نوگرەت سەلمان، ڕەگوڕیشەی دڵڕەقی



شێرکۆ کرمانج

شەو ڕۆژێکە لە ڕێگەی “نوگرەت سەلمان”ین. نوگرەت سەلمان واتە دۆزەخی کورد، واتە بێکەسی کورد، واتە ئازار و ئەشکەنجەی کورد، واتە بێدەوڵەتی کورد، واتە زیندانی ئەبەدی و ئەزەلی کورد.

لەو ڕێگایەدا، ڕەنج سەنگاوی، پێشکەشکاری بەرنامەی لەگەڵ ڕەنج لە تەلەفزیۆنی ڕووداو، لێیپرسیم، ھەست بە چی دەکەیت لەو ڕێگایە بەرەو نوگرەت سەلمان؟ گوتم زۆر شت، بەڵام لە هەمووی زیاتر کە باڵی بەسەر فیکر و خەیاڵمدا کێشاوە، بیرکردنەوەیە لەو ھەموو دڵڕەقی و توڕەیی و بێبەزەیی و خوێنڕێژییە کە لە ناخ و دڵی جەلادەکانی ئەنفال و نوگرەت سەلمان دا پەنگی خواردبوو، کە بە ڕق و قینە بەسەر ئەو خەڵکە بەستەزمانە لەو زیندانەدا دەیانباراند. لە دڵی خۆم بەردەوام دەڵێم، خودایە ئەمە دەبێت سەرچاوەکەی، ڕیشەکەی لە چ کلتور و تێگەیشتنێک دابێت.

بە “ڕەنج”م گوت، من پێموایە بەشێکی لەوەدایە کە عێراق وەک دەوڵەتێکی عەرەبی لە ١٩٢١ دا دروستکراوە و کورد ھەمیشە وەک ڕێگرییەک لە پێش بەرجەستەکردنی ئەو دەوڵەتە، یان پڕۆژە “وەحدەی عەرەبی” قەومییە شۆڤینییە عەرەبییەکان، بینراوە. بۆیە، دەڵێم، تا دەوڵەتی عێراقی مابێت و تا ئەو زھنییەتە-عەقڵییەتە زاڵ بێت ئەو دڵڕەقییە دەمێنێت و ئەگەرەکانی ئەنفال-جینۆساید لەگەڵمان و لەپێشمانە.

بەداخەوە، لە بەرنامەکە کاتی ئەوەم نەبوو بچمە نێو ڕیشە مێژووییەکانی ئەم دڵڕەقی و توندوتیژییە. لێرە هەوڵدەدەم بەکورتی ئاماژە بە سەرچاوەیەکی ئەو توندوتیژییە دەکەم.

لە ٢٠١٩ دا، سەردانی مۆزەخانەی نیشتیمانیی بەریتانیم کرد، لەوێ چووم بۆ هۆڵی “شارستانییەتی” ئاشورییەکان. لەوێ ڕێبەرە گەشتیارییەکەمان قسەکانی بەوە دەست پێکرد کە “ئاشورییەکان یەکێک لە دڕندەترین و شەڕانگێزترین خەڵکی سەر ئەو گۆی زەوییە بوون”. چەندین وێنەی هەڵکەندراوی سەر دیوارەکانی کۆشکی پاشاکانی ئاشورییەکانی نیشان داین. بەردەکان کە وێنەکانیان لەسەر بوو، کاتی خۆی بەریتانییەکان بە کیلۆ لە عوسمانییەکانیان کڕیوە. وێنەکان (کە دانەیەکیم هاوپێچ کردووە) پشتیوانی لە قسەکانی ئەو خانمە دەکرد لەمەڕ ئاشورییەکان. زۆربەیان حیکایەتی ئەو شەڕانەیان دەگێڕایەوە کە لەگەڵ دراوسێکانیان کردبوویان، کە پڕبوون لە کوشتن و بڕین و خوێنڕشتن.

من خەریکی وێنەگرتنی وێنە هەڵکەندراوەکانی سەر دیوارەکان بووم کە پاتری مۆبایلەکەم مرد. خۆشبەختانە هەر ئەو ساڵە سەفەرێکی دیکەی “لەندەن”م کەوتە پێش، یەکسەر چوومەوە بۆ مۆزەخانەکە و هۆڵی “شارستانییەتی” ئاشورییەکان، لەوێ کۆمەڵێک وێنەم گرت. نامەوێ لە بابەتەکە دەرچم بەڵام کاتێک کە پەیکەری دوو گاباڵدار (الثور المجنح) م دیت، بەبیرم هاتەوە و گوتم چا نەبوو ئەمانە و چەندین پەیکەر و کەلوپەلی دیکەی مێژوویی کە بەریتانییەکان کاتی خۆی کڕی بوویان، هەندێکیشیان دزی بوو، ئەگەرنا ئێستا وەکوو ئەوانەی لێرە لە عێراق مابوونەوە دەکەوتنە بەر چەکوک و تەوری داعشییە جلڕەش و دڵڕەشەکان.

بگەڕێینەوە سەر ڕیشەی توندوتیژیی عێراقییەکان. ئەوانەی تەمەنیان لە چل ساڵ زیاترە، ئەگەری زۆرە بەبیریان بێت کە تەلەفزیۆنی عێراقی لە سەردەمی سەدام حوسێن و لە ڕۆژانی شەڕ لەگەڵ ئێران دوای هەواڵەکان بەرنامەیەکیان هەبوو بەناوی “وێنەکانی شەڕ” (الصور من المعرکة)، کە لەوێدا جەستە و لاشەی ئێرانییە کوژراوەکانیان نمایش دەدا. وێنەگەلێک کە بەڕاستی لەبەر ڕۆح و کەرامەتی کوژراوەکان نەبێت دەڵێین زۆر قێزەون بوون، مرۆڤ شەرمی لە مرۆڤبوونی خۆی دەکرد کە ئەو دیمەنانەی دەدیت.

ئەوەی جێگەی سەرنج بوو لە کاتی نیشاندانی وێنە و دیمەنەکان، یەکێک بە دەنگێگی گڕ و بە ئاواز و زمانێکی پڕ لە توڕەیی و دڵڕەقی ناوە ناوە دەیگوت “یا حوم اتبع لو جرینا”، واتە داڵە گۆشتخۆرەکان وەدوامان کەون ئەگەر ئێمە ڕۆیشتین بۆ شەڕ، ئێمە دەکوژین و بەجێدێڵین، ئێوەش “کەلاکەکان” بخۆن. ئەمە ئەو پەروەردەیە بوو کە تەلەفزیۆنی فەرمی دەوڵەتی عێراقی، منداڵان و هاووڵاتییانی ئەو وڵاتەیان لەسەر پەروەردە دەکرد. پرسیارەکە ئەوەیە داخۆ ئەم گوتەیە، ئەم کردەیە، ئەم تێگەیشتنە، مێژوو و قوڵاییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ کوێ؟

لەو وێنەیەی کە هاوپێچ کراوە دەردەکەوێت کە ئەم تێگەیشتنە لانیکە دەگەڕێتەوە بۆ ٢٦٠٠ ساڵ پێش ئێستا لەو جوگرافیایەی کە ئێستا پێی دەگوترێت عێراق. ئەگەر تەماشایەکی وردی وێنەکە بکەین ئەوە وێنەی چەند جەنگاوەرێکی ئاشوری دەبینین کە لە شەڕدان لەگەڵ دوژمنێکدا، کە ژمارەیەک شەڕکەری تێدا کوژراوە و لاشەکانیان کەوتۆتە ژێر پێیان. هاوکات ئەوەش دەبینن کە “داڵ”ێک لە پشتەوە وەدوای جەنگاوەرەکان کەوتووە و لاشەی کوژراوێکی بەدەمەوەیە، کە ڕێک دەربڕی “یا حوم اتبع لو جرینا”یە.

خەڵکانێک کە کۆشکی پاشاکانیان ٢٦٠٠ ساڵ پێش ئێستا بە وێنەگەلێک ڕازاندبێتەوە کە زادەی تێگەیشتنی “یا حوم اتبع لو جرینا” بێت، دواتر، دوای هەزاران ساڵ، گەلێک کە لە سەدەی بیست تەلەفزیۆنە فەرمییە دەوڵەتییەکەی بیسەرانی گۆشبکات و بینەرانی بەدیار دیمەنگەلێک دانێت و فێریان بکات کە “ڕۆیشتن بۆ شەڕ با داڵ بەدوایان بکەوێت و لاشەی کوژراوەکان لەتوپەت بکات”، دەبێت بێجگە لە دڵڕەقی و توندوتیژیی و بێبەزەیی چی بەرهەم بێنێت.

سەردەمی ئاشورییەکان و سەدامییەکان بەدڵنیاییەوە تاکە سەردەمی توندوتیژیی و دڵڕەقی ئەو سەرزەوییە نەبووە کە ئێستا وەک عێراق ناوی دێت. هاتنی ئیسلام بۆ ناوچەکە هەر بە توندوتیژیی و زەبری شمشێر بووە، شەڕ و ململانێی نێوان شیعە و سوننە هەر لەسەرەتای ئیسلام و سەربڕینی ئیمام حوسێن، نەوە خۆشەویستەکەی پێغەمبەری موسڵمان، هەر لەسەر ئەم زەمینە بووە.

لە قۆناغی دوای زاڵیی عەرەبە موسڵمانەکان، مەبەست سەردەمی زاڵیی سەفەوییە شیعەکان و عوسمانییە سوننەکانە، دیسان ئەم سەرزەوییە گەورەترین و خوێناویترین و ناوچەی پێکدادانی هەردوو ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی و سەفەوی بووە، کە لە ئاکامیدا بەغدا چەندین جار وێران و کاول کراوە.

ئەم مێژووە پڕتوندوتیژییە بەدڵنیاییەوە تاکە هۆکاری دڵڕەقی و بێبەزەیی نییە لەو ناوچەیەدا، کلتوری عەرەبی-بەدەوی، وەک عەلی وەردی گوتەنی، کۆڵەگەیەکی لەسەر تۆڵە (الثأر) داناوە، هۆکارێکی دیکەی توندوتیژییە. هەر چۆنێک بێت، ئەم کورتەبابەتە ناتوانێت هەموو هۆکارەکانی پشت توندوتیژیی و دڵڕەقی بخاتەڕوو، بەڵام دەکرێت بگوترێت کە مێژووی پڕخوێناویی ناوچەکە یەکێک لە ڕەگوڕیشە سەرەکییەکانی پشت ئەم هەموو ڕق و قین و تۆڵە و دڵڕەقیەیە کە تا ئێستاش بەشێوەیەکی بەرفراوان هەستی پێدەکرێت.

قسەکردن لەسەر ئەم پرسە تەنیا بۆ ئەوە نییە کە لە هۆکارەکانی بردن و پەلکێشانی ئەو هەموو خەڵکە بێتاوانە بۆ نوگرەت سەلمان و پشت ئەشکەنجەدانی زیندانییەکان وەردببینەوە، بەڵکو لە پاڵ ئەمانە گرنگە کە وریا و هۆشیار بین کە دڵڕەقی و ڕق وقینە نەک هەر لەمڕۆی عێراق لە هەموو کاتێک زیاترە بەڵکو ئەم دیاردانە لەنێو کۆمەڵگەی کوردستانییش لە هەرێم بە زەقی هەستی پێدەکرێت.

ئەمانە هەموو پێمان دەڵێن کە ئێمە نەک ئەنفالمان تێنەپەڕاندووە بەڵكو ئەگەرەکانی جینۆساید و ئەنفالێکی دیکە زۆر بەڕوونی هەستی پێدەکرێت و نیشانەکانی دیارن، چ لە بوونی گرووپی چەکداری-عەقائیدی-تەلقیندراوی لە دەرەوەی یاسا، وەک گرووپە جیاجیاکانی حەشدی شەعبی، کە چەکدارکراون بە بیرۆکەی دژە-سوننەبوون و دژە-کوردبوون. لە بەدبەختی کۆمەڵگەی ئێمە ئەوا هەردووکیانە، هاوکات نیشانەکان لەو کار و کردارانەش دەبینرێن کە بەردەوام ئیش لەسەر ناشیرینکردنی کورد و کوردستان دەکرێت، کە تێیاندا کورد وەک بارگرانییەک و مشەخۆرێک لەسەر کۆمەڵگەی عێراقی نیشان دەدەن، ڕێک وەک ئەوەی کە نازییەکان لە ئەڵمانیا دەیان کرد پێش قەتلوعامکردنی جووەکان لە چلەکانی سەدەی ڕابردوو.

کوردستانیان، چ وەک کۆمەڵگە چ وەک دەسەڵات، چ وەک حیزب چ وەک کۆمەڵگەی مەدەنی، درکی ئەو خەتەرە نەکەن هەنگاوی پێویست نەهاوێن بۆ ڕێگری کردن لەو نیشانە و دیاردانەی کە ئاماژەیان پێکرا، ئەوا ڕووبەڕووی مەترسی ئەنفالێکی دیکە دەبنەوە، ئەمڕۆ نا سبەی.

عێراق مووچەی فەرمانبەران زیاد دەکات
پێشت عێراق مووچەی فەرمانبەران زیاد دەکات
هیچ كاندیدێك نەبووە سەرۆكی پەرلەمانی عێراق
دواتر هیچ كاندیدێك نەبووە سەرۆكی پەرلەمانی عێراق
ەیوەندیدار