خواردنی گۆشتی قەل سەرەڕای سوودەكانی زیانیشی هەیە



دكتۆر كامەران ژاژڵەیی، پزیشكی پسپۆڕی زانستی خۆراك باسی سوود و زیانەكانی خواردنی گۆشتی قەل دەكات و دەڵێت: ئەو كەسانەی نەخۆشی دەردەشاهانەیان هەیە یا یوریك ئەسیدیان بەرزە یان غەسلی گورچیلەیان بۆ دەكرێت نابێت بیخۆن یا زۆر زۆر كەمی لێ بخۆن.

سوودەكانی گۆشتی قەل:
١ -سەرچاوەیەكی زۆر باشی پڕۆتینە، كە گرنگە بۆ پێكهێنان و چاكردنەوەی ماسولكەكان و جومگە و كڕڕاگە و ئێسقان و پێست و خوێن و شانەكانی تری جەستە.

٢ -خۆپاراستن و چارەسەری كەمخوێنی و كەمی ماددەی بە هۆی بوونی بڕێكی باش لە ماددەی ئاسن و ڤیتامین ( B 12 ) و زینك و پڕۆتین.

٣ -بەهێزكردنی كۆئەندامی بەرگری جەستە.

٤ -یارمەتی كەم كردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە هەندێك جۆری شێرپەنجە بە تایبەت شێرپەنجەی میزەڵدان، مەمك ، سیەكان، گەددە بە هۆی بوونی كانزای سلنێومەوە.

٥ -چونكە ( glycemic index )كەمە، بۆ ئەو كەسانەی نەخۆشی شەكرەیان هەیە یارمەتی كۆنتڕۆڵ كردنی نەخۆشی شەكرە ئەدات.

٦ -یارمەتی بەرزكردنەوەی كولیستڕۆڵی باش و دابەزاندنی كولیستڕۆڵی خراپ و كەمكردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیەكانی دڵ ئەدات.

٧ -بەهێزكردنی توانای تەركیز و یادەوەری و یارمەتی خۆپاراستن ئەدات لە نەخۆشیەكانی ئەلزەهایمەر و بیرچوونەوە و پاراستنی تەندروستی مێشك و دەمار.

٨ -یارمەتی زوو نووستن ئەدات بە هۆی بوونی ماددەی تریبتۆفانەوە.

٩ -سەرچاوەیەكی گرنگە بۆ ماددەی كۆلین، ئاسن، مەگنسێوم، پۆتاسێوم، سلنێوم، زینك، ڤیتامین ( B12 . B 6 . B3 ) , سودێوم .

دكتۆر كامەران ئاماژەی بەوەشكردووە، زۆربەی ئەم سوودانەی گۆشتی قەل كاتێ بەردەست ئەبێت كە پێستەكەی نەخورێت و باشتر ئەوەیە پێش لێنانی لێ بكرێتەوە .

زیانەكانی گۆشتی قەل:
ئەو پزیشكی پسپۆڕی خۆراكە ڕاشیگەیاندووە، بە شێوەی گشتی گۆشتی قەل ئەگەر بە بڕی كەم بخورێت زیانی نیە بە مەرجێك بە هۆرمۆنات و عەلەفی ڕێگەپیدراو و بە سروشتی بەخێو كرا بێت و هەروەها لە كاتی لێنانی بڕی زۆر خوێی تێ نەكرێت و پێستەكەی نەخورێت، بەڵام ئەم زیانانەی هەیە :

١ -بەرزكردنەوەی ڕێژەی ماددەی یورێك ئەسید، بۆیە ئەو كەسانەی نەخۆشی دەردەشاهانەیان هەیە یا یوریك ئەسیدیان بەرزە نابێت بیخۆن یا زۆر زۆر كەمی لێ بخۆن.

٢ -ئەوانەی گورچیلەیان وەستاوە و غەسلیان بۆ ئەكرێت یا گورچیلەیان زۆر سستە پێویستە بڕێكی زۆر كەمی لێ بخۆن.

٣ -بە هۆی بوونی ماددەی سودێوم، ئەو كەسانەی نەخۆشی بەرزی فشاری خوێنیان هەیە، پێویستە كەمی لێ بخۆن و تەنها سینگەكەی بێ پێستەكەی بخۆن باشترە.

٤ -ئەو كەسانەی قەڵەون و كێشیان زۆرە پێویستە بڕێكی كەمی لێ بخۆن، تەنها لە كاتی هەندێك ڕێجیم نەبێت، لە ڕێجیمی كیتۆ و لۆكارب نەبێت پێستەكەی ڕێگەپێدراوە، لە ڕێجیمی پڕۆتین و هاشێوەكانی بێ پێستەكەی بخورێت.

جۆرێکی تری فێڵ لە غازی ماڵان ئاشکرا کرا
پێشت جۆرێکی تری فێڵ لە غازی ماڵان ئاشکرا کرا
وادەی کۆتاییهاتنی بانگەشەی هەڵبژاردن دیاریکرا
دواتر وادەی کۆتاییهاتنی بانگەشەی هەڵبژاردن دیاریکرا
ەیوەندیدار