“پرسی مووچە یەکلایی بووەتەوە”



حکومەتی عێراق و هەرێم پابەندییان بە بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی عێراق نیشانداوە، پەرلەمانتارێکیش دەڵێت، “پرسی مووچە یەکلایی بووەتەوە”.

عەتوان عەتوانی، سەرۆکی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرایکرد، بۆ مانگی ئادار حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت پابەندبێت بە دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لەلایەن بانکە فیدڕاڵییەکانی عێراق.

عەتوانی ڕایگەیاند، بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی، حکومەتی عێراق پارەی مووچەی مانگی شوبات بۆ هەرێم دەنێرێت، بەڵام بۆ مانگی ئادار حکومەتی هەرێم دەبێت پابەندبێت بە بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی عێراق بە گواستنەوەی مووچە بۆ سەر عێراق و دابەشکردنی لە ڕێگەی بانکی فیدڕاڵییەکانەوە.

سەبارەت بە دواکەوتنی خشتەی بودجەی ساڵی 2023، عەتوانی ڕوونیکردەوە، خشتەکان دەبوو پێش کۆتایی ساڵی ڕابردوو ڕەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران بکرایە، بەڵام خشتەکان هێشتا لای دیوانی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و ئەمینداریەتی گشتی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی پلاندانانە بۆ ئەنجامدانی هەمواری پێویست بەگوێرەی مەرجەکانی ساڵی 2024.

عەتوانی پێشبینی کرد مانگی داهاتوو خشتەکان بگاتە ئەنجوومەنی نوێنەران، بە پابەندبوون بە هەموو ئەو بڕگانەی کە لە بودجەی ساڵی ڕابردوودا هاتووە سەبارەت بەو دامەزراندنانەی کە دەبێت بە ڕێککەوتن لەگەڵ وەزارەتی دارایی جێبەجێ بکرێن.

جەمال کۆچەر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، هەموو شتێک کە لە عێراقدا خەرج دەکرێت دەبێت بە گوێرەی یاسا بێت، مووچەی هەرێم لە خشتەی (ج)ی بودجەدا ئاماژەی پێکراوە و بڕە پارەیەکی بۆ تەرخانکراوە، بەڵام بەهۆی پابەندییەکانی حکومەتی هەرێمەوە ئاستەنگی بۆ دروست دەبێت، ئێستاش دادگای فیدراڵی ڕایگەیاندووە: نابێت مووچەی مووچەخۆران دوابخرێت، دەبێت ڕاستەوخۆ لەلایەن عێراقەوە لە ڕێگەی دروستکردنی هەژماری بانکی لە بانکە فیدڕاڵییەکانی عێراقەوە دابەشبکریت.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا حکومەتی عێراق پابەندە بە ناردنی پارەی مووچە بۆ هەرێم، بەبێ گوێدانە پابەندییەکانی هەرێم، دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمیش ڕاستەوخۆ لەلایەن بەغداوە دەبێت لە ڕێگەی کردنەوەی هەژماری بانکی لە بانکە حکومییەکانی عێراق، بۆیە دەتوانین بڵێین پرسی مووچە یەکلای بووەتەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، دەبێت حکومەتی هەرێم بۆ هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی ساڵی 2024، لە ناردنی خشتەکانی خێرا تر ببێت بۆ ئەوەی کێشەکە چارەسەر بکرێت.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی، دیوانی چاودێری دارایی حکومەتی فیدراڵی بەردەوامە لە سەردانەکانی بۆ هەرێم، بە چڕی کارەکانی لە وردبینی و بە دواداچوون لەسەر پرسی ناوی فەرمانبەران دەکات.

جەمال کۆچەر ئەوەشی خستەڕوو، لە پێش بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی نووسراوێکی فەرمی هەیە بە مەبەستی خەرجکردنی 3 مووچەی ساڵی ڕابردووی فەرمانبەران و ئاڕاستەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوە، بەڵام ئێستا بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی هەیە و نازانین هەماهەنگی چۆن دەبێت.

ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەشکرد، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە چوارچێوەی پشکی هەرێمدا بووە، هەر کەموکوڕییەک لە ڕێکەوتنەکە یان پشکەکەدا هەبێت، بەهۆیەوە مووچەخۆران زەرەرمەند دەبن.

لە بەرامبەردا ڕێباز حەملان یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، بەغدا نیەتی نییە هەرێمی كوردستان بمێنێت و هەر ڕۆژە و بیانوویەك دەگرێت، سبەینێ لیستی مووچە دەنێرین بۆ بەغدا و ئەو بیانووەشیان ناهێڵین.

هاوکات بڕیار رەشید، ئەندامى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، رایگەیاندووە لەم هەفتەیەدا بەغداد مووچەی مانگی شووبات دەخاتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و دوای گەیشتنى پارەکەش دابەشکردنی مووچەی مانگی دوو دابەشدەکرێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە ڕۆژی 21 مانگی شوبات دادگای فیدڕاڵی عێراق بڕیاری گواستنەوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی بۆ سەر عێراق دا، بەپێی بڕیارەکەش دەبێت مووچەخۆرانی هەرێم لە ڕێگەی هەژماری بانکییەوە لە بانکە فیدڕاڵییەکان مووچە وەربگرن.

ئەپیکور: مانگانە عێراق ملیارێک دۆلار لە داخستنی بۆردی نەوتی تورکیا زیان دەکات
پێت ئەپیکور: مانگانە عێراق ملیارێک دۆلار لە داخستنی بۆردی نەوتی تورکیا زیان دەکات
ئەو کەشتییەی حووسییەکان هێرشیان کردە سەر، نوقم بوو
دوات ئەو کەشتییەی حووسییەکان هێرشیان کردە سەر، نوقم بوو
پەیوەندیدار