پێشبینی دەکرێت هاوڵاتیان بەرێژەیەکی کەم بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکاندا بکەن



شڕۆڤەکاری سیاسی، ئیحسان شەمەری دەڵێت، ” پێشبینی دەکەم بەھۆی بەشدارینەکردنی ڕەوتی سەدر لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، ڕێژەی دەنگدان لە نێوان ٪١٠ بۆ ٪١٥ کەم بێتەوە”.

هاوکات، خالید دەبوونی کە شرڤەکارێکی دیکەی سیاسییە دەڵێت، “پێشبنی دەکەم بەھۆی بەشدارینەکردنی ڕەوتی سەدر لە ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، لایەنە سوننەکان زۆرترین کورسی لەو پارێزگایانە بەدەستبھێنن کە سوننە و شیعە بەتێکەڵاوی تیایاندا نیشتەجێن”.

بڕیارە رۆژی ١٨ی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ، ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە ١٥ پارێزگای عێراق ئەنجام بدرێت، بەڵام ڕەوتی سەدر کە بە گەورەترین پێکھاتەی شیعە دادەندرێت، ئەوا بەشداری لە پڕۆسەکەدا ناکات.

ھاوکات پارتی تەقەدووم کە بە گەورەترین پێکھاتەی سوننە لە عێراق دادەندرێت و لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا بەشدارە، بە دۆخێکی خراپدا تێپەڕدەبێت، ئەوەیش بەھۆی ئەوەی کە لە مانگی ڕابردوودا، سەرۆکی ئەو پارتە، محەمەد حەلبووسی بە بڕیاری دادگای باڵای فیدڕالی، لە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەران دوور خرایەوە.

ڕۆژی ١٣ی مانگی تشرینی دووەم سەرکردەی ڕەوتی سەدر، موقتەدا سەدر ڕایگەیاند کە بەشداری لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا ناکەن و داوایشی لە سەدرییەکان کردبوو کە ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، بایکۆت بکەن.

هاوکات ڕۆژی ١٣ی ئەم مانگە، موقتەدا سەدر داوای لە سەدرییەکان کرد، ھێرش نەکەنە سەر ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کە بە ھەڵبژاردنی “گەندەڵکاران” وەسفی کردووە.

بڕیارە ڕۆژی ١٦ی ئەم مانگە دەنگدانی تایبەت کە هێزە ئەمنییەکان و ئاوارەکان دەگرێتەوە بەڕێوەبچێت و ڕۆژی ١٨ی مانگیش دەنگدانی گشتی لە ١٥ پارێزگای عێراق بەڕێوەبچێت.

دوو شڕۆڤەکاری سیاسی بۆچوونیان جیاوازە لەسەر کاریگەریی دوورخستنەوەی محەمەد حەلبووسی لە ئەنجوومەنی نوێنەران لەسەر ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، بەڵام لەوەدا ھاوڕان کە بەشدارینەکردنی ڕەوتی سەدر لە ھەڵبژاردنەکەدا، بەشێوەیەکی بەرچاو کاریگەریی لەسەر کەمبوونەوەی ڕێژەی دەنگدان دەبێت.

ئیحسان شممەری لەبارەی کاریگەریی دوورخستنەوەی محەمەد حەلبووسی لەسەر ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان ئاماژەی بەوەکردووە، “بە بۆچوونی من، دوورخستنەوەی محەمەد حەلبووسی لە ئەنجوومەنی نوێنەران، نەک کاریگەریی لەسەر ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان نابێت، بەڵکو ڕکابەریی نێوان پارتەکان بە تایبەتی لایەنە سوننەکانی نێو پارێزگاکانی ڕۆژئاوای عێراق زیاتر کردووە”.

شڕۆڤەکاری سیاسی، ئیحسان شممەری لەبارەی کاریگەریی بەشدارینەکردنی ڕەوتی سەدر لە ھەڵبژاردنەکاندا دەڵێت: ” بەشدارینەکردنی ڕەوتی سەدر لە ھەڵبژاردنەکاندا، بەشێوەیەکی بەرچاو کاریگەریی لەسەر کەمبوونەوەی ڕێژەی دەنگدان دەبێت، چونکە ڕەوتی سەدر گەورەترین لایەنی سیاسی شیعەیە لە عێراق”.

لای خۆیەوە خالید دەبوونی کە شرۆڤەکارێکی دیکەی سیاسییە باس لەوەدەکات: “بەداخەوە، محەمەد حەلبووسی بەدرێژایی دوو خول کە سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران بووە، ژمارەیەک دۆسیەی لەسەرە کە بەھۆیەوە ژمارەیەک لە ئەندامانی پارتی تەقەدووم لە پارتەکەیان کشاونەتەوە، بۆ نموونە دوو مانگ لەمەوبەر شەش ئەندام لە پارتی تەقەدووم کشانەوە و پەیوەندییان بە پارتی دیکەوە کردووە”

خالید دەبوونی لەبارەی کاریگەریی بەشدارینەکردنی ڕەوتی سەدر لە ھەڵبژاردنەکەدا،دەڵێت: “بێگومان بەشدارینەکردنی ڕەوتی سەدر لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، کاریگەریی زۆری لەسەر ڕێژەی دەنگدان دەبێت، تەنانەت من وای بۆ دەچم کە ڕێژەی دەنگدان لە هەڵبژاردنەکەدا، ھیچ جیاوازییەکی نابێت لەگەڵ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران کە لە ٢٠١٢ بەڕێوەچوو”.

ناوبراو باسی لەوەشکرد کە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، زیاتر کاریگەریی لەسەر پێکھاتەی شیعە دەبێت بە تایبەتی لەو پارێزگایانەی کە سوننە و شیعە بەتێکەڵاوی تیایاندا نیشتەجێن وەک بەغدا، دیالە و بەسرە و گوتی: “پێشبنی دەکەم بەھۆی بەشدارینەکردنی ڕەوتی سەدر لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، لایەنە سوننەکان، زۆرترین کورسی لەو پارێزگایانە بەدەستبھێنن کە سوننە و شیعە بەتێکەڵاوی تیایاندا نیشتەجێن”.

بەڕێوەبەری گشتی پێشوی باج: وەڵامی وەزارەتی دارایی دەداتەوە
پێشت بەڕێوەبەری گشتی پێشوی باج: وەڵامی وەزارەتی دارایی دەداتەوە
نرخی زێڕ لەئاستێکی بەرزدایە
دواتر نرخی زێڕ لەئاستێکی بەرزدایە
ەیوەندیدار