ڕاوێژكارێكی وەزارەتی پەروەردە: چوار مانگ زیاتر چۆن قەرەبووی خوێندن دەکرێتەوە؟



 

بایکۆتی مامۆستایان لەسنوری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین و کۆیە 100 ڕۆژی تێپەڕاند، بەڵام زۆربەی خوێندنگاکان هێشتا نەکراونەتەوە، جگە لە پۆلی 12ی ئامادەیی، ڕاوێژكارێكی وەزارەتی پەروەردەش دەڵێت: “من پێمخۆش بوو وەزارەتی پەروەردە و بەڕێوەبەرایەتییەکان دابخرانایە و ئەوان بهاتنایەتە سەرشەقام”.

دوای دەستپێکردنەوەی وەرزی دووەمی خوێندنیش وەزیری پەروەردە بڕیارێکی دەرکرد و بەپێی ئەو نووسراوە و قسەی وەزارەتی پەروەردە دوو داواکاری مامۆستایان جێبەجێ دەکرا لەدوای هەمواری یاسای بودجەی عێراق، بەڵام مامۆستایان ڕەتیانکردەوە و جارێکی تریش دوێنێ یەک شەممە ڕژانەوە سەرشەقام و خۆپیشاندانی فراوانیان ئەنجامدا .

مامۆستا نەجمەدین عەلی، ڕاوێژکار لە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ (دەنگی كوردی ئەمریكا) ڕایگەیاندووە، من پێمخۆش بوو وەزارەتی پەروەردە و بەڕێوەبەرایەتییەکان دابخرانایە و ئەوان بهاتنایەتە سەرشەقام، چونکە ئەگەر ئەوان ڕۆژێک کار نەکەن دەتوانن ڕۆژێکی تر قەرەبووی کارەکانیان بکەنەوە، بەڵام مناڵی خەڵک لە 13ی مانگی نۆوە تا ئێستا چوار مانگ زیاتر چۆن قەرەبووی خوێندنییان دەکرێتەوە؟!

ڕاشیگەیاندووە، من کاتێک لەسەر داواکاری مامۆستایان قسەم لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە کردووە، بەڵام وەڵامی وەزارەت بەمجۆرە بووە، سبەی ئەوان ئەو داواکارییانە جێبەجێ بکەن، بودجەی وەزارەتی پەروەردە بەرز دەبێتەوە، بەیانیش وەزارەتی تەندروستی داوا دەکات، دوایش وەزارەتەکانی تر، کە ئەمە لەتوانای حکومەتی هەرێم نیە، ناتوانین بچینە ژێرباری ئەو هەموو داواکاریانەوە.

ئەو ڕاوێژكارەی وەزارەتی پەروەردە دەڵێت: مامۆستایان مافی خۆیانە ئەو داواکاریانەیان هەیە، من دەسەڵاتدار نیم، ئەگەر من لەجێی حکومەتی هەرێم بوومایە هەموو شتێکم دەفەوتان نەمدەهێشت پڕۆسەی خوێندن بوەستێت،هەموو موڵک و ماڵی حکومەتم دەفرۆشت نەمدەهێشت پڕۆسەی خوێندن بوەستێت.

جەختیشی كردەوە، ڕاشکاوانە قسە بکەین کێشەی نەبوونی موچەی مامۆستایان هی ئەمساڵ نیە بڵێین ئەم سێ بۆ چوار مانگە مووچە نەبووە مامۆستایان بۆ ئەم سێ بۆ چوار مانگە بایکۆتییان کردووە، دڵنیام ئەگەر هەر ئەم سێ بۆ چوار مانگە بووایە مامۆستایان چاوپۆشییان دەکرد.

لای خۆشیەوە، مامۆستا عەتا ئەحمەد، جێگری سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان وتی، ” هیوادارین حکومەتی هەرێم بەزوترین کات واز لە عینادی بهێنێت، من لەوبڕوایەدام بەشێک لە چارەسەرنەکردنی کێشەی مامۆستایان مەسەلەکە تەنها عینادییە، سەرۆکایەتی حکومەتی عینادی لەگەڵ هاووڵاتی خۆی دەکات، دەستشکانەوەیەکە دەیەوێت بەمامۆستایان بڵێ من هیچیشتان بۆ ناکەم و واجبی سەرشانتانە بڕۆنەوە ناو ناوەندەکانی خوێندن، واتە شتەکە ئەوەندە قورس و ئاڵۆز نیە حکومەت پێی نەکرێت، ئێمەی مامۆستایان لەهەموو کەس پەرۆشترین بۆ کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان”.

ئاماژەی بەوەشكرد، کێشەکە ئەوەیە ئەم سەرۆکایەتیەی حکومەتی ئێستا بە سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەیەوە زۆر خۆیان بەگەورە دەزانن و نەمانبینیوون ڕۆژێک بێنە ناو مامۆستایانی ناڕازی یا لەگەڵییان کۆببنەوە بڵێن کێشەتان چیە و دانوستان بکەن بڵێن ئێمە هەرئەوەندەمان پێدەکرێت لەمکاتەدا هەر بەزمانی شیرین دەتوانن ئەمە بکەن، بەڵام بەداخەوە ئێمە وەک یەکێتی مامۆستایان بەفەرمی بەیاننامەیەکی چوار خاڵیمان ئاڕاستەی حکومەت کرد سەبارەت بەداواکاری مامۆستایان، کەچی بەیەک وشەش جوابیان نەدا و خۆیان زۆر بە زل دەزانن تەنانەت بە تەنها نەخێریش وەڵامیان نەداین، لەکاتێکدا ئێمە مامەڵە لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و هەموو لایەک دەکەین.

ڕاشیگەیاند، سەرەڕای خەمساردییەکەی حکومەت لە فەوتانی ئەو ماوە درێژەی خوێندن، تائێستا نەمانبینیووە و نەمانبیستووە لەماوەی ئەم چەند مانگەی پڕۆسەی خوێندن یەک کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی تەرخان نەکردووە بۆ کێشەی مامۆستایان و پڕۆسەی خوێندن، ئەی ئەمە بێ باکی و خەمساردی نەبێت چیە؟!

هاوكات، مامۆستا هێرش شەفیق، جێگری سەرۆکی لقی هەڵەبجەی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان دەڵێت: ماوەی نۆ ساڵە هەردوو کابینەی هەشت و نۆ ستەمێکی زۆریان لە مووچەخۆران و میللەتەکەی خۆیان کردووە، دەکرێت حکومەتی هەرێم وەفای بۆ میللەتەکەی خۆی هەبێت.

ڕوونیشی كردەوە، سەبارەت بەقەرەبووکردنەوەی پڕۆسەی خوێندن ئێمە وەک مامۆستایان بەئەرکی ئەخلاقی و ئینسانی و پەروەردەیی خۆمان دەتوانین قەرەبووی خوێندن بکەینەوە، بەڵام خۆ ئەم کارەساتە ئێمە وەک مامۆستایان بەسەر ئەم میللەتە و مامۆستایان و خوێندکاران نەهێناوە، بەڵکو ئەوە حکومەتی هەرێمە کەوای بەسەر ئەم میللەتە هێناوە.

هەروەها، مامۆستا بەرزان شەلال، سەرۆکی لقی کۆیەی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان ڕایگەیاند، ئەوەی حکومەتی هەرێم دەیەوێت بەڕێکردنە نەک دەوامکردن، واتە دەیەوێت خوێندنی ئەمساڵ تێپەڕێنێت ئەگەر بۆ چەند ڕۆژێکیش بووە، ئەمەش لەبەر دوو هۆکارە، ئەگەر بەبێ ئاگایی بێت کەنەزانێت داخستنی ناوەندی خوێندن چ کارەساتێکە، ئەگەر بەبێ باکیش بێت ئەوە کارەساتترە و ئەو چەند ڕۆژەشی، کە دەویەوێت دەوام بکرێتەوە و ئەمساڵ بەڕێبکات لەسەر حسابی مامۆستایان هەر لەبەر ئەو عینادیەیە، کە دەیکات و دەیەوێت قسەی خۆی سەربکەوێ.

ئاشكراشی كرد، ئەوە کارەساتێکی زۆر گەورەیە لەهیچ وڵاتێک ڕێگای پێنادرێت، دەکرێپ پەروەردە و خوێندن وەک گرنگی دڵ بۆ مرۆڤ بچوێنین کەبەداخەوە لە هەرێمی کوردستان خەریکە ئەو دڵە لەکار دەکەوێت، ئێمە مامۆستایین لەکارخستنی پڕۆسەی خوێندن چ کاریگەرییەکی لەسەر خوێندکارەکان هەیە، جا حکومەتی هەرێم باکی بەوە نیە تەنها دەیەوێت ئەو عینادیەی هەیەتی سەربکەوێ جا بۆ مانگێکە یا وەرزێکە دەرگای خوێندنگاکان بکاتەوە و خوێندکاران بپەڕنەوە بۆ پۆلەکانی داهاتوو.

 

لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق: بەمزوانە رەشنوسی بودجەی 2024 دەگاتە دەستمان
پێشت لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق: بەمزوانە رەشنوسی بودجەی 2024 دەگاتە دەستمان
شێوازی دابەشكردنی مووچەی 3 مانگی ساڵی ڕابردوو ئاشكراكرا
دواتر شێوازی دابەشكردنی مووچەی 3 مانگی ساڵی ڕابردوو ئاشكراكرا
ەیوەندیدار