وتەبێژی وەزارەتی دارایی: چاوەڕێی گەیشتنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵین، ئەو کاتە ڕێکاری خۆمان دەبێت



وتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، ڕایدەگەیەنێت کە پڕۆژەی هەژماری من هاوکار دەبێت بۆ وەرگرتنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم و جەخت لەوە دەکاتەوە کە پڕۆژەکە بە ڕەزامەندی بانکی ناوەندی عێراق بووە، بۆیە ئەوەی خوێندنەوەیان بۆی کردووە، پڕۆژەکە هیچ دژیەکێک دروست ناکات لەگەڵ بڕیارەکەی دادگای فێدڕاڵی چونکە ئەم بانکانەش ھەمووی بانکی ڕێگە پێدراوە.

لە هەرێم ملیۆنێک و ٢٠٠هەزار مووچەخۆر هەیە، لەو ژمارەیەش ٦٨٢ هەزاریان وەک فەرمانبەر لە وەزارەتی دارایی عێراق تۆمارکراون، ئەوەی دەمێنێتەوە بریتیین لە سوودمەندانی کۆمەڵایەتی، خانەنیشین و مووچەی شەهید و ئەنفالکراوان.

ڕۆژی ٢١ی ئەم مانگە دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق ڕایگەیاند کە نابێت مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان لە مووچە بێ بەش بکرێن و ئاماژەی بەوەشدابوو کە دەبێت مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێم ھاوشێوەی مووچەی مووچەخۆرانی عێراق بە نیشتمانی بکرێت و بۆ ئەم مەبەستەش وەک لە ڕاگەیاندەکان باسی لێوەکراوە، مۆڵەتی یەک مانگ دراوەتە هەرێم بۆ ئەوەی سەرجەم مووچەخۆران هەژماری بانکیان بۆ بکرێتەوە.

وەزارەتی دارایی هەرێمیش بە ئەستەمی دەبینێت بتوانن لە ماوەی یەک مانگدا، هەژماری سەرجەم مووچەخۆران بکەنەوە و جەختیش لەوە دەکەنەوە کە پڕۆژەی هەژماری من دەتوانێت هاوکاری ئەم بابەتە بێت و بۆ ئەم مەبەستەش هەنگاوی باشیان بڕیووە.

هونەر جەمال، وتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، “دیارە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق کە چەند ڕۆژێک لەمەو پێش دەرچووە، ھێشتا بە نووسراو و بە شێوەکی فەرمی نەگەیشتووەتە دەست ئێمە وەک وەزارەتی دارایی هەرێم، ئەوەی بڵاوبووەتەوە لە ڕاگەیاندنەکان وەک دەیبینین کۆمەڵێک ڕەهەندی یاساییی و دەتوانین بڵێین سیاسییشی هەیە، بەڵام ئێمە چاوەڕێ دەکەین دوای ئەوەی بڕیارەکان بە فەرمی دەگاتە ئێمە، ئەو کاتە وەڵام و بۆچوون و ڕێکاری خۆمان دەبێت”.

ڕۆژی دووشەممە، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق لەمیانی کۆبوونەوەی لەگەڵ لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند کە لە مانگی ئادارەوە مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بانکیەوە دەدرێت.

لەمبارەیەوە هونەر جەمال وتی: “سەبارەت بەوەی کە تایبەتە بە تەوتینی مووچەخۆران، ئەوە پڕۆسەیەکی تۆزێک ئاڵۆزە و لە بڕیارەکەی دادگا ئەوەی بڵاوبووەتەوە ڕوون نییە کە میکانیزمەکەی چۆنە، ئەوەی بیستوومانە وادەیەکی کەمە کە دیاریکراوە، ئەویش قابلی گفتوگۆیە چونکە عێراق خۆی لە ساڵی ٢٠١٦یەوە دەستی پێکردووە تا ئێستاش هەموو فەرمانبەران تەوتین نەکراون”.

سەبارەت بە پڕۆژەی هەژماری من و هاوکاریکردنی تەوتینی مووچەخۆران، هونەر جەمال دەڵێت: “پێش ئەو بڕیارەش، وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێم، پڕۆژەی هەژماری من-مان دەستپێکرد و، هەنگاوی زۆر باشی بڕیووە، ئێستا لە شاری هەولێر دەتوانین بڵێین بۆ فەرمانبەران کۆتایی هاتووە، هەروەها لە سلێمانی و دهۆکیش دەستمان پێکردووە و هەموو ئەو پڕۆژەیەش بە ڕەزامەندی بانکی ناوەندی عێراق بووە، بۆیە ئەوەی خوێندنەوەمان بۆی کردووە، ئەم پڕۆژەیە هیچ دژیەکێک دروست ناکات لەگەڵ بڕیارەکەی دادگای فێدڕاڵی چونکە ئەم بانکانەش ھەمووی بانکی ڕێگە پێدراوە، متمانە پێدراوی بانکی ناوەندی عێراقن، پڕۆژەکەش بەردەوامە و باوەڕناکەین ھیچ کێشەیەک دروست بێت”.

لەبارەی جیاوازی نێوان هەژماری من لە هەرێم و لە عێراق، وتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێم، هونەر جەمال گوتی: “لە هەرێم تا ئێستا دووسەد هەزار فەرمانبەر تۆمارکراون، ئەو پڕۆژەی ئێمە زۆر جیاوازە لەوەی عێراق، بۆ نموونە ئەوەی عێراق تەنیا کارتێکە و دەتوانی لە شوێنێک مووچەی پێ وەربگریت بەڵام ئەوەی لە هەرێم دەکرێت دەتوانێت چەندین خزمەتگوزاریی بانکیی بەدەستبخەیت، وەک کڕینی پێداویستی بە ئۆنلاین و ڕاکێشانی پارە، هیوادارم تا کۆتایی ئەمساڵ بەشێکی زۆری فەرمانبەران بتوانن هەژماری من دروست بکەن”.

هونەر جەمال وتیشی: “دیوانی چاودێری دارایی عێراق وردبینی لە ژمارەی مووچەخۆران و فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان کردووە، ھەموو مانگێک لە وادەی خۆیدا میزانی موراجەعە (وردبینی لە خەرجی و داهاتەکان) بۆ وەزارەتی دارایی عێراق نێردراوە”.

لە هەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و ٢٠٠ هەزار مووچەخۆر هەیە، لەو ژمارەیە ٦٨٢ هەزار مووچەخۆر لە عێراق تۆمارکراون، ئەوانی دیکە بریتین لە خانەنشین، سوودمەندانی چاودێری کۆمەڵایەتی و مووچەی شەهیدان لە عێراق تۆمار نەکراون و ئەمەش کێشەی خستووەتە نێو لیستی مووچەخۆرانی هەرێم.

لەمبارەیەوە گوتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێم، هونەر جەمال وتی: “ژمارەی فەرمانبەران و مووچەخۆران نزیکەی یەک ملیۆن و ٢٠٠هەزار کەسە، بەڵام لە عێراق ٦٨٢ هەزار تۆمارە، ئەوەی دەمێنێتەوە بریتیین لە خانەنشین، سوودمەندانی چاودێری کۆمەڵایەتی و مووچەی شەهید و ئەنفالکراوان و، دوای فەرمانبەران، هەژماری من بۆ ئەوانیش دەکرێتەوە”.

یەکێک لە کێشەکانی دوای تەواوبوونی هەژماری من، بابەتی یەکخستنی مووچەی خانەنشینانە چونکە لە عێراق بڕیارێک دەرچووە کە خانەنشینیی لە نێوان هەرێم و عێراق هاوتا بکرێت، لەمبارەیەوە هونەر جەمال ڕایگەیاند: “ئەم بابەتە پێشتر گفتوگۆی لەبارەیەوە کراوە، ئەویش پێویستی بە چارەسەری یاسایی هەیە، چارەسەرەکەش بەشێک دەبێت لە هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی فێدڕاڵ چونکە ئێمە چەند یاسایەکی خانەنشینیمان هەیە، بەداخەوە نەتوانرا ئەو یاسایانە یەکبخرێت، ئێستاش کە پەرلەمانی کوردستان کەوتووەتە بۆشایی یاسایی ناتوانرێت هیچ بکرێت بۆیە ئومێدەوارین ئەم بابەتە لەگەڵ حکوومەتی عێراق چارەسەر بکەین”.

لەگەڵ هاتنی مانگی ڕەمەزان نرخی گۆشت جێگیر دەکرێت
پێشت لەگەڵ هاتنی مانگی ڕەمەزان نرخی گۆشت جێگیر دەکرێت
وەزیری پەروەردە ڕۆژی دەستپیکردنی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵی ڕاگەیاند
دواتر وەزیری پەروەردە ڕۆژی دەستپیکردنی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵی ڕاگەیاند
ەیوەندیدار