“لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم 10 مووچەی تەواو نەدراوە بە مووچەخۆران”



مامۆستایەك ئاشكرای دەكات، كە نزیكەی 35 ملیۆن دیناری لای حكومەتی هەرێمە  و بەڕێوەبەری گشتی ڕێکخراوی گەشەپێدانی ئابوری کوردستان لەبارەی دانەوەی پاشەکەوتی مووچە ڕایگەیاند، کاتی دەوێت لەو بڕوایەدام بە ئاسانی نەدرێتەوە، بەڵام چاوەڕوانی دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانین.

بەپێی ئەو زانیاریانەی، کە لە لایەن بەڕێوەبەرێکی بەرێوەبەرایەتی ژمێریاری پەروەردەی گەرمیان دراون بە (دەنگی ئەمەریکا) لەساڵی 2015 چوار مووچەی تەواو دابەشنەکراوە و لە تەواوی مانگەکانی 2016 ش چارەکە مووچە دراوە بەمووچەخۆران و بۆ ماوەی 11 مانگی ساڵی 2017 ش بەهەمان شێوە مووچە دابەشکراوە و ئەوەی نەدراوە کرا بە پاشەکەوت، کەچی لە 2018 پاشکەوت گۆڕانکاری بەسەردا هات و ڕێژەی پاشەکەوتەکە لە نێوان 15% تا 25% بوو بۆ تەواوی مانگەکان و لە 2020 یش 7 مووچەی تەواو نەدراوە و 4 مووچەش بەلێبڕینەوە دراوە.

کەنعان ڕەحمان، یەکێکە لەو مامۆستایانەی کە ساڵانێکی زۆرە خزمەت بە کەرتی پەروەردە دەکات و کۆی گشتی ئەو پارانەی، کە لە لای حکومەتە ڕووندەکاتەوە و دەڵێت: ” لە 2015 بڕی 3 ملیۆن و 19 هەزارم لەلای حکومەتە بەناوی پاشەکەوتەوە، هەروەها لە 2016 بڕی 5 ملیۆن و 532 هەزار و لە 2017 بڕی 6 ملیۆن و 359 هەزار و لە ساڵی 2018 بڕی دوو ملیۆن زیاتر و لە 2020 بڕی 7 ملیۆن و 311 هەزار و لە 2023 بڕی یەک ملیۆن و 18 هەزار دینارم لەلای حکومەتە، واتا گەر کۆی بکەینەوە دەکاتە 27 ملیۆن و 375 هەزار دینار.”

ئەو مامۆستایە وتیشی، ” گەر پلەبەرزرکردنەوەم بۆ بکرایە ئەوە بڕی 6 ملیۆنی ترم دەکەوتە لای حکومەت، واتا ئێستا دەیکرد بە نزیکە 35 ملیۆن دینار.”

لە 25ی مانگی 3ی ئەمساڵ دادگای نێوبژیوانی پاریس بڕیاریدا بە ڕاگرتنی نەوتی کوردستان لە ڕێگای تورکیاوە، ئەوەش وایکرد قەیرانەکان لەهەرێمی کوردستان زیاتر قوڵبکاتەوە و مووچەی مووچەخۆران بکەوێتە بەرداشی نێوان دوو حکومەت و هەریەکەیان ئوباڵی دابەشنەکردنی بخەنە ئەستۆی یەکتر.

ئایە پاشەکەوتی مووچە کەی دەدرێتەوە؟

حسام حەکیم بەرزنجی، بەڕێوەبەری گشتی ڕێکخراوی گەشەپێدانی ئابوری کوردستان لەبارەی ئەوەی حکومەتی ئێستا توانای دانەوەی پاشەکەوتی مووچەی مووچەخۆرانی هەیە؟ ڕایگەیاند، “کاتی دەوێت لەو بڕوایەدام بە ئاسانی نەدرێتەوە، بەڵام چاوەڕوانی دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانین بزانین ئایا گۆڕانکاری دەبێت یاخود نا، گۆڕانکاری دەبێت لە سیاسەتی دارایی و ئابووری هەرێم یان نا، ئەو کات دەکرێت مووچەخۆران مانگانە شتێکیان بۆ بگێردرێتەوە، یاخوود لەگەڵ بەغداد ڕێک بکەون لە داهاتی ئەو نەوتەی بەگران دەفرۆشرێت یان ئەوەی، کە نرخی نەوت بەرز دەبێتەوە لەوە پاشەکەوت بدرێتەوە.”

وتیشی، “دەکرێت لە هەمواری بودجەدا کارێک بکرێت یاخود بەغدا هاوکار بێت لە دانەوەی پاشەکەوت ئەم سەرچاوانە هەیە، بەڵام لە ئێستا دا هیچ ئومێدێک نیە تاوەکو پەرلەمانی تازە هەڵنەبژێردرێت، یان لەساڵی ئایندە بەتەواوی پێش چاو ڕوونی دەبێت.”

مەسرور بارزانی پێشوازى له‌ جینین پلاسخارت کرد
پێشت مەسرور بارزانی پێشوازى له‌ جینین پلاسخارت کرد
پارێزگایەك بووە یەكەمی ئاستی بەشداری هاووڵاتیان لە دەنگدان
دواتر پارێزگایەك بووە یەكەمی ئاستی بەشداری هاووڵاتیان لە دەنگدان
ەیوەندیدار