شەپۆلێكی دیكەی بارانی بەلێزمە و بەفر هەرێم دەگرێتەوە



شارەزایەكی كەشناسی پێشبینییەكانی بۆ دۆخی كەشوهەوای هەرێمی كوردستان ڕووندەكاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، باران بارین بەردەوام دەبێت و شەپۆلێكی دیكەی بارانی بەلێزمە چەند شارێكی هەرێم دەگرێتەوە و بەفر لە ناوچە شاخاوییەكان دەبارێت و دەشڵێت: “كاریگەری شەپۆلەكە تاوەكو ئێوارەی دوو شەممە دەمێنێتەوە”.

ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) وتی، “لەئەنجامی بەردەوامی کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاست، سبەی یەک شەممە 24/12/2023 ئاسمانی زۆربەی ناوچەکانی ھەرێم بەدرێژایی کاتەکان ھەوری باراناوی ئەبێت و لەناوچەکانی سنوری پارێزگای دھۆک کاریگەری شەپۆلەکە لاواز ئەبێت و ئاسمان زیاتر ئەگۆرێت بۆ نیمچە ھەور و ھەندێک کات و ناوچە ئەگەری تاوە باران و ھەورە بروسکە ئەبێت.

وتیشی، “لەسنووری پارێزگای ھەولێر و ئیدارەی ڕاپەڕین و شاخاوییەکانی لە زۆربەی کاتەکان بارانی مامناوەند ئەبێت ھەندێک کاتیش ھەورە بروسکە چالاک ئەبێت لەگەڵ بەردەوامی بەفر بارین لە چیا بەرزەکاندا، لەسنوری پارێزگای سلێمانی و ناوچە شاخاوییەکانی کاریگەری شەپۆلەکە بەھێز ئەبێت و زۆربەی کاتەکان بارانی مامناوەند و ھەندێک کاتیش بارانەکە بەلێزمە ئەبێت و ھەورە بروسکە چالاک ئەبێت و بەفر بارین لە چیا بەرزەکاندا”.

ڕوونیشی كردەوە، لەسنوری پارێزگای ھەڵەبجە ھەندێک کات بارانی مامناوەند و پچڕ پچڕ ئەبێت و لەناوچەکانی سنووری پارێزگای کەرکوک و ئیدارەی گەرمیان ئاسمان زیاتر نیمچە ھەور و ھەندێک کات تاوە بارانی رێژە مامناوەند ئەبێت و پلەی گەرمی بەراورد بە ئەمڕۆ جێگیر ئەبێت و خێرایی با زۆربەی کاتەکان لەئاراستەی باشوور و باشووری ڕۆژئاوای چالاک ئەبێت بەخێرایی 15 تا 30کم لەکاتژمێرێکدا.

ئەو شارەزایەی كەشناسی پێشبینی ئەوەشی كرد، “کاریگەری ئەم شەپۆلە لە بەیانی ڕۆژی دوو شەممەوە 25/12/2023 لاواز ئەبێت و لەناوچەکانی سنووری پارێزگای ھەولێر و دھۆک و کەرکوک و گەرمیان کۆتایی پێدێت، بەڵام بەلاوازی لەناوچە شاخاوییەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارەی ڕاپەڕین و ناوچە شاخاوییەکانی خۆرھەڵاتی پارێزگای ھەولێر تا کاتەکانی ئێوارەی دوو شەممە بەردەوامی ئەبێت و پاشان لەم ناوچانەشدا کۆتایی پێدێت”.

 

ژنێك لەسەر دزینی 90 هەزار دۆلار دەستگیركرا
پێشت ژنێك لەسەر دزینی 90 هەزار دۆلار دەستگیركرا
ڕێككەوتنێكی نوێی نێوان هەولێر و بەغدا ڕاگەیەنرا
دواتر ڕێككەوتنێكی نوێی نێوان هەولێر و بەغدا ڕاگەیەنرا
ەیوەندیدار