یەکەی نیشتەجێبوون بۆ ژنان و گەنجان دابیندەکرێت



وتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ڕایگەیاند، ئەنجوومەنی وەزیران ڕەزامەندە بۆ دابینکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ منداڵانی خانەی بێسەرپەرشتان و ئەو ژنانەی لە شێڵتەرەکاندان.

ئەمڕۆ چوارشەممە، ئاریان ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بۆ (خەڵک) ڕایگەیاند، “سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەسەر داوای کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر دابینکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ ئەو ژنانەی لە شەڵتەرەکاندان و کێشەی یاسییان نەماوە، بەڵام خێزانەکانیان وەریان ناگرنەوە”.

وتیشی، “ئەم بڕیارە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتییە بۆ دابینکردنی یەکەی نیشتەجیبوون بۆ ئەو منداڵانەی لە خانەی بێسەرپەرشتانن و دوای تەمەنی ١٨ ساڵی هیچ شوێنێکیان نییە بۆی بچن”.

وتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ئەوەی خستەڕوو، ئەو ژنانەی لە شەڵتەرەکاندان تا ئەو کاتەی کێشەکانیان چارەسەردەبێت و منداڵانی خانەی بێسەرپەرشتان لە تەمەنی ١٨ بۆ ٢٤ ساڵی دەتوانن بە شێوەیەکی کاتی تێیدا بمێننەوە.

لەبارەی منداڵانی خانەی بێسەرپەرشتانەوە وتیشی، “بە مەبەستی پاڵپشتیکردنیان بە شێوەی گرێبەست لە وەزارەتەکانی حکومەت دادەمەزرێن، چونکە لە پێشتردا دەچوونە سەر شەقام و ڕووبەڕووی چەندین کێشە دەبوونەوە و بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی دەهاتە بەردەستمان لە زیندانەکاندا دەبینرانەوە”.

باسی لەوەشکرد، “لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنان لە گفتوگۆداین بۆ ئەوەی یەکەکانی نیشتەجێبوونمان بۆ دابینبکەن، هاوکات لەگەڵ کەرتی تایبەت هەماهەنگی دەکەن بۆئەوەی لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون چەند یەکەیەک بۆ وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دابینبکەن”.

بە وتەی ئاریان ئەحمەد، تا ئێستا ژمارەی یەکەکان دیاری نەکراوە، ڕێکارەکانی جێبەجیکردنی بڕیارەکە تەواوبوون و وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی چاوەڕوانی وەبەرهێنان دەکات بۆئەوەی یەکەکان دیاری بکەن و ئاگاداریان بکەنەوە.

سەبارەت بە شوێنی یەکەکانی نیشتەجێبوون وتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی وتی، “هەوڵدەدەین وەک کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبوونی تایبەت نەبێت، لەناو پڕۆژەکانی دیکەی نیشتەجیبوون بێت تا لە کۆمەڵگە جیانەکرێنەوە و بتوانن دەستبکەنەوە بە ژیانی ئاسایی خۆیان”.

بەوتەی ئاریان ئەحمەد، یەکەی نیشتەجێبوونەکان موڵکی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەبێت، هەر ژنێک لە شێڵتەرەکاندا بێت و کێشەی یاسایی نەبێت، بەڵام کەسوکاری ئامادەنەبن وەری بگرنەوە، ئەو یەکەیەی بەشێوەی کاتی پێ دەدرێ، منداڵانی خانەکانیش لە تەمەنی ١٨ بۆ ٢٤ ساڵی دەتوانن تێیدا بمێننەوە.

 

هاتووچۆ دەربارەی فلاشی کامێراکانی چاودێری ڕوونکردنەوە دەدات
پێشت هاتووچۆ دەربارەی فلاشی کامێراکانی چاودێری ڕوونکردنەوە دەدات
لەژێر فشاری ئیسرائیلدا ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان باکوری غەززەیان چۆڵکرد
دواتر لەژێر فشاری ئیسرائیلدا ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان باکوری غەززەیان چۆڵکرد
پەیوەندیدار