قوباد تاڵەبانی: گەشبینین ئەمساڵ کێشە داراییەکان بە یەکجاری چارەسەر بکەین



جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، گەشبینە بەوەی ئەمساڵ کێشە داراییەکان لەگەڵ حکومەتی عێراق چارەسەر بکەن.

ئەمڕۆ چوارشەممە، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازیکرد لە شاندێکی ئاژانسی گەشەپێدانی فەڕەنسی و لە کۆبوونەوەیەکدا ڕایگەیاند، هەرێمی کوردستان دەرگای کراوەیە بەڕووی وەبەرهێنەرانی فەڕەنسیدا و لەمبارەیەشەوە ئامادەیە بۆ پێشکەش کردنی هەموو جۆرە هاوکاری و کارئاسانییەک.

وتیشی، ستراتیژی حکومەتی هەرێم بەهێزترکردنی کەرتی تایبەتە و لەم چوارچێوەیەشدا پرۆسەی پشتگیریکردنی وەبەرهێنەرانی ناوخۆی دەست پێ کردوە. ئاماژەی بەوەشدا بەهۆی ئەم سیاسەتەوە ساڵی رابردوو ئاستی وەبەرهێنانی ناوخۆیی لە کوردستان زیادی کردووە و بە تایبەتیش پارێزگای سلێمانی لەم رووەوە لەسەر ئاستی عێراقدا یەکەم بوو.

سەبارەت بە کۆسپەکانی بەردەم گەشەپێدانی ئابوری لە کوردستان و عێراق، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند یەکێک لە کێشە بنەڕەتییەکان نەبوونی داتای زانستییە و بەبێ بوونی داتای زانستی ناتوانین بڕیاری دروست و خێرامان هەبێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و پلانی گونجاو دابنێین بۆ گەشەپێدانی ئابوری. هەربۆیە ساڵی رابردوو شۆڕشی داتامان راگەیاند و وەک دەستپێک لە شاری هەڵەبجەوە دەست کراوە بە کۆکردنەوە و ئامادەکردنی داتای زانستی و ئەم پرۆسەیەش بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی کوردستان دەبێتە خاوەنی داتای زانستی لە هەموو بوارە جیاوازەکاندا.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی کێشە داراییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا. لەمبارەیەشەوە قوباد تاڵەبانی رایگەیاند هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بەردەوامن و گەشبینین لەمساڵدا بە یەکجاری ئەم کێشەیە چارەسەر بکرێت.

سەبارەت بە کەرتی کشتوکاڵیش قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا، کە لەم ساڵانەی دواییدا لە کەرتی کشتوکاڵدا هەنگاوی باش نراوە و وەزارەتی کشتوکاڵ پلانێکی تۆکمەی هەیە بۆ گەشەپێدانی ئەم کەرتە و حکومەتیش بەرچاوی روونە لە هەنگاوەکانی داهاتووییدا بۆ گەشەپێدانی کەرتی کەشتوکاڵ.

لە دوا پلەی جیهاندایە… ڕێژەی ژنانی عێراقی ئیشکەر چەندە؟
پێت لە دوا پلەی جیهاندایە… ڕێژەی ژنانی عێراقی ئیشکەر چەندە؟
هاووڵاتییانی هەرێم لە قەرز و پێشینەکانی عێراق سوودمەند دەبن<br>خەڵك وردەکاری بانکە نوێیەکە بڵاودەکاتەوە
دوات هاووڵاتییانی هەرێم لە قەرز و پێشینەکانی عێراق سوودمەند دەبن<br>خەڵك وردەکاری بانکە نوێیەکە بڵاودەکاتەوە
پەیوەندیدار