ئەو پارەیەی لە فۆڕمی حاجییان وەرگیراوە چەندە و چی لێ‌ دەكرێت؟



دوابەدوای ڕاگەیاندنی پڕكردنەوەی فۆڕمی حاجییان و دانانی ڕسوماتی 25 هەزار دینار بۆ فۆڕمەكە، زیاتر لە 56 هەزار فۆڕم پڕكرایەوە و بەوەش داهاتی فۆڕمەكە گەیشتە زیاتر لە ملیارێك و 400 ملیۆن دینار، بەڵام تەنها ناوی 1670 كەس لە تیروپشك دەرچوو بۆ وەرزی حەجی داهاتوو، وەزارەتی ئەوقافی هەرێمیش دەڵێت: “ئەو پارەیەی وەرگیراوە بۆ پێداویستییەكانی حاجییان خەرج دەكرێتەوە”.

دوێنێ شەممە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی سەر بە وەزارەتی ئەوقافی هەرێم تیروپشكی بۆ ناوی ئەو كەسانە كرد، كە فۆڕمی حەجیان بۆ ساڵی 2024 پڕكردۆتەوە و ئاشكرای كرد، زیاتر لە 56 هەزار كەس فۆڕمی داواكارییان بۆ حەج پڕكردەوە و بەپێی تیروپشكەكە هەزار و 670 كەس ناویان بۆ حەجی وەرزی داهاتوو دەرچووە.

بۆ بەدواداچوونی بڕی ئەو داهاتەی لە پێدانی فۆڕمەكان دەست وەزارەتی ئەوقاف كەوتووە و پرسیاری هاووڵاتیان سەبارەت بەوە ئایا ئەو پارەیە دەگەڕێنرێتەوە بۆ ئەو كەسانەی ناویان لە تیروپشك دەرنەچووە؟ (خەڵك) پەیوەندی كرد بە وەزارەتی ئەوقافی هەرێمەوە.

نەبەز ئیسماعیل، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی حكومەتی هەرێم بۆ (خەڵك) وتی، “ئەو بڕە پارەیەی هاووڵاتیان دەیدەن لەكاتی پڕكردنەوەی فۆڕمی حەجدا ناچێتەوە وەزارەتی دارایی، بەڵكو دەدرێت بە بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرە و ئەوانیش لەگەڵ ئەو پاڵپشتیەی، كە حكومەتی هەرێم ساڵانە دابینی دەكات خەرجی دەكەن بۆ حاجیان.

وتیشی، “ساڵانە حكومەتی هەرێم 500 هەزار دۆلار خەرج دەكات بۆ حاجییان، چونكە ئەو پارەیەی لە حاجییان وەردەگیرێت، كە 4 هەزار و 300 دۆلارە بڕی 2 هەزار و 800 دۆلاری دەدرێت بە عێراق و ئەو بڕەی تری دەمێنێتەوە بەشی خەرجی مانگێكی حاجییان ناكات، بۆیە حكومەت ئەو بڕە پارەیەی وەك پاڵپشتی دابین كردووە و هەروەها ئەو پارەیەشی لە فۆڕمی حاجییان وەردەگیرێت بەهەمان شێوە خەرج دەكرێتەوە بۆ حاجییان”.

جەختیشی كردەوە، ئەو پارەیە خەرج دەكرێت لەپێناو ئەوەی شوێنی مانەوەی باش و خزمەتگوزاری باش بۆ حاجییان دابین بكرێت.

سودانی بڕیارێکی بۆ دەنگدان دەرکرد
پێشت سودانی بڕیارێکی بۆ دەنگدان دەرکرد
هاتووچۆی هەڵەبجە هاووڵاتیان ئاگادار دەکاتەوە
دواتر هاتووچۆی هەڵەبجە هاووڵاتیان ئاگادار دەکاتەوە
ەیوەندیدار