ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

راپۆرت

ئەم ڕەمەزانە بێبازاڕی ڕووی لەخورما فرۆشەكان كرد

سلێمانی – نزار جەزا
ئەو خواردنەی تەنها لەمانگی ڕەمەزاندا فرۆشی دەفڕێ خورمایە، بەڵام بەهۆی بێ پارەیی خەڵكەوە لەڕەمەزانی ئەمساڵدا فرۆشی نەفڕی.

كاتێك بەناو بازاڕی شاری سلێمانیدا گوزەرێك دەكەیت، بەردەوام قەڕەباڵغییەك دەبینرێت، بەڵام كاتێك گفتوگۆ لەگەڵ بەشێك لەدوكاندارەكان دەكەیت، دەردەكەوێت ئەم قەڕەباڵغییە بازاڕی ئەوانی گەرم نەكردووە.

بەهۆی ئەوەی خورما تەنها لەڕەمەزاندا فرۆشی زیاد دەكات، ئەمساڵیش خورمافرۆشەكان چاوەڕێبوون قازانجێكی باش لەفرۆشتنی خورما بكەن، بەڵام بەوتەی خۆیان بەخت یاوەریان نەبوو.

لەمبارەیەوە خورما فرۆشێك بەناوی ڕزگار محەمەد، كە 13 ساڵە كاری خورما فرۆشی دەكات، بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، ڕەمەزانی ئەمساڵ وەكو ساڵانی پێشتر نەبوو، چونكە ساڵانی پێشتر زیاتر لەئەمساڵ خورمایان دەفرۆشت، بەجۆرێك ساڵانی پێشتر ڕۆژانە بەبەهای نزیكی 450 هەزار خورمای دەفرۆشت، بەڵام ئەمساڵ بەبەهای دەوروبەری 150هەزار خورما دەفرۆشێت.

ئاماژەی بەوەشدا، هۆكاری ئەمەش دابەزینی نرخی خورما و زۆربوونی خورمایە، هاوكات لەگەڵ ئەمەشدا خەڵك كەمتر پارەی پێیە، بۆیە كەمتر خورما دەكڕێت.

نرخی خورما بەپێی جۆر و باشییەكەی دەگۆڕێت، بەنمونە یەكێك لەو خورمایانەی لەناوخورما فرۆشەكان بەخۆشترین داندراوە و خەڵك زۆر دەیكڕێت (بەرحی)یە، كە نرخەكەی لە 4 هەزار دینار بۆ شەش هەزار دینارە.

یەكێكی دیكە لەو خورمایانەی هەندێك كەسی تایبەت دەیكڕن خورمای (عەجوە)یە، كە خورمای مەدینەیە، بەڵام بەهۆی گرانی نرخەكەیەوە هەمووكەس ناتوانێت بیكڕێت.

لەم بارەیەوە ئارام محەمەدی خورما فرۆش، كە نزیكی هەشت ساڵە كاری خورما فرۆشی دەكات بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، 10 بۆ 12 جۆر خورمایان هەیە، كە نرخی كیلۆیەكیان لە هەزار و 500 دینارەوە تاكو 24 هەزار دینار دەڕوات، كە گرانترینیان جۆری (عەجوە)یە ئی مەدینەیە”.

ئەوەشی خستەڕوو، لەڕەمەزاندا خەڵك خورما زۆر دەكڕێت و فرۆشی زیاددەكات، بەڵام ئەمساڵ نرخی خورما دابەزیوەو فرۆشتنیشی كەمیكردووە، لەبەرئەوەی خەڵك پارەی پێ نییە.

خورما یەكێكە لەخواردنە گرنگەكانی مانگی ڕٍەمەزان، كە بەهۆی ئەوەی وزەیەكی زۆری تێدایە و پێغەمبەر محەمەد (د.خ) ڕۆژوی بەخورما شكاندووە، خەڵكانی موسوڵمانیش لەم مانگەدا خورما دەكڕن و لەئێواراندا ڕۆژووی پێ دەشكێنن.

راپۆرت

كاتی كاراكردنی زانكۆلاین دیاریكرا
سێ‌ بەشی دەرچووان لە خوێندنی خۆڕایی زانكۆ و پەیمانگاكان وەرگیران

خەڵك- بەشی هەواڵ
ئەمڕۆ سێ شەممە ڕێكەوتی 8-10-2019 ناوی دەرچووان لە زانكۆ و پەیمانگاكانی هەرێمی كوردستان ڕاگەیەنرا و بەپێی ئەنجامەكانی وەرگرتنیش ٧٤%ی دەرچووان لە خوێندنی بەخۆڕایی لە زانكۆ و پەیمانگا حكومیەكان وەرگیراون و خوێندكارانیش دەتوانن (لەم لینكەوە) ناوەكانیان بدۆزنەوە.

ئارام محەمەد، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەكۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، خوێندكاران سەرمایەی مرۆیی گرنگی ئەم هەرێمەن و ئێمە وەك وەزارەت تەواوی ئامادەكاری و پشتویوانیان دەبین بۆ سەركەوتنیان لەپڕۆسەی خوێندن، ڕاستە چەند سەرنج و تێبینییەك هەبوون لەبارەی دواكەوتنی ڕاگەیاندنی ناوی دەرچووان، بەڵام ئەم پڕۆسەیە پڕۆسەیەكی ورد و تەكنیكییە بۆیە ئێمە لەگەڵ وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر هێڵین بتوانین بۆ ئەوەی ئەم بابەتە زیاتر تاوتوێ بكەین و لەساڵانی داهاتوو ئەو كێشانە نەمێنێت.

كورسی خوێندن بەڕێژەی 30% لە حكومی خۆڕایی زیادكراوە
ئاشكراشی كرد، بەشێك لەهۆكاری دواكەوتنی ناوی دەرچووانیش پەیوەندی بەزیادكردنی پلانەوە هەبوو، كەسەرەتا زانكۆكان پلانیان زیاد كرد و دواتریش ئێمە وەك وەزارەت ڕیژەی 30%ی كورسی خوێندنی گشتیمان زیاد كرد ئەمەش لەپێناو ڕەخساندنی هەلی زیاتر بە دەرچووان.

ئارام محەمەد وتیشی، “بەگشتی ڕێژەی وەرگرتن بۆ ساڵی خوێندن بەم شێوەیە بووە ،بۆ پلانی بەخۆڕایی لەزانكۆ و پەیمانگاكان 74% و ئێواران 14% و پارالێڵ 8%، بەم شێوەیە بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠١٨-٢٠١٩) لە زانكۆ و پەیمانگە حكومییەكان دا (٤١٨٣٣) خوێندكار وەرگیران”.

ڕێژەی وەرگرتن دەبێت بە 100% لە خوێندنی خۆڕایی
لای خۆشیەوە خەتاب ئەحمەد شێخانی، بەڕێوەبەری گشتی خوێندن و پلاندانان و بەدواداچوون لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئەنجامی وەرگرتنی خوێندكارانی ڕاگەیاند و وتی، “وەزارەتەكەمان ماوەیەكە بەچڕی و ورد كار بۆ وەرگرتنی خوێندكاران لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان دەكات”.

وتیشی، “ئەمساڵ دەرچوانی خولی یەكەم و دوەمی قۆناغی (١٢)ی‌ ئامادەیی لە یەك كاتدا بەسیستمەكانی (زانكۆلاین، پارالێڵ و ئیواران) داوایان پێشكەش كرد كە (٣٨٢٨٤) دەرچوی پۆلی 12ی ئەمساڵ‌ فۆڕمی وەرگرتنیان لە زانكۆ و پەیمانگەكان پێشكەش كردووە، لە ئەنجامدا (٢٨١٨٥) خوێندكار، كە دەكاتە ڕێژەی 74% لەپلانی گشتی واتە خوێندنی بەخۆڕایی لە زانكۆ و پەیمانگە حكومیەكان بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠١٨-٢٠١٩) وەرگیران و (٣١٣٦) دەرچووی دیكەش كە دەكاتە 8% لەخوێندنی پارالێڵ وەرگیراون و ٥٥٤٤ دەرچووی دیكەش، كە دەكاتە ڕێژەی 14% لە خوێندنی ئێواران وەرگیراون بەوەش ڕێژەی وەرگرتن بریتیە لە (٩٦%)ە، ١٤٨١ خوێندكاریش كە دەكاتە ڕێژەی 4% بەهۆی هەڵە پڕكردنەوەی فۆڕم لەهەڵبژاردنی بەشەكان ناویان نەگەڕاوەتەوە و هاوكات ٣٠٥٢ كورسی بەتاڵیش لەزانكۆ و پەیانگاكان ماون بەپێشكەش كردنی سكاڵا ناوی ئەوانەش دەگەڕێتەوە و ڕێژەی وەرگرتن دەبێت بە لە 100%”.

كاتی دۆزینەوەی شوێنی وەرگرتن لە زانكۆكان
د.خەتاب ئەحمەد شێخانی، دەرچووانی پۆلی 12ی ئامادەیی ئاگادار كرد، كە ئێوارەی ئەمڕۆ، لە كاتژمێر (٥) بەدواوە لە ڕێگەی وێبسایتی ئەلیكترۆنی (www.regayzanko.com) بەبەكارهێنانی هەمان ناوی بەكارهێنەر و وشەی تێپەڕ (یوزەیەر نەیم و پاسۆرد) كە پێشتر فۆڕمەكانیان پێ‌ پڕكردبووەوە، دەتوانن ئەو شوێنە بدۆزنەوە، كە لێیی وەرگیراون.

دەچووانی ساڵانی دیكەش ناویان گەڕاوەتەوە
د.خەتاب شێخانی وتیشی، “جگە لەدەرچووانی ساڵی ٢٠١٩ دەرچووانی ساڵی پاریش، كە ناویان نەگەڕابووەوە داوایان پێشكەش كردووە، كە ژمارەیان ٦٧٩٣ خوێندكارە و ٩٦٥ دەرچوو ناویان لە پلانی گشتی واتە خوێندنی بەخۆڕایی گەڕاوەتەوە و ١٠٢٢ دەرچووش لە خوێندنی پارالێڵ و ٢٩٨١ دەرچووش لە خوێندنی ئێواران ناویان گەڕاوەتەوە و بەمەش ٤٩٦٨ دەرچووی ساڵانی ڕابردوو لەمساڵی خوێندن ناویان لە زانكۆ و پەیمانگاكان گەڕاوەتەوە و بەمەش لەگەڵ دەرچووانی ئەمساڵ كۆی وەرگیراوان ٤١٨٣٣ خوێندكار ناویان لە زانكۆ و پەیمانگاكان گەڕاوەتەوە”.

ماوەی سكاڵا 4 ڕۆژە
لەبارەی پێشكەش كردنی سكاڵاش د.خەتاب شێخانی ڕایگەیاند، ئەو دەرچووانەی سكاڵایان هەیە بەهەمان پاسوۆرد و یوزەرنەیمەوە دەچنە ناو سیستمەكە و دەتوانن سكاڵا پێشكەش بكەن، كە تا ئێوارەی ڕۆژی شەممە كاتژمێر ١٢ی شەو پێشكەش كردنی سكاڵا بەردەوام دەبێت.

ئاشكراشی كرد، بۆ دابەینی بەش و كۆلێژەكانیش بەهەمان پڕۆسە و لەنێو سیستمی وەرگرتندا دەرچووان دەتوانن داوای دابەزین بكەن.

ڕاستەوخۆڕاگەیاندنی ئەنجامی وەرگرتنی خوێندکاران لەزانکۆ و پەیمانگاکان۸/۱۰/۲۰۱۹

Posted by Xelk Media Network on Tuesday, October 8, 2019

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

راپۆرت

نرخی مۆلیدە ئەهلیەكان لە سلێمانی و هەولێر و دهۆك دیاریكرا

خەڵك- بەشی هەواڵ
نرخی ئەمپێری كارەبای مۆلیدە ئەهلییەكان بۆ مانگی ئەیلولی ڕابردوو لە شارەكانی (سلێمانی، هەولێر، دهۆك) دیاریكرا، كە لە سلێمانی كەمترین نرخ بووە بەهۆی باشی دۆخی كارەبا و كەمی كاتی كارەبای مۆلیدەوە.

مانگانە لەلایەن لیژنەی هاوبەشی ئاسایشی ئابووری و قائیمقامیەت و بەڕێوەبەرایەتییەكانی كارەبا و كۆمەڵەی مۆلیدە ئەهلییەكانەوە خوێندنەوە بۆ كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبای مۆلیدە دەكرێت و نرخی ئەمپێری كابەرای مۆلیدە دیاری دەكرێت.

سلێمانی كەمترین پارە بۆ هاووڵاتیان دێتەوە
قایمقامیەتی سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا، كە وێنەی دراوە بە (خەڵك) ئاماژەی بەوەكردووە، نرخی كاتژمێرێك ئەمپێری مۆلیدەی ئەهلی بۆ مانگی ئەیلول بە 42 دینار دیاریكرا و مۆلیدەكانیش بەتێكڕایی لە نێوان 50 بۆ 70 كاتژمێر كاریان كردووە، بەوەش نرخی یەك ئەمپێر كارەبا لە نێوان 2 هەزار بۆ 3 هەزار دینار دەبێت.

ئاماژە بەوەشدراوە، خشتەی پێدانی كارەبای مۆلیدە لە مانگی تشرینی‌ یەكەم، بەجۆرێك دەبێت، كە لە كاتژمێر 10 پێشنیوەڕۆ بۆ 2ی شەو لە ئامادەباشیدا دەبن، هەر كاتێك كارەبای نیشتمانی بڕا پێویستە كارەبای‌ مۆلیدە بۆ هاووڵاتیان دابین بكەن.

جەخت لەوە كراوەتەوە، پێویستە پاش كوژانەوەی كارەبای نیشتمانی 10 خولەك زیاتر بەسەر دابینكردنی كارەبای مۆلیدە تێنەپەڕێت، بەپێچەوانەوە، سەرپێچیكار ڕووبەڕووی یاسا دەكرێتەوە.

لە هەولێر نرخی ئەمپێرێك لە 5 هەزار زیاترە
قارەمان مەولود، سەرۆكی ئەنجوومەنی مۆلیدە ئەهلییەكانی هەولێر لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەداوە، مانگی 9 لە هەولێر بەشێوەیەكی گشتی 130 كاتژمێر بۆ 150 كاتژمێر كارەبای مۆلیدەی ئەهلی بە هاووڵاتیان و شوێنە بازرگانیەكان دراوە.

ڕاشیگەیاندووە، نرخی هەر ئەمپێرێك بە 42 دینار دیاری كراوە و تێكڕای نرخی هەر ئەمپێرێكی كارەبا لە هەولێر لە نێوان 5 هەزار و 250 دینار بۆ 7 هەزار و 250 دینارە.

سەبارەت بە نرخی كارەبای مۆلیدەی ئەهلی ناو بازاڕ بۆ هەر ئەمپێرێك دەگاتە 9 هەزار و 250 دینار.

لەناو دهۆك جیاوازی لە نرخ هەیە
لیژنەی باڵای مۆلیدە ئەهلیەكان لە پارێزگای دهۆك لە كۆنووسێكدا خشتەی كارەبا بۆ مانگی تشرینی یەكەم و نرخی ئەمپێری كارەبای مۆلیدە بۆ مانگی ئەیلول دیاری دەكات و ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی كاركردن لە ئۆڤەرپاسێك لە شەقامی بارزان لەناو دهۆك و بڕانی كارەبای نیشتمانی لە زۆر كاتدا، نرخی ئەمپێری مۆلیدە بە بەراورد بە شوێنەكانی دیكە 500 دینار زیاترە.

هەر بەپێی كۆنووسەكە، نرخی ئەمپێری كارەبای مۆلیدە بەپێی ناوچەكان دەبێت و كەمترین نرخ 4 هەزار دینارە و لە هەندێكە ناوچە دەگاتە 7 هەزار دینار.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

راپۆرت

ڕێبوارانی مەولەوی لەگەڵ دەنگی كەمال محەمەد شەربەت دەخۆنەوە

خەڵك – بەشی هەواڵ

كەم كەس هەیە جارێك بەشەقامی مەولەویدا تێپەڕیبووبێت و گوێی لە گۆرانییەكی كەمال محەمەد نەبووبێت، كە لە بڵندگۆی شەربەتخانەیەكی خنجیلەوە دێت لەناوەندی شەقامی مەولەوی لەسلێمانی.

شەربەخانەی كەمال محەمەد، شەربەتخانەیەكی بچوكە لەناوەندی شەقامی مەولەوی لەسلێمانی، كە ماوەی حەوت ساڵە بەردەوام گۆرانییەكانی هونەرمەند كەمال محەمەدی تێدا لێدەدرێت.

ئەم شەربەتخانەیە تەنها جێگەی دوو كەسی تێدا دەبێتەوە، بەڵام هاوڵاتیان بەپێوە لەسەر شەقامەكە ڕادەوەستن و بەدەم گوێگرتن لەگۆرانی كەمال محەمەد شەربەتێكی سارد دەخۆنەوە.

خاوەنی شەربەتخانەكە، كە ناوی (دەروون خالید)ە، لەوتووێژێكیدا لەگەڵ پەیامنێری (خەڵك) باسی لەئەوەكرد، كەمال محەمەد كە دێتەوە كوردستان سەردانیان دەكات و چەندجار لێرە شەربەتی خواردۆتەوە.

ئاماژەی بەئەوەشدا، هەندێك كەس دێن بۆ شەربەت خواردن و دەڵێن:”لەبەر گۆرانییەكە لامانداوە گۆرانییەكی خۆشە، كەمێك دەنگی زیاد بكە”، پاشان بەدەم گوێگرتن لە گۆرانییەوە شەربەتێك دەخۆنەوە.

بەوتەی خاوەن شەربەتخانەكە، هەندێك كەس هەیە بەتایبەت سەردانی شەربەتخانەكەی دەكەن، تەنانەت كەسی عەرەب هەبووە سەردانی كردوون و كەمال محەمەدی ناسیوە و زۆر گۆرانییەكانی پێ خۆشبووە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان