فەرمانبەران و مامۆستایان زەنگی خۆپیشاندان لێدەدەن



دوابەدوای ڕوونكردنەوەكەی وەزارەتی دارایی هەرێم سەبارەت بە كورتهێنانی پارەی مووچە و دواكەوتنی دابەشكردنی مووچە، فەرمانبەران و مامۆستایان زەنگی دەستپێكردنەوەی خۆپیشاندان و بایكۆت لێدەدەن.

ماوەی 12 ڕۆژ تێپەڕیوە بەسەر مانگی 3دا و هێشتا چارەنووسی مووچەی مانگی 2ی مووچەخۆرانی هەرێم نادیارە، هەربۆیە فەرمانبەران و مامۆستایان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازییەوە بڕیاری دەستپێكردنەوەی خۆپیشاندان و بایكۆت دەدەن.

وەزارەتی دارایی عێراق ڕایدەگەیەنێت، كە لیستی مووچەی سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەكانی هەرێمی بە ناوخۆشەوە پەسەند كردووە و بڕی زیاتر لە 560 ملیار دیناری ڕەوانەی هەرێم كردووە، بەڵام وەزارەتی دارایی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، ئەو پارەیە كەمترە لە شایستەی مووچەی هەرێم و بەشی 59%ی موچە دەكات و 41%ی مووچەخۆران بێ‌ بەش دەبن لە مووچە و ئەوەش نایەكسانییە لەنێوان وەزارەتەكان.

ئەو ڕوونكردنەوەیەی وەزاتی دارایی هەرێم لەكاتێكدایە، كە مانگی پێشتر 618 ملیار دینار بۆ مووچە هات و بەوەش تەنها 50 ملیار دیناری كەمترە بۆ ئەم مانگە و بەپێی ئەو لیستەش نێردراوە، كە دارایی هەرێم بۆ دارایی عێراقی ناردووە بە هەموو وەزارەت و دامەزراوەكانەوە جگە لە وەزارەتی پێشمەرگە و هێزەكانی 70 و 80ی یەكێتی و پارتی.

مامۆستا عادل حەسەن، ئەندامی ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی لە پەیامێكی ڤیدیۆییدا ئاماژەی بەوەكردووە، وەزارەتی دارایی ڕوونكردنەوەی داوە، كە 390 ملیار دیناری كەمە بۆ مووچە، بەڵام ئەم ژمارەیە زۆر ناڕاستە بەپێی داتا و ئاماری خۆیان، كە 58 ملیاری كەمە لەگەڵ مانگی ڕابردوو لەكاتێكدا داهاتی ناوخۆ 320 ملیار دینارە.

وتوشیەتی، “ماوەی 45 ڕۆژ بەسەر دابەشكردنی مووچە ڕۆیشتووە و بەوەش لەم مانگەدا كە مووچەیان دواخستووە 460 ملیار دینار داهاتی ناوخۆیان هەیە و بەوەش 90 ملیار دیناری زیادە لە كۆی مووچە”.

ئاماەی بەوەشكردووە، “دەسەڵاتدارانی هەرێم نایانەوێت مووچەی فەرمانبەران و مامۆستایانی مەدەنی بدەن، كە عێراق ناردوویەتی بەپێی لیستی مووچە، چونكە دەسەڵاتێكی ئەمنی و سەربازییان هەیە، بۆیە ئەو جۆرە لێدوانانە دەدەن، بۆیە ئەگەر بیانەوێت بە هەر بیانوویەك مووچە دوابخەن ئەوا بەبێدەنگی تێپەڕ نابێت و مامۆستایانی ناڕازی هەڵوێستی توندیان دەبێت”.

 

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق: کۆمیسیۆن بەردەوام دەبێت لە خەرجکردنی بودجەی ھەڵبژاردنی ھەرێم
پێت ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق: کۆمیسیۆن بەردەوام دەبێت لە خەرجکردنی بودجەی ھەڵبژاردنی ھەرێم
پەرلەمانتارێک وەڵامی وەزارەتی دارایی هەرێم دەداتەوە
دوات پەرلەمانتارێک وەڵامی وەزارەتی دارایی هەرێم دەداتەوە
پەیوەندیدار