توێژینەوەیەک: وەرزشکردن دەرمانە بۆ چارەسەری خەمۆکی



توێژینەوەیەک ئاشکرایکردووە، وەرزشکردن ڕەنگە هۆکارێکی چارەنووسساز بێت بۆ هەستکردن بە باشتربوون لەکاتی تووشبوون بە خەمۆکی.

 

توێژینەوەیەک کە لەلایەن گۆڤاری پزیشکی بەریتانی “BMJ” بڵاوکراوەتەوە ئاماژەی بە سوودە بەهێزەکانی وەرزشکردن وەک چارەسەر کردووە لە چارەسەری خەمۆکی دا.

 

بەپێی توێژینەوەکەی گۆڤاری پزیشکی بەریتانی “BMJ” وەرزشەکانی وەک، پیادەڕەوی، ڕاکردن، یۆگا، تای چی، ڕاهێنانی ئایرۆبیک و ڕاهێنانی هێز، لەو وەرزشانانە کە هاوشێوەی دەرمان ڕۆڵ دەبینن لە چارەسەری خەمۆکیدا.

 

خەمۆکی چی یە؟

خەمۆکی نەخۆشیەکی دەروونیە کە دەبێتە هۆی خەم و بێزاری بەردەوام و لەدەستدانی پەیوەندی لەگەڵ کەسانی تردا.

 

کاتێک هەست کردن بەبێزاری و بێ تاقەتی و بێ ئوومێدی کەسێک چەند ڕۆژ یان چەند هەفتە زیاتری خایاند، ئەوا ئەو کەسە تووشی خەمۆکی بووە .

 

خەمۆکی دەتوانێت ببێتە هۆی تووشبون بە چەندین نەخۆشی دەروونی و جەستەیی، کەسانی خەمۆک لە ئەنجامدانی ئەرکەکانی ڕۆژانەیاندا بێ تواناو بێ ئیرادە دەبن.

 

بەپێی ماڵپەڕی کلینیکی مایۆ، خەمۆکی کاریگەری لەسەر هەست و بیرکردنەوە و ڕەفتاری کەسی تووشبوو هەیە و دەتوانێت ببێتە هۆی دروستبوونی چەندین کێشەی سۆزداری و جەستەیی.

 

بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، نزیکەی 280 ملیۆن کەس لە جیهاندا تووشی خەمۆکی بوون، کە بە ڕێژەی 3.8%ی دانیشتوانی جیهان دەخەمڵێندرێت.

 

دکتۆر مایکل نۆیتێل، نووسەری سەرەکی توێژینەوەکەو وانەبێژی دەروونناسی لە زانکۆی کوینزلاندی ئوسترالیا دەڵێت: خەمۆکی زیاتر لە قەرز، جیابوونەوە یان نەخۆشی شەکرە زیان بە مرۆڤەکان دەگەیەنێت.

 

نیوتێل ئاماژەی بەوەشکردووە، “وەرزشکردن یارمەتی چارەسەرکردنی خەمۆکی دەدات” و جەختی لەوەشکردووەتەوە کە “وەرزش بژاردەی چارەسەری بەهێز پێکدەهێنێت”.

 

هاوکات دکتۆر ئادەم شیکرۆد، یاریدەدەری مامۆستای دەروونی لە زانکۆی یێڵ لە بەشی پزیشکی ڕایگەیاند، ئەنجامی توێژینەوەکەی ئەم دواییە یەکدەگرێتەوە لەگەڵ ئەوەی زۆرێک لە توێژینەوەکانی دیکە سەبارەت بە سوودەکانی وەرزشکردن وتوویانە.

 

لە ساڵی ٢٠١٨دا، “توێژینەوەیەک” دەریخست، کە زیاتر لە یەک ملیۆن و ٢٠٠ هەزار ئەمریکی کە وەرزش دەکەن، تەندروستی جەستەیی و دەروونییان باشتر بووە.

 

شیکرۆد جەختی لەوە کردەوە: وەرزشکردن ڕێگەیەکی باشە بۆ چارەسەری خەمۆکی شانبەشانی بژاردەی دیکە، لەوانە چارەسەر بە دەرمان.

 

نویتل دەڵێت: چڕی ڕاهێنانەکان گەورەترین جیاوازی دروستکردووە، بەڵام ئاماژەی بەوەشکردووە “تەنانەت ڕۆیشتنی ئاسایش کاریگەری هەیە”.

 

ئەگەرچی زۆر کەس بەزەحمەت پاڵنەر بۆ وەرزشکردن دەدۆزنەوە و هەبوونی خەمۆکیش دەتوانێت ئەمە قورستر بکات، بەڵام نویتێل جەختی لەوە کردەوە کە دەتوانرێت “پاڵنەر” بدۆزرێتەوە بە بەشداریکردن لە گروپێکی شاخەوانی، لەشجوانی، فوتبۆڵ… هتد”.

یەکێک لە زیندانیکراوانی بادینان ئازاد کرا
پێشت یەکێک لە زیندانیکراوانی بادینان ئازاد کرا
زانیاری لەبارەی مووچەی مانگی شوبات بڵاوکرایەوە
دواتر زانیاری لەبارەی مووچەی مانگی شوبات بڵاوکرایەوە
ەیوەندیدار