حزبوڵڵا: بەردەوام دەبین لە بە ئامانجگرتنی بنکە ئەمریکییەکان لە عێراق



حزبوڵڵا بەردەوامی هێرشەکانی بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا ڕاگەیاند، هاوکات لە ناوەڕاستی مانگی ڕابردووەوە هێرشی سەر بنکە سەربازییەکان و هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا دەستیپێکردووە، لە چوارچێوەی شەڕی نێوان ئیسرائیل و کوتلە فەلەستینییەکان.

چەند کاتژمێرێک دوای ئەوەی حزبوڵڵا ڕایگەیاند کە بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان هێرشی کردووەتە سەر بنکەیەکی سوپای ئەمریکا لە فڕۆکەخانەی هەریر، هاوکات محەمەد موحی، وتەبێژی حزبوڵڵا بەردەوامی بە ئامانجگرتنی هێزەکانی ئەمریکا و بەکارهێنانی چەکی نوێی پشتڕاستکردەوە.

موحی ڕوونیشیکردەوە، ناوچەی جورف سەخر کە لەلایەن واشنتۆنەوە کرایە ئامانج، ناوچەیەکە کە هێزە ئەمنییەکانی عێراق لەوانەش سوپا، پۆلیسی فیدراڵی تێدا جێگیر کراون، بۆیە ناتوانرێت بانگەشەی ئەوە بکرێت کە سەر بە لایەنێکی دیکە بێت، بەڵکو سەر بە دەزگا ئەمنییەکانی عێراقە.

ناوبراو پێ وابوو بۆردومانکردنەکان بە ئامانجگرتنی سەروەری عێراقە، کە بە هیچ شێوەیەک شایەنی قبوڵکردن نییە.

سەبارەت بە بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، وتەبێژەکە وتی، هێزە ئەمریکییەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن، بنکە سەربازییەکانیان لە عێراقدا هێزی نا چالاکن لە ڕووی سەربازییەوە، بەڵام واقیع ئەمە بە درۆ دەخاتەوە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە هێزەکانی ئەمریکا لە ڕووی سەربازییەوە ئامادەن و چالاکیی سەربازی لەسەر خاکی عێراق ئەنجام دەدەن، بە مەبەستی سەپاندنی ئیرادەی خۆیان بەسەر واقیعی سیاسی، ئەمنی و سەربازی عێراق.

سەبارەت بە ئەگەرەکانی ڕاکێشانی عێراق بۆ ناو شەڕ، موحی ڕایگەیاند، بوونی ئەمریکا لە عێراق هۆکاری ناسەقامگیری دۆخی ئەمنی و ئابووری وڵاتەکەیە، چونکە ئەمریکا کاردەکات بۆ ئەوەی عێراق بکاتە گۆڕەپانێکی سەربازی لە پێناو ئاسایشی وڵاتەکەی و ئیسرائیل، هاوکات داوایکرد لە ئەمریکا بنکە و سەربازەکانی بکشێنێتەوە، لە پێناو پاراستنی سەقامگیری عێراق.

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی جیهانی عەرەبی (AWP)، لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ گروپە چەکدارەکانی عێراق ڕووبەڕووبوونەوەی ئاشکرا لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا ئەنجامدەدەن.

جێگای سەرنجە، لەماوەی بیست و چوار کاتژمێری ڕابردوودا، حزبوڵڵا لە عێراق ڕایگەیاند، دوو هێرشیان لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە ئەنجامداوە، لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی یەکەمەوە، هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا، زیاتر لە ٦١ جار هێرشیان کراوەتە سەر بە بەکارهێنانی مووشەک یان فڕۆکەی بێفڕۆکەوان.

لە کاتێکدا زۆربەی ئەم هێرشانە پووچەڵکراونەتەوە یان زیانێکی ماددی کەمیان هەبووە، بەڵام تەنها وەستاوەتە سەر کات تا مردنی سەربازێکی ئەمریکی ڕابگەیەنرێت.

زۆرێک لە گروپەکانی سەر بە ئێران لە عێراق، سوریا و تەنانەت یەمەن سوێندیان خواردووە کە بەرژەوەندی و بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا بکەنە ئامانج، ئەگەر هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە بەردەوام بێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەمریکا پاڵپشتییەکانی بۆ  ئیسرائیل لە دوای ٧ی تشرینی یەکەمەوە دووپات دەکاتەوە، لە کاتێکدا هێرشەکانی ئیسرائیل بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە ١٤ هەزار فەلەستینی کە زۆربەیان هاوڵاتیانی مەدەنی و منداڵان و ژنانن.

 

سەرچاوە: الحدث

بانکی ناوەندی بانکەکان لە نرخی دۆلار ئاگادار دەکاتەوە
پێشت بانکی ناوەندی بانکەکان لە نرخی دۆلار ئاگادار دەکاتەوە
ئەمریکا: لە عێراق دەمێنینەوە
دواتر ئەمریکا: لە عێراق دەمێنینەوە
ەیوەندیدار