تاقیكردنەوەی خوێندكاران دەستپێدەكات و چارەنووسی بایكۆت یەكلایی دەكرێتەوە



دوو ڕۆژی دیكە تاقیكردنەوەكانی وەرزی یەكەمی خوێندن لە هەرێمی كوردستان دەستپێدەكات، بەڵام هێشتا لە نیوەی هەرێم بایكۆتی خوێندن بەردەوامە و دوای كۆتایی هاتنی تاقیكردنەوەكان و دەستپێكردنی وەرزی دووەمی خوێندن چارەنووسی پڕۆسەی خوێندن لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕین و كۆیە یەكلایی دەكرێتەوە.

بڕیارە ڕۆژی (چوار شەممە 3-1-2024) تاقیكردنەوەكانی وەرزی یەكەمی قۆناغی بنەڕەتی لە پۆلەكانی چوار بۆ 11 لە بەشێكی هەرێمی كوردستان بەڕێوەبچێت، لە بەشەكەی دیكەشی بەهۆی بایكۆتەوە تاوەكو ئەمڕۆ دەوام نەكراوە جگە لە قۆناغی 12ی ئامادەیی و بەشێكی پۆلی 9ی بنەڕەتی.

بەهۆی بایكۆتی مامۆستایان و وانەبێژانەوە، تاقیكردنەوەكانی وەرزی یەكەم لە قوتابخانەكانی 13 پەروەردەی پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارە سەربەخۆكانی گەرمیان و راپەڕین و پەروەردەی كۆیە ئەنجام نادرێن بەهۆی ئەوەی دەوام نەكراوە و هیچ نەخوێندراوە، بۆ وەرزی دووەمیش مامۆستایان چاوەڕێی بەڵێنی هەردوو حكومەتی عێراق و هەرێم دەكەن بۆ هەمواری یاسای بودجەی گشتی و دەركردنی بڕیارێك لەلایەن حكومەتی هەرێم و وەزارەتی پەروەردەوە بۆ جێبەجێ‌ كردنی داواكانی مامۆستایان و فەرمانبەران تاوەكو دەرگای خوێندنگەكان بكرێنەوە.

كارۆخ عەبدوڵڵا، نوێنەری گشتی مامۆستایانی وانەبێژ بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، تاوەكو ئەمڕۆ لە 13 بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە دەوام نەكراوە تاوەكو تاقیكردنەوە بكرێت و دیاریش نییە كەی دەوام دەستپێدەكاتەوە.

داواكاریی مامۆستایانی دامەزراو و وانەبێژ كە بایكۆتیان ڕاگەیاندووە بۆ دەستپێكردنەوەی خوێندن چەند خاڵێكن؛ كە بریتین لە: “پلە بەرزكردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران، دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ، پێدانی مووچەی 30 ڕۆژ جارێك و دیاریكردنی چارەنووسی مووچە پاشەكەوتكراوەكان”.

لە هەرێمی كوردستاندا نزیكەی ملیۆنێك و 800 هەزار خوێندكار هەن؛ بەهۆی بایكۆتی مامۆستایانەوە لە سنووری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە، هەروەها ئیدارەكانی گەرمیان، راپەڕین و پەروەردەی كۆیە، نزیكەی 700 هەزار خوێندكار كە دەكاتە نزیكەی 40% كۆی خوێندكاران دەوامیان نەكردووە.

لە بەشێكی میدیاكان هەواڵی ئەوە بڵاوكرایەوە، كە وەزیری پەروەردە لەگەڵ بەڕێوەبەری پەروەردەكانی سنووری سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕین و پارێزگارەكان و سەرپەرشتیاری ئیدارەكان كۆبۆتەوە و “بەڵێنی جێبەجێ‌ كردنی داوای مامۆستایان و فەرمانبەرانی لە پلەبەرزكردنەوە و دامەزراندنی وانەبێژان داوە دوای هەمواركردنی یاسای بودجەی عێراق”.

لای خۆشیەوە، د. غالب محەمەد، ئەندامی خوولی پێشووی پەرلەمانی عێراق بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، لە دیدارێكی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەگەڵ نوێنەرانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی یاداشتێكیان پێشكەش بە سەرۆك وەزیران كرد، كە لە چەندین داواكاری پێكهاتووە وەك “گواستنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ سەر عێراق و مووچەكانیان لە سەر بانكی عێراقی وەربگرن لەگەڵ كردنەوەی لقی بانكی ڕەشید و ڕافیدەین لە هەرێم و دەستپێكردنی پلەبەرزكردنەوە و دامەزراندنی وانەبێژەكان”.

ئاگر لە مۆڵێكی گەورەی هەولێر كەوتەوە
پێشت ئاگر لە مۆڵێكی گەورەی هەولێر كەوتەوە
دابەشكردنی بەنزینی 750 دیناری دەستی پێكردەوە
دواتر دابەشكردنی بەنزینی 750 دیناری دەستی پێكردەوە
ەیوەندیدار