بەرپرسێکی پارتی: جێگری پارێزگاری نەینەوا بۆ ئێمە یەکلایی بووەتەوە



بەرپرسێکی پارتی ڕایدەگەیەنێت کە پۆستەکانی سەرۆکایەتی ئەنجومەن و پارێزگاری نەینەوا یەکلایی کراونەتەوە و پۆستی جێگری یەکەمی پارێزگاریش بۆ پارتی دەبێت.

ئەمڕۆ سێشەممە، مەحمود ئێزیدی، یاریدەدەری یەکەمی بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە موسڵ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی حزبەکەی ڕاگەیاند، “دوێنێ ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا یەکەم کۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدا و تێیدا سەرۆکی ئەنجومەن و جێگر و پارێزگاریش بە ڕێککەوتن دیاریکران.

ڕوونیشیکردەوە کە ئێستا تەنیا دوو جێگری پارێزگار ماون، جێگری یەکەم بۆ پارتی یەکلایی بووەتەوە، بەڵام گرفت لە نێوان کوتلەکانی دیکە لەسەر پۆستی جێگری دووەمی پارێزگار.

ئەوەشی خستەڕوو کە سوننەکان داوای پۆستی جێگری دووەمی پارێزگار دەکەن، بۆیە ئێستا گرفتی بەردەم ئەو دوو پۆستە جێگری دووەمی پارێزگاری نەینەوایە.

مەحمود ئێزیدی وتیشی: “ئەو دەنگۆیانە ڕاست نین کە باس لەوە دەکەن گرفتەکە بەھۆی ئەوەیە جێگری پارێزگاری یەکەم بۆ پارتی بێت، چونکە ئەوە یەکلایی بووەتەوە و تەنھا کێشە لەسەر پۆستی جێگری دووەمی پارێزگاری نەینەوا ھەیە، بۆیە بڕیارە ڕۆژی پێنچشەممە ئەنجومەن جارێکی دیکە کۆبێتەوە و ئەو دوو پۆستەش یەکلایی بکاتەوە”.

ئێزیدی باسی لەوەشکرد: “لەم دوو ڕۆژە رێککەوتن لەسەر پۆستی جێگری دووەمی پارێزگاریش دەکرێت و ڕۆژی پێنچ شەممە کاتژمێر دووی دوای نیوەڕۆ کۆبوونەوەی دیکە دەکرێت و ئەو پۆستەش یەکلایی دەکرێتەوە”.

بەرپرسەکەی پارتی دەشڵێت: “پۆستی زۆر دەمێنێت لە ئیدارەی خۆجێی نەینەوا و پارتیش بەپێی ئیستحقاقی ھەڵبژاردن پشکی خۆی لە پۆستەکانی دیکە وەردەگرێت، بەڵام ئەو پۆستانە رێککەوتنی لەسەر کرابوو یەکلایی دەکرێنەوە”.

 

وەزارەتی كارەبا كاتژمێری پێدانی كارەبای ڕاگەیاند
پێشت وەزارەتی كارەبا كاتژمێری پێدانی كارەبای ڕاگەیاند
وەزارەتی دارایی نووسراوێك ئاڕاستەی وەزارەت و دەستەکان دەکات
دواتر وەزارەتی دارایی نووسراوێك ئاڕاستەی وەزارەت و دەستەکان دەکات
ەیوەندیدار