عەبدوللـەتیف ئەحمەد: هەرمامۆستایەک جنێو بەدەسەڵات بدات مەرد و ئازایە



د. عەبدوللـەتیف ئەحمەد، ڕابەری ڕەوتی سەلەفیەکان لە هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەیان لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی ڕایگەیاند، کۆبونەوەکەیان بە مەبەستی “ڕاوێژ و ئامۆژگاری و کاری خێر” بووە و دەڵێت، “دەبێت مامۆستای ئایینی ئامۆژگاریکار بێت، نەک جنێودەر و دەمشڕ بێت و فیتنە دروستبکات، هانی منداڵی خەڵک بدات و بەکوشتیان بدات و بۆخۆشی بە سەلامەت بۆی دەربچێت”.

سێ ڕۆژ لەمەوبەر بافڵ تاڵەبانی سەردانی د.عەبدولەتیف ئەحمەدی ڕابەری ڕەوتی سەلەفییەکانی لە هەرێمی کوردستان کرد و ئەمەش یەکەم جارنییە ئەو ڕابەرەی سەلەفییەکان کۆبونەوە لەگەڵ بەرپرساندا ئەنجامبدات، ئەوەش بووە بەهۆی ئەوەی بەتۆمەتی نزیکی لە دەسەڵات تۆمەتبار بکرێت.

د. عەبدوللـەتیف ئەحمەد ئاماژەی بەوەکردووە”من کۆبونەوە لەگەڵ بەرپرسان بە تاوان و عەیبە و هەڵە نازانم، بونی گفتوگۆ و لێکتێگەشتن و پێشنیار لە نێوان زانایانی و ئایینی و کاربەدەستان شتێکی گرنگە، ئەگەر زانایانی ئاینی پشتبکەنە دەسەڵاتدارەکان کەسانێکی بێ دین و خراپە کار لە دەسەڵاتداران نزیکدەبنەوە و ئەوان کاریگەریان لەسەریان دەبێت”.

دەشڵێت، “تۆمەتبارکردنی هەرکەس لەسەر کۆبونەوە لەگەڵ بەرپرساندا، بەداخەوە بەرهەمی بیرکردنەوەیەکی حزبی و توندە ئەگینا مامۆستای ئاینی دەبێت قسەی حەق بکات، لە دورەوە تفەنگ هاویشتن و بە کافردانان و جنێوپێدان و سوکایەتی بە دەسەڵاتداران کێشەکان چارەسەر ناکات، دینەکەمان فێری نەکردوین لە پشتی لاپتۆپەوە قسە و جنێو بە دەسەڵاتداران بدەین، چونکە بەوە هیچ چارەسەر ناکرێت و بەمەش دڵیان ڕەقتر دەبێت، شیوازێکی شەرعیش نییە لە چاکسازی”.

د. عەبدوللـەتیف ئەحمەد ده‌ڵێت، “وایلێهاتوە پێوەر ئەوەیە هەر ما مۆستایەک جنێو بە دەسەڵات بدات ئەوە مەردە و ئازایە، ئەمە جۆری سەقافەتەکەیە کە لە راستیدا سەقافەت نییە. مامۆستای ئاینی جنێودەر نییە، نە بە دەسەلات و نە بە میللەتە، بەڵکو ئامۆژگاریکارە، دەبێت قسەی خێر بکات نەک جنێودەر و دەمشڕ و ئاژاوەگێڕ و فیتنە دروستکەربێت و هانی منداڵی خەڵک بدات بە کوشتیان بدات و خۆشی بۆی دەربچێت”.

هەرچەندە رێبەری ڕەوتی سەلەفیەکان ئامانجە سەرەکیەکەی سەردانەکەی بافڵ تاڵەبانی وەک “واجبێک” لێکدایەوە، د. عەبدوللـەتیف ئەحمەد وتی، “من سەردانی بەڕێزیانم کردبو، وەکو ڕێزێک و وەفایەک ئەویش سەردانی منی کردوه‌تەوە بۆیە شتێکی ئاساییە”

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، “گفتوگۆیەکی بەسود کرا، پێشنیاری ئەوەم کرد کەسانێک لەم وڵاتە سودیان بینیوە وەسودی زۆریان کردوە لەم وڵاتە پێویستە خزمەتی ئەم وڵاتەو ئەم شارەی پێبکەن، باسی ئەوەم کرد مرۆڤ بە کردەوەکانی خۆی ڕاستی خۆی پشانی خەڵک بدات نەک بە قسە، ئەرک و بەرپرسیارێتی نەدرێتە کەسانێک کە لەگەڵ دین و دابونەریت و ئەخلاقی ئەم میللەتە نەیەنەوە و دژایەتی بکەن، وە خەمی میلەتیان بێت، پێویستی خەڵک دابینبکەن بەرپرسان، لە هەرشوێنێک کەسێک بەرپرسیارێتی لەسەر شانە دەبێت بە یەک چاو سەیری ئەو خەڵکانە بکات کە لە حزبن یان دەرەوەی حزبەکەین، واتا دادپەروەربن”.

ئەوەش لەکاتێکدایە، د. عەبدوللـەتیف ئەحمەد هەمیشە جەت لەوەدەکاتەوە و دەڵێت، “سیاسەتکاری و حزب حزبێنە ئەوەی ئەمڕۆ هەیە، من ئیشم پێی نییە، ئەوەی هەیە وەک مامۆستایەک قسەی خێر بتوانم بگەیەنم و خزمەتی میللەتەکەمان بکەین.”

دەشڵێت “باوەڕم بەوە نییە کە ئایین و دەسەڵات لەیەکتر جیابکرێنەوە ،چونکە فکرەی جیاکردنەوەی دین لە دەوڵەت فکرەی عەلمانییەکانە و بەتەواوی دژی ئەوەم  و بە کوفری دەزانم کە دین و ژین لە یەکتر جیابکرێنەوە”.

ڕەوشی کەشو هەوای ٤٨ کاتژمێری داهاتوو ڕاگەیەنرا
پێشت ڕەوشی کەشو هەوای ٤٨ کاتژمێری داهاتوو ڕاگەیەنرا
ئێران: لەهێرشێکدا ١٢ پۆلیس كوژران
دواتر ئێران: لەهێرشێکدا ١٢ پۆلیس كوژران
ەیوەندیدار