ڤیان سەبری: لێكتێگەیشتنی باش لەنێوان هەولێر و بەغدا لەسەر بودجە و مووچە هەیە



سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت: ئێستا پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق ئەرێنین و لێکتێگەیشتنی باش ھەیە بۆ ئەوەی بتوانن لەبارەی کێشەکان بگەنە ڕێککەوتن.

د.ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بۆ ماڵپەڕی فەرمی حزبەكەی ڕایگەیاندووە، سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان لە کۆتایی ٢٠٢٣دا سەردانی بەغدای کرد و لێکتێگەیشتن لەنێوانیان لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق دروست بوو، دواتریش سەردانی ئەمریکای کرد، دوای ئەوەش لێکتێگەیشتنی باش لە نێوان سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و عێراق دروست بوو، پێش جەژن دوو مووچە درا، ئێستاش بڕیارە مووچەی دیکە بدرێت، ڕاسپاردەی سەرۆکی حکومەت بۆ تیمی حکومەت ئەوەیە بابەتی داھاتی نانەوتیش لە چوارچێوەی سەردان و گفتوگۆی نێوان ھەردوو حکومەت یەکلایی بکرێتەوە.

وتیشی، گفتوگۆکانی نێوان حکومەتی ھەرێمی کوردستان و عێراق چوونەتە قۆناغێکی تازەوە و ئیجابین و سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بەشداری لە دوو کۆبوونەوەی ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەت کردووە و دەمانەوێت زۆربەی کێشەکان بە گفتوگۆ چارە بکرێن. کۆمەڵێک پرس لەناو ئیئتیلافی دەوڵەت گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، لەوانە ھەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان، کە مافی سوونەیە.
د.ڤیان سەبری ئاماژەی بەوەشكرد، بڕیارە لە ٩/٥ پشووی یاسادانان دەست پێ بکات، ئەگەر خشتەی بودجە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ ھەموارکردنەوە بگات پشوو درێژ دەکرێتەوە، ئێمە ئامادەین بۆ ئەوەی بودجە ھەموار بکرێتەوە، بۆیە دەکرێت لە ماوەی پشووی پەرلەمان کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجام بدرێت بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان ئەگەر سوونە بگەنە ڕێککەوتن یاخود بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی خشتەکانی بودجە.

ڕوونیشی کردەوە، حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقیش بەتایبەت هەردوو سەرۆك وەزیران دەیانەوێت پەیوەندییەکی باشیان ھەبێت، بۆیە لێکتێگەیشتنی باش لەسەر بودجە و مووچە ھەیە، بۆیە ھەردوو حکومەت ھەوڵ دەدەن ھەنگاو بنێن بۆ ئەوەی بگەنە ڕێککەوتن، کێشەکانیش زیاتر تەکنیکین و زۆر جار کە دەچنە ناو وردەکارییەکان بۆ ئەوەی بخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە کاتی پێویستە، نیەتی باش ھەیە بۆ ئەوەی کێشەکان چارە بکرێن، ناشکرێت ھەموو مانگێک بەتایبەت بۆ مووچە وەزارەتی دارایی کێشەی تەکنیکی دروست بکات، پێویستە کۆتایی بەو کێشە تەکنیکییانە بێت و چیتر گرفت دروست نەکرێت.

 

“تاوەرەكانی مۆبایل دەبنە هۆی شێرپەنجە و هاووڵاتیان داوای دوورخستنەوەیان دەكەن”
پێشت “تاوەرەكانی مۆبایل دەبنە هۆی شێرپەنجە و هاووڵاتیان داوای دوورخستنەوەیان دەكەن”
بەڤیدیۆ؛ ئاگر لە بازاڕی قەیسەری هەولێر كەوتەوە
دواتر بەڤیدیۆ؛ ئاگر لە بازاڕی قەیسەری هەولێر كەوتەوە
ەیوەندیدار