منداڵانی سوریا لە نێو داروپەردووی شەڕ و پاشماوەکانیدا



لەگەڵ بەردەوامی شەڕی سوریا بۆ ماوەی زیاتر لە دە ساڵ، ژمارەی منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت بەهۆی لێکەوتەکانی شەڕ لە زیادبووندایە، سەدان هەزاریان بەهۆی لە دەستدانی بەشەکانی جەستەیان لە ئەنجامی بۆردومانەکان توانای ژیانێکی ئاسایییان نییە.

ئێستا سەدان هەزار منداڵی خاوەن پێداویستی تایبەت لەگەڵ ئازار و ئاستەنگییەکان لە ململانێی بەردەوامدا دەژین، ئەمە جگە لە ئازارەکانی بەدەستهێنانی مافە سەرەتاییەکانیان و هاوکارییە مرۆییەکان.

لە ڕۆژی جیهانی منداڵان کە دەکەوێتە ٢٠ی تشرینی دووەمی هەموو ساڵێکەوە، پێویستە تیشک بخرێتەسەر زیادبوونی ژمارەی منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە ئەنجامی شەڕی بەردەوام.

بەپێی ئەوەی لەلایەن بەشی چاودێری و بەڵگەنامەی ئاژانسی ڕۆژنامەوانی باکوورەوە تۆمارکراوە، ژمارەی قوربانیانی شەڕ لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣ەوە، گەیشتووەتە ٦٧٩ منداڵ، لەو ژمارەیەش ٢٥٠ منداڵ کوژراون و ٤٢٩ی دیکەش برینداربوون.

لە ئەنجامی بۆردوومان و تۆپبارانەکانەوە ژمارەی ئەو منداڵانەی گیانیان لە دەستداوە یان بە سەختی برینداربوون و کەمئەندام بوون، گەیشتووەتە ٤١٨ منداڵ، کە ١٥٥ منداڵ کوژراون و ٢٦٣ی دیکەش برینداربوون.

 

منداڵان قوربانی شەڕن

منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت کە بەهۆی شەڕەوە بریندار بوون، بەدەست پەراوێزخستن و پشتگوێخستنی ڕێکخراو و دەسەڵاتە مرۆییەکانەوە دەناڵێنن، هەروەها بەرکەوتەی فشارەکانی کۆمەڵگە دەبن، لەژێر ڕۆشنایی ئەو ململانێ و شەڕەی کە تا ئێستا هەیە، ئەم منداڵانە لە دابینکردنی پێداویستی و مافە سەرەتاییەکانیان، لەوانە چاودێری پزیشکی، پاڵپشتی دەروونی، هەروەها مافی خوێندن بێبەشن.

ئەو ناوەندە فەرمیانەی کە لە زۆربەی ناوچەکاندا بوونیان هەیە، بەس نین بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییەکانی وەک ئەندامی دەستکرد، کورسی و کەرەستەی دیکەی پزیشکی، لە کاتێکدا لە کۆمەڵگە خێرخوازیەکان و ناوەندەکانی سەر بە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی پێویستی بە چاوەڕوانییەکی زۆر هەیە.

جگە لەوەش ژمارەیەک منداڵ ناتوانن چاودێری تەندروستی پێویست بە تایبەت لە ناوەندە تەندروستییە تایبەتەکانەوە بەدەست بهێنن، بەهۆی گرانی نرخی خزمەتگوزارییەکانیان بەهۆی هەژاری و تێکچوونی بارودۆخی ئابووری لە سوریا.

پاشمەوەکانی جەنگ و مین لە ناوچە جێناکۆکەکان دەبنە هۆی مردن و برینداربوونی سەدان کەس ساڵانە کە زۆربەیان منداڵن.

 

کەیسەکانی قوربانیان

سەدان هەزار منداڵ لە سووریا لە دۆخێکی سەختدا دەژین، توانای ژیانێکی ئاساییان نییە.

بەمەبەستی دەرهێنانی مس و فرۆشتنی بۆ یارمەتیدانی خێزانەکەی بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانیان، منداڵێکی تەمەن ١١ ساڵ بە ناوی ئیبراهیم خەلەف، لە گوندێکی بیابانی شەفا کە دەکەوێتە رۆژهەڵاتی دیرەزۆر، پەنجەکانی لەدەستدا دوای ئەوەی تەنێکی پاشماوەی جەنگ پێیدا تەقیەوە، لەکاتێکدا بۆ دەرهێنانی مس هەوڵی هەڵوەشاندنی داوە.

 

پێشنیارەکان

پێویستە دەسەڵاتداران و ڕێکخراوە مرۆییەکان و لایەنە پەیوەندیدارە تایبەتمەندەکان هەوڵبدەن بۆ دەستنیشانکردنی شوێنی تەقینەوەکان و کاربکەن بۆ بنبڕکردنی هەموو جۆرەکانی پاشماوەی جەنگ، ئەمە جگە لە هەڵمەتی هۆشیارکردنەوە لەسەر مەترسییەکانی مین و پاشماوەکانی.

ناوەند و دەزگا ناوخۆییە تایبەتمەندەکان لە کاروباری کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت دەبێت لە نێوان خۆیاندا هەماهەنگ بن، بۆ ئەوەی خزمەتگوزاری پێویست پێشکەش بە هەموو حاڵەتەکانی کەمئەندامی تایبەت منداڵان بکەن، لەوانە: پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری چاودێری تەندروستی تایبەتمەند بۆ منداڵان بەهێز بکرێت.

دەزگا مرۆییەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەبێت دەستڕاگەیشتن بە یارمەتییە مرۆییەکان بەرز بکەنەوە و پاڵپشتی و سەرچاوەی پێویست بۆ باشترکردنی بارودۆخی منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە سووریا دابین بکەن، لە ڕێگەی ڕەخساندنی دەرفەتی خوێندن، بە دابینکردنی ژینگەی پەروەردەیی کە بەردەستبن و گونجاوبن لەگەڵ پێداویستییە تایبەتەکانیان.

پێویستە ڕێکخراوە مرۆییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان هەوڵەکانیان دوو هێندە بکەن بۆ گەڕاندنەوەی منداڵانی خاوەنپێداویستی تایبەت بۆ ژیان لە ڕووی جەستەیی و دەروونییەوە، لە ڕێگەی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری چارەسەری و پاڵپشتیان و دابینکردنی تەکنەلۆژیای پزیشکی مۆدێرن و کەرەستەی پێویست بۆ باشترکردنی ژیانیان.

 

سەرچاوە: نۆرس پرێس

کەسێك بەتۆمەتی دزینی ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر دەستگیرکرا
پێشت کەسێك بەتۆمەتی دزینی ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر دەستگیرکرا
حکومەتی عێراق دابەشکردنی مووچەی مانگی 11ی دەستپێکرد
دواتر حکومەتی عێراق دابەشکردنی مووچەی مانگی 11ی دەستپێکرد
ەیوەندیدار