سەرۆك کۆمار: کێشەکانی خۆمان چارەسەرکرد و ئێستا لەناوچەکەدا نێوەندگیرین



سەرۆك کۆماری عێراق رایگەیاند، سەرجەم کێشەکانیان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ چارەسەرکردووە و ئێستاش ڕۆڵی نێوەندگیر دەبینن بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی ناوچەکە، هاوکات جەختیشیکردەوە لە باشبوونی دۆخی ئابووری و ئەمنی عێراق کردەوە.

د. لەتیف ڕەشید، سەرۆك کۆمار لە میانی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کەناڵی سکاینیوزی عەرەبی، باسی لە دۆخی ناوخۆی عێراق و ئاڵنگارییەکانی ناوچەکە کرد و ڕایگەیاند، قەیران لە عێراقدا کۆتایی هاتووە، بەڵام باشکردنی دۆخی خزمەتگوزارییەکان چەندین ساڵی پێویستە.

ئەوەشی خستەڕوو کە دۆخی ئەمنی بەغدا سەقامگیرە، لەگەڵ ئەوەشدا ڕاگەیاندن دەیەوێت ئەو وێنەیە بشێوێنێت.

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی عێراقیش لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، سەرۆك کۆمار وتی: پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە باشە و سەرجەم گرفتەکانمان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ چارەسەر کردووە، ئێستاش ڕۆڵی نێوەندگیر دەبینین لە ناوچەکەدا.

دەربارەی دۆسێی ئاویش د. لەتف ڕەشید ڕوونیکردەوە، ئەو ئاڵنگارییەی ڕووبەڕووی عێراق بووەتەوە هۆکارەکەی بۆ ئەو وڵاتانە دەگەڕێتەوە کە سەرچاوەی ئاوەکەیان لێ هەڵدەقوڵێت.

ڕاشیگەیاند، لە دۆسیەی ئاودا، هەماهەنگییان لەگەڵ ئێران و تورکیادا هەیە.

لە لایەکی دیکەشەوە سەرۆك کۆمار چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کەناڵی “شەرق”ی ئیماراتی ئەنجامدا و تێیدا باسی لە دۆسێی حەلبوسی و دۆخی ئابووری عێراق کرد.

سەرۆك کۆمار دەربارەی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بۆ دوورخستنەوەی محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران ڕایگەیاند، ئەو پرسە “بڕیارێکی یاساییە و لە وڵاتە دیموکراسییەکاندا ڕوو دەدات”.

ئەوەشی خستەڕوو کە حەلبوسی بڕیارەکەی دادگای قبوڵ کردووە و ئێستاش عێراق لە قۆناغی دەستنیشانکردنی کاندیدێکدایە بۆ پڕکردنەوەی پۆستەکە.

دەربارەی دۆخی ئابووری عێراقیش د. لەتیف ڕەشید جەختیکردەوە لەوەی دۆخی ئابووری عێراق لەسەر ئاستی جیهان و لەسەر ئاستی تاکیش باشە و هیواشی خواست لەڕێی هاندانی کەرتی تایبەتەوە گرفتی بێکاریی چارەسەر بکرێت.

ڕەتیشیکردەوە کە ئەو هەڵکشان و داکشانەی لە نرخی دۆلاردا ڕوو دەدات وەك قەیرانی دۆلار ناوببرێت و وتیشی: کۆمەڵێك ڕێکارمان بۆ بەهێزکردنی دینار و کۆنترۆڵکردنی بازارڕ گرتووەتەبەر.

ئاگادارییەک لە وەزارەتی کارەباوە
پێشت ئاگادارییەک لە وەزارەتی کارەباوە
لە دوو ڕووداوی هاتووچۆدا چوار کەس گیانیان لەدەستدا
دواتر لە دوو ڕووداوی هاتووچۆدا چوار کەس گیانیان لەدەستدا
ەیوەندیدار