شێوازی دابەشكردنی مووچەی 3 مانگی ساڵی ڕابردوو ئاشكراكرا



سەرەڕای چوونی چەندین شاندی هەرێم بۆ بەغدا و داواكردنی 3 مووچەی ساڵی ڕابردووی فەرمانبەران، كە تا ئێستا دابەش نەكراوە، بەڵام حكومەتی عێراق بڕیاریدا لە پارەی مانگی 1ی 2024 مووچە بۆ فەرمانبەرانی هەرێم بنێرێت و شارەزایەكی ئابووریش دەڵێت: “مووچەی ئەو سێ‌ مانگە هەردوو حكومەت بە هاوبەشی دابەشی دەكەن”.

ساڵی 2023 كۆتایی هات و هێشتا مووچەی مانگەكانی (10 و 11 و 12) دابەشنەكراوە و حكومەتی هەرێمیش لە ڕاگەیەنراوی كۆبوونەوەی هەفتەی پێشووی ئەنجوومەنی وەزیران ڕایگەیاند، كە دابەشكردنی ئەو سێ‌ مووچەیە لە ئەستۆی حكومەتی عێراقە و مافی مووچەخۆرانی هەرێمە هاوشێوەی فەرمانبەرانی عێراق مووچەكانیان وەربگرن.

دوابەدوای چوونەوەی شاندی هەرێم و دواتریش سەرۆكی هەرێم بۆ بەغدا و دوای گەیاندنی سكاڵای فەرمانبەران و مامۆستایانی ناڕازی بە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیران، دوێنێ‌ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بە ناردنی 618 ملیار و 500 ملیۆن دینار بۆ لەسەر پشكی بودجەی مانگی 1ی 2024 بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، بەڵام تا ئێستا حكومەتی هەرێم بڕیاری نەداوە بۆ مووچەی مانگی 10ی ساڵی ڕابردوو خەرجی بكات یان بۆ مووچەی مانگی 1ی 2024.

ڕێبین حەسەن، نووسەر و شارەزای ئابووری بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، بەپێی ئەو زانیاریانەی وەرم گرتووە لەدوای پاکتاوی دارایی شەش مانگی کۆتایی ساڵی 2023، سێ مووچەی مانگەکانی (10 و 11 و 12) حکومەتی عێراق و هەرێم بەهاوبەشی دابەشی دەكەن.

وتیشی، “حكومەتی عێراق لەگەڵ دەستكردن بە دابەشكردنی مووچە لە 18 بۆ 25ی مانگ، پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەنێرێت”.

ڕاوێژكارێكی وەزارەتی پەروەردە: چوار مانگ زیاتر چۆن قەرەبووی خوێندن دەکرێتەوە؟
پێشت ڕاوێژكارێكی وەزارەتی پەروەردە: چوار مانگ زیاتر چۆن قەرەبووی خوێندن دەکرێتەوە؟
وەزارەتی بازرگانی زانیاری لەسەر بەشەخۆراكی هاووڵاتیان بڵاودەكاتەوە
دواتر وەزارەتی بازرگانی زانیاری لەسەر بەشەخۆراكی هاووڵاتیان بڵاودەكاتەوە
ەیوەندیدار