کوردێکی خۆراسانی پێشانگایەکی فۆتۆگرافی لە سلێمانی کردەوە



دوێنی شەممە، لە مۆزەخانەی گشتی شاری سلێمانی پێشانگایەکی فۆتۆگرافی بۆ کوردێکی خۆراسانی سازکرا، وێنەکانی گوزارشتبوون لە کلتوور و شێوازی ژیانی کوردانی خۆراسان.

ئیبراهیم سەداقەت، کوردێکی وێنەگر لە شاری شیروان لە خۆراسانی ئێرانەوە هاتووەتە باشووری کوردستان و پێشانگایەکی فۆتۆگرافی لە شاری سلێمانی کردەوە و ڕایگەیاند، “ماوەی ١٥ ساڵە سەرقاڵی کاری وێنەگریم، هاوکات زیاتر لە ٥ بۆ ٦ ساڵ دەچێت ئامادەکاری بۆ کۆکردنەوەی وێنەکانی ئەم پێشانگایە دەکەم”.

ئاماژەی بەوەکرد، “ئامانجی من لە ئەم پێشانگایە ئەوەیە کوردانی خۆراسان بە خەڵکی ئێرە ئاشنابکەم، تا بزانن زیاتر لە ٤ ملیۆن کورد هەن و لە خۆراسان دەژین، کە دەکەوێتە باکووری خۆرهەڵاتی ئێران”.

هاوکات ئیبراهیم سەداقەت، جەختی لەوەکردەوە، “کوردانی خۆراسان خاوەنی کلتوور و شێوازی ژیانی ڕەسەنی تایبەت بە خۆیانن، بەڵام فەرامۆشکراون بۆیە لە ڕێگەی ئەم پێشانگایەوە هەوڵمداوە کلتووری کوردی تایبەت بە خۆمان زیندوو بکەمەوە و نیشانی خەڵکی ئێرەی بدەم”.

ناوبراو وتیشی، ” لە ڕێگەی وێنەکانمەوە شێوازی ژیان، کلتوور، جلوبەرگ و ڕێوڕەسمی ئاهەنگی هاوسەرگیری سونەتی خۆراسان نیشاندەدەم، کە لەساڵانی ڕابردوودا بەرەو لەنێوچوون چووە و گرنگی پێنادرێت”.

خۆراسان دەکەوێتە باکووری خۆرهەڵاتی ئێران، زیاتر لە ٤ ملیۆن کورد تێیدا دەژین، بە شێوەزاری کرمانجی قسەکەن، کوردانی خۆراسان لە کۆندا بە زۆرەملێ لە ناوچەکانی خۆیان دوورخراونەتەوە و بۆ شارەکانی ئێران گواستراونەتەوە.

 

 

نرخی بەرمیلێك نەوت دەبێت بە 60 هەزار دینار
پێشت نرخی بەرمیلێك نەوت دەبێت بە 60 هەزار دینار
مەسرور بارزانی: ئاستەنگەکان کابینەکەمانی نەخست و بەرەو سەرکەوتنی زیاتر دەچین
دواتر مەسرور بارزانی: ئاستەنگەکان کابینەکەمانی نەخست و بەرەو سەرکەوتنی زیاتر دەچین
پەیوەندیدار