یەكێتی دوای بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی بۆ هەڵبژاردن هەڵوێستی ڕاگەیاند



زیاد جەبار، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە خوولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان و سكاڵاكار لە بەردەم دادگای فیدڕاڵی لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دوای دەرچوونی بڕیارەكەی دادگا ڕایدەگەیەنێت، ماوەی 32 ساڵە و لە 1992ەوە لە هەرێم كار بە یاسایەكی هەڵبژاردن دەكرێت لەكاتێكدا لە عێراق لەدوای ساڵی 2003ەوە تا ئێستا 5 هەڵبژاردن كراوە و بۆ هەر هەڵبژاردنێك یاسایەكی نوێ‌ دەرچووە.

زیاد جەبار لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا پیرۆزبایی دەرچوونی بڕیارەكە لە هاووڵاتیان و كادرانی حزبەكەی دەكات و ڕایدەگەیەنێت، بەپێی ڕێككەوتنی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم لەنێوان یەكێتی و پارتی لەلایەك و پارتی و گۆڕان لەلایەكی دیكەوە، دەبوو لە خوولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان یاسایەكی نوێ‌ بۆ هەڵبژاردن پەسەند بكرێت یان ئەو یاسایەی هەیە هەموار بكرێتەوە.

زیاد جەبار وتی، “بەداخەوە لەماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا هەوڵماندا هەمواری ئەو یاسایە بكەینەوە و بە دەیان كۆبوونەوە لەنێوان سەرۆكی فراكسیۆنەكان و هێزە سیاسییەكان ئەنجام درا، دواجار سەرجەم فراكسیۆنەكان، كە پارتی و پێكهاتەكانی تیانەبوون پڕۆژەیەك ئامادەكرا تاوەكو هەمواری یاساكە بكەین، بەڵام ئەوەش تێنەپەڕێنرا”.

جەختیشی كردەوە، لەسەرەتاوە بەڵێنمان بە خەڵكی كوردستان دابوو، كە ئەو یاسای هەڵبژاردنی پێ‌ ئەنجام دەدرێت بەجۆرێك بێت كاتێك دەنگدەر دەچێتە سەر سندوقی دەنگدان، دەنگەكەی پارێزراو دەبێت و دەنگەكەی بۆ ئەو كاندیدەبێت، كە دەنگی پێ‌ دەدات.

وتیشی، “لە یەك بازنەییدا بۆمان دەركەوت، كە ناتوانرێت هاوسەنگی لە دەنگی نوێنەرایەتی ناوچەكانی هەرێم بپارێزرێت، چونكە كورسی شارێك، كە بەپێی دەنگەكانی دەبوو ژمارەیەك كورسی هەبێت كەمتر بووە بەراورد بە شارێكی دیكە، بۆیە بەپێی بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی دەبێت هەرێم بكرێتەوە چوار بازنەی هەڵبژاردن بۆ هاوسەنگی دەنگی دەنگدەرانی پارێزگاكان”.

ئاماژەی بەوەشكرد، پێكاتەكان خەڵكی ڕەسەنی هەرێمی كوردستان و دەبێت نوێنەرایەتی خۆیان بكەن نەك نوێنەرایەتی هێزێكی سیاسی بكەن، بۆیە ئێستا كە ئەو بڕیارەی دادگای فیدڕاڵی دراوە لە سەرانسەری هەرێم پێكهاتەكان دەنگی نوێنەرایەتی خۆیان دەبێت و لە پڕۆسەی سیاسی بەشدار دەبن.

زیاد جەبار ڕوونیشی كردەوە، ماوەی 32 ساڵە و لە 1992ەوە لە هەرێم كار بە یاسایەكی هەڵبژاردن دەكرێت لەكاتێكدا لە عێراق لەدوای ساڵی 2003ەوە تا ئێستا 5 هەڵبژاردن كراوە و بۆ هەر هەڵبژاردنێك یاسایەكی نوێ‌ دەرچووە، چونكە لەماوەی ئەو 32 ساڵەی هەرێم گۆڕانكاری زۆر گەورە لەڕووی كۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری و تەكنەلۆجیاوە ڕوویداوە، بۆیە دەبێت ئێمەش یاسایەكی نوێمان هەبێت بۆ هەڵبژاردن.

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە خوولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان دەشڵێت: “پیرۆزبایی لە خەڵكی كوردستان دەكەین، كە ئەو بڕیارەی دادگای فیدڕاڵی دەرچووە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن بە یاسایەكی نوێ‌ و دەبێتە هۆی پاراستنی دەنگی دەنگدەران”.

بڕیار بۆ تاپۆكردنی خانووەكانی گەڕەكی مەلاداود درا
پێت بڕیار بۆ تاپۆكردنی خانووەكانی گەڕەكی مەلاداود درا
به‌كر حه‌مه‌سدیق، بڕیارەکانی دادگا حکومەتی هەرێم و ناوەند پابەند دەکات
دوات به‌كر حه‌مه‌سدیق، بڕیارەکانی دادگا حکومەتی هەرێم و ناوەند پابەند دەکات
پەیوەندیدار