حاكم قادر: دەبێت حكومەتی هەرێم بەرپرسیارێتی دابینكردنی مووچە هەڵبگرێت



حاكم قادر ڕایگەیاند، مەترسییەكانی سەر هەرێمی كوردستان و گەلەكەمان تا دێن گەورەتر دەبن و ئێمەش لە جیاتی هەنگاونان بۆ ئەوەی یەكگرتووبین و ناكۆكییەكان وەلا بنێین، تەنها وەك تەماشاڤان سەیری ڕووداوەكان دەكەین.

لە میانی بەشداریكردنی لە سیمینارێكی پزیشكی، كە بۆ بەشە جیاوازەكانی پزیشكی و گەنجان و لاوان لە ھۆڵی خاك سازكرابوو، حاكم قادر حەمەجان وتارێكی پێشكەشكرد و ڕایگەیاند، تا دێت كەرتی تەندروستی گشتی لە هەرێم لە پاشەكشەدایە و نەبوونی دەرمانی پێویست بۆتە كێشەی سەرەكی بۆ سەرجەم نەخۆشخانەكان و ئەمەش لە بەرژەوەندی خەڵكی هەژاری هەرێمدا نییە.

ڕاشیگەیاند، هاوردەكردنی دەرمانی خراپ و بێ كوالێتی و خۆراكی ماوە بەسەرچوو، كە هەندێ جار بەبێ پشكنین لە كوالێتی كۆنتڕۆڵ لە لایەن ژمارەیەك كۆمپانیای مشەخۆرەوە هاوردە دەكرێت، كە ئەو كارە زۆر مەترسیدارە و پێویستە وەزارەتی تەندروستی و دامودەزگا پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێم ڕێگری لێ بكەن و ڕێكاری یاساییان بەرامبەر بگرنەبەر.

حاكم قادر باسی لەوەشكرد، كە خراپی پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان، دەرفەتی داوەتە دەست نەیاران و دوژمنانی گەلی كوردستان و ئەزموونەكەمان كە گورزی كاریگەر لە ئەزمونەكە بدەن بە مەبەستی نەھێشتنی و بەم پەرتەوازییەی نێوان لایەنەكان، هیچ لایەك توانای ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵەنگارییەكانی نەماوە و هەموومان وەك تەماشاڤان دەردەكەوین، لە كاتێكدا دەبوایە پێكەوە بە گوتار و ستراتیژییەكی هاوبەش ڕووبەڕووی تەحەدییەكان ببوینایەتەوە.

لە بارەی مووچەشەوە وتی، “دەبێت سنورێك بۆ یاریكردن بە قوتی هاووڵاتیان و بە سیاسی كردنی پرسی مووچە دابنرێت، ناكرێت چارەنوسی هاووڵاتیان بە كێشە سیاسییەكانەوە ببەسترێتەوە، دەبێت حكومەتی هەرێم بەرپرسیارێتی دابینكردنی مووچە هەڵبگرێت و بیانوو نەداتە دەست بەغدا تا بتوانن بە ئارەزووی خۆیان بڕیار لە ناردنی مووچە و قوتی هاووڵاتیان بدەن.

كامێرا جێگیرەكانی هاتووچۆ دەكەونەكار
پێشت كامێرا جێگیرەكانی هاتووچۆ دەكەونەكار
ئەمریكا سزای بەسەر سەرۆكی كۆمپانیایەكی فڕۆكەوانی عێراقیدا سەپاند
دواتر ئەمریكا سزای بەسەر سەرۆكی كۆمپانیایەكی فڕۆكەوانی عێراقیدا سەپاند
ەیوەندیدار