مووچە دێت، مووچە نایێت…!!!



نووسەر: عەبدولواحید محەمەد

ئاشکرایە تا سەرەتای ساڵی ٢٠١٤ پارەیەکی بێشومار لە بەغداوە بۆ هەرێمی کوردستان دەهات، مووچە لە کات و ساتی خۆی دەدرا، بەشێکیش لە پارەکە بۆ پڕۆژەی جیاجیا خەرجدەکرا، بەشێکی دیکەش لە پارەکە گوم دەکرا و دەچووە هەژماری تایبەت، خەڵکیش دەیانزانی، بەڵام لەبەرئەوەی مووچەکان بێگرفت دەدرا، کەس دیقەتی خۆی نەدەخستەسەر ئەو بندزیە، هەر تەنها حەواڵەی خوایان دەکردن.

مخابن بەوە تێر نەبوون، بۆیە حەزیان چووە سەر دەرهێنانی نەوت و فرۆشتنی لە ژێر ناوی ئابووری سەربەخۆ، ئەوەی جێگەی باسکردن و وەبیرهێنانەوەیە، حکومەت و هەموولایەنە سیاسیەکان چوونە ژێرباری ئەو پڕۆسە گوماناویە، تەنانەت لیکاویشیان لە زار دەهاتەخۆارێ، کاتێک بازاڕچییەکان بانگەشە دۆلاری زۆر و زەوەند و بەهەشتی خەیاڵاوی و (دوبەی)ەکیتریان بۆ دەنواندن.

هەر ئەوێ دەمێ یاساناس و شارەزاکان لێکدانەوەیەکی زۆر جیاوازیان بۆ نواندنی بازاڕچییەکان و نیگەرانییەکی قوڵیشیان لەسەر هەموو ئەو خەیاڵ پڵاویەی و خەونە وەنەوشەییەکانیان هەبوو، بگرە بە کارەساتێکی گەورەشیان بۆ خەڵکی کوردستان لە قەڵەمدەدا.

لە ژێر ڕۆشنایی ئەو ڕاستییەی وێڕای ڕەهەندە یاساییەکەی و نەبوونی ڕێککەوتنی پێشوەختە لەگەڵ ناوەند، هەرگیز داگیرکەران و ناحەزان بە ئاسانی لێناگەڕێن کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لەو سەرخان و بنخانە خواپێداوە پڕبایەخەی هەیانە بەهرەمەند بن، مەگەر تەنها بەو مەرجەی پشکی شێر بۆ وان بێت و کەمێکیشی بۆ خاوەن ماڵ و ماف بێت.

مخابن ئەوەندەی ئەوان زۆریان وت کەچی بەرپرسە تێرنەبووەکان کەمیان گوێ ڕاگرت، ئەجیندا گوماناویەکانیان درێژە پێدا، سەرەنجام ئەوەی وێنایان کردبوو بۆ ئەو خەڵکە بەشمەینەتە کە ئیتر هەموو شتێک لە بڕێژدەبێت، ئیتر ناوەند دەبێت دەست و قاچەکانمان ماچ بکات، ڕاستە بۆ خۆیان و ئاغاکانیان بووە دۆلار بارین و ناز و نیعمەتێکی پۆست شاهانە.

بەڵام بۆ خەڵکە بەشمەینەتەکە ڕێک پێچەوانەکەی و بووە قۆڕێکی خەست هەتا چۆکان تێیکەوتن، هەموو شتێک بووە دیدار حەزرەت، مووچەش کە پێدراوێکی یاساییە هیچ تەئویل و تەفسیرەکی نابێت تێیدابکرێت، ئەویش بووە قوربانی سەرە گەورەکان.

لەوێ دەمێەوە تا ئەم ساتە بەردەوام ئەم دەستەواژە سواوە و نەشیاوە مووچە دێت… مووچە نایێت دەگوترێ و دەبیسترێ، لە پاڵ ئەوەشدا هەرچی وتە و وتەزای نەخوزار و دوور لە فەرهەنگی شەریفی کوردەواری وەکو دوادەکەوێت… چارەکە مووچە… پاشەکەوت… لێبێڕین… گونجاندن… کە هەموویان داهێنانی دەسەڵات بوون، بۆ خافاندنی مامۆستایان و فەرمانبەران بە مووچەوە لکێنران.

بە جۆرێک هیچ مانگێک نەبووە هەزاران ئاهوهەناسەی ساردی بۆ هەڵنەکێشرابێ، ئێستا گرفتەکان ئەوەندە گەورە بوون هیچ یەکێک لەم وڵاتە نەماوە نەیگرتبێتەوە، ئەوەتا پەروەردە لە گیانەڵڵا دایە، تەندروستیش هەر وەی، هەموو سێکتەرەکانی تریش بە بارێک کەموکوڕیەوە ڕۆژەکان دەبەنەسەر.

کێشەکانیش ئەوەندە وردبوونەتەوە تاکەکانی خێزانەکانیشی گرتۆتەوە، باوکان بە کۆڵێک خەمەوە، دایکانیش بە هەناسەی ساردەوە و سینگ هەڵماڵنی بەردەوام بەرامبەر ئەوانەی ئەو کارەساتەیان بۆ خوڵقاندن، کوڕان و کچانیش هەر مەپرسە لە چ دۆخێکی ناخهەژێنن.

ئەمە لەکاتێکدا بەرپرسە باڵاکان وەک ئەوەی نەباران بێت نە با، لە هیچی خۆیان کەمنەکردووە، سەفەر و سیاحەت، ئەمسەر و ئەوسەری دنیا کە پارەی بێشوماریشی بۆ خەرجدەکەن.

ئەمساڵ، نۆ ساڵە ئەم هەڵکشان و داکشانە بەرۆکی هەموو لایەکی گرتووە، لە حکومەت بێباکی لە خەڵکیش نزاکردن ئیتر ڕەوشەکە سەریکێشا بۆ قەدەغەکردنی نەوت فرۆشتن و جارێکیتر ڕوو لە بەغدا کردنەوە و ئابووری سەربەخۆش بووە بڵقی سەرئاو.

ئێستا هەموو چاوەکان لەسەر بەغدایە، کە کاتی خۆی بە هەژار و نەبوو لە قەڵەمدەدرا، بەغداش وەک ئەوەی (گۆکە کەوتبێتە بەر قاشۆی) مامەڵەدەکات، هەر جارێ بیانووێک دەدۆزنەوە، گوایە بۆ جەزرەبەدانی حکومەتی هەرێمە، بێ ئەوەی بیربکەنەوە ئەو جەزرەبەیە بۆ خەڵکەکەیە نەک لایەنە بەرپرسەکان، بە شێوەی دڵۆپاندن پارە دەنێرن، جارێک بە قەرز و جارێکیش سک سوتانەوە.

ئێستا هاتوونەتە سەر بەشە بودجە، هەر جارەش چەند مەرجێک دەهێننەوە، هەموو ئەوانە کۆبکەیتەوە هەر ئەوەیە دەبێت حکومەتی هەرێم ئەوەی لە یاسای بودجە هاتووە و ناوەند مەبەستێیەتی جێبەجێیانبکات، تاوەکو هیچ بیانووێک نەمێنێتەوە بۆ دەستی دەستی پێکردن.

بەڕاستی دۆخەکە زۆر دژواربووە و گەیشتۆتە ئاستێک خۆدزینەوە یان دیزە بە دەرخۆنەکردنی زانیاریەکان هیچی لێ شین نابێت، هەروەک تا هەنوکە هیچی لێ شین نەبووە، غەیری جەزرەبەدانی خەڵکەکە و مامۆستایان و فەرمانبەران، بە ئیمتیازیش تۆپەکە لە گۆڕپانی حکومەتی هەرێمە چونکە هیچ بەدیلێکی نییە و کارتەکانی کەڵکیان پێوەنەماوە، ئەوەی ماوە و هەیە دەستور و یاسای بودجەیە و بەس.

ئیتر با چیتر نەبینە پێخۆری ڕاگەیاندنەکان و پەرلەمانتارە قسەفرۆشەکان کە ڕۆژ نییە یەکێکیان نەیەتە سەرشاشەکان و فرمێسکی درۆینە بۆ مووچەخۆرانی هەرێم نەڕێژن، کەچی لەولاوەش هەر ئەوانن تەگەرە و کۆسپ لەبەر دەم ناردنی مووچە و هەموارکردنەوەی یاساکەی دروستدەکەن.

بەڕاستی ئەوە یارییەکی زۆر بێزرا و پێڕابواردنێکی زۆر ناشرینە، بۆیە نابێت ئەو شانۆگەریە ڕەزاقورسە کە هەردوولا ناوەند و حکومەتی هەرێم نواندنی تێدادەکەن لەوە زیاتر درێژەبکێشێت، هەرچی پێویستە دەبێت بکرێت بۆ ئەوەی ئیتر مووچە دێت، موچە نایەت ببڕێتەوە و بەس .

قوباد تاڵەبانی بۆ زانکۆی سلێمانی: مایەی شانازی هەموو لایەکمانە
پێشت قوباد تاڵەبانی بۆ زانکۆی سلێمانی: مایەی شانازی هەموو لایەکمانە
دانیشتنی ئەمڕۆ پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان بۆچی دواخرا؟
دواتر دانیشتنی ئەمڕۆ پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان بۆچی دواخرا؟
ەیوەندیدار