دروستکرد، لەولاشەوە هێزی پێشمەرگەیان تەیار و حازرکرد، بۆ سات و کاتی پێویست.

سەرەنجام لە پێنجی ئاداردا شاری ڕانیە ڕاپەڕی و لە چاوتروکانێدا شارەکەیان ئازادکرد و هێزەکانی ڕژێمییان کردە ئاردی ناو دڕک و سات لە دوای سات ڕاپەڕینەکە زیاتر بە جۆش و خرۆش دەبوو، حەماسەتەکە بە جۆرێک بوو لافاو ئاسا هەموو بەربەستێکی لە پێشە خۆی ڕادەماڵی.

ئەمە بووە هۆی ئەوەی شاری سلێمانیش لە حەوتی ئاداردا تەپڵی سەرکەوتن لێبدات، لەوێوە ئیتر چاوەکان کەوتەسەر هەولێر، لەهەموو لایەک ڕاپەڕیوەکان لیێ نزیکدەبوونەوە و بڕیاربوو١٠ مانگ ئازادبکرێت، بەڵام بڕیارەکە گۆڕدرا بۆ ١١ ئادار، بۆ ئەوەی لەگەڵ بەیاننامەی ١١ ئاداری ساڵی ١٩٧٠یەکبگرێتەوە.

شەوێک بە هەزار شەو

بەڕاستی شەوی ١٠ لەسەر ١١ی ئادار، بۆ ئێمە بووە شەوێک بە هەزار شەو، لە ئێوارەوە هەموو خەڵکی دڵسۆزی ئەو شارە گوێ قولاغ بوون و چاوەڕێی هەواڵی هاتنی پێشمەرگە و ڕاپەڕین بوون، ڕادیۆکەش ببووە بڵنگۆی هەموو بانگەوازەکان، بەجۆرێک لەیەک ساتدا چەندین جار ئەو بانگەوازە دووبارە دەکرایەوە( لە باوکی رێناسەوە بۆ شانە چەکدارەکانی بروسک) دەستوبردی لێبکەن و دەست بە ڕاپەڕین بکەن و شاری هەولێر ئازادبکەن.

شەو نەدەڕۆیشت و هەر چرکەیەک ببووە هەزار چرکە و هەر ساتێکیش لێمان ببووە هەزار سات، ئاخۆ کەی گوێ بیستی یەکەم تەقە و نەعرەتەی پێشمەرگە دەبین، لە ئێمە پەلە پروزێ و لە کاتیش ڕۆیشتنی ئاسایی خۆی، بەردەوام دەست لەسەر میلی ڕادیۆکە بووین، بۆ بیستنی دروشمە حەماسەت خولقێنەکان و گەیشتنی هێزەکانی پێشمەرگە.

سەرەنجام لە بەیانییەکی زوەوە دەنگی دەهۆڵی سەرهەڵدان لێدرا، لەهەموو لایەکەوە کۆمەڵان ڕژانە سەرشەقامەکان هەروەها ئابلوقەدانی بارەگاکانی ڕژێمی دکتاتۆریەوە، بە نەعرەتەی پیاوان و هەلهەلەی ژنانەوە، بووە زەماوەندێکی حەقیقی بۆ خەڵکی هەولێر و تەواوی کوردستان.

کونە مشکیش بووە قەیسەری بۆ پیاوانی ڕژێم، کۆیلە و ماستاوچیەکان، ئای لەو ڕۆژە پڕ لە جۆشوخرۆشە، هەرگیز لەبیرناکرێت بەتایبەت بۆ ئەوانەی جەرگیان سوتابوو هەروەها ئەوانەی ماڵیان کاول کرابوو، ڕۆژێکبوو بۆ بەرجەستەکردنی ئاوات و ئامانجە باڵاکان، حەماسەتەکە بەردەوام بوو تا کەرکوکی کوردستانیش تاجی سەرکەوتنی ڕاپەڕینی لەسەر نرا.

جەماوەر چاوی لەوە بوو دروشمە پیرۆزەکانی ڕاپەڕین وەک خۆی جێبەجێبکرێت، سەرباری جەرەیانی ڕووداوە نەخوازراوەکانی دوای ڕاپەڕین، جەماوەر هەر چاوی لەوەبوو دروشمە پیرۆزەکانی ڕاپەڕین وەک خۆی جێببەجێبکرێت.

مخابن بە هۆکارگەلی خودی و بابەتی وەکو ئەوە ڕەسمکرابوو نەهاتەدی، لەڕاستیدا لەبری بەردەوامیدان بە ڕاپەڕین لە هەموو بوارەکان، پەروەردە، ڕۆشنبیری، کەلتوری ، سیاسی و ئابوری، بە ئاڕاستەیەکیتر بردرا و جارانی خراپ کەڵک لێوەرگرتن کرا، وەک بەرژەوەندی تایبەت و حیزبی و پارەوپول، کار گەیشتە ئەوەی سەوداشی پێ بکرێ، ئەنجامەکەش ئەو حاڵەیە وا ئێستا دەیبینین.

چینێکی کەم لە دەوڵەمەندیدا هەنگڕاون و تێریش نابن، چینی زۆرینەش هەر لە خانووە قوڕەکانن، بۆ مووچە و قوتی ڕۆژانە بە حەسرەتەوەن، بۆیە دەبینین ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە بری ئەوەی بەرەو پێشەوە بچین بە خێرایی بەرەو دواوە دەکشێینەوە.

وای لێهاتوە ڕاپەڕین لەلایەن هەندێ خەڵک و نەوەکانی دوای ئەو پرۆسە پیرۆزە ببێتە چیرۆکێکی لەبیرکراو، ئەو حاڵەتەش لە ئەستۆی ئەوانەیە کە بەرهەمی ڕاپەرینیان بۆ خۆیان و نەوەکانیان قۆرخکرد،دڵنیام دەبێت باجەکەشی بدەن.

میدیای یەكێتی و گۆڕان: حكومەتی هەرێم پارەكەی عێراق بۆ مووچە وەرناگرێت
پێشت میدیای یەكێتی و گۆڕان: حكومەتی هەرێم پارەكەی عێراق بۆ مووچە وەرناگرێت
تەیف سامی هۆكاری نەناردنی مووچەی پێشمەرگەی ئاشكراكرد
دواتر تەیف سامی هۆكاری نەناردنی مووچەی پێشمەرگەی ئاشكراكرد
ەیوەندیدار