لە هەولێر ٥٠ تیمی شارەوانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی لافاو لە ئەرکدا دەبن



عەبدولواحید ئەحمەد سەرۆکی شارەوانی هەولێر ، “ئەو تیمانە بەر لە بارانبارین دەگەنە ئەو شوێنانەی کە وەک خاڵی لاواز دەستنیشانکراوە کە نزیکەی ٥٠ خاڵ دەبێت و لەوێ چارەسەری ئەو گرفتانە دەکەن کە لە ڕێڕەوەکانی ئاو دروست دەبن”.

سەرۆکی شارەوانی هەولێر ڕایدەگەیەنێت کە ماوەی چوار مانگە خەریکی پاککردنەوەی چەپەرەکانی ئاو وەرگرتنن (مەنهۆڵ) و جەختیش لەوە دەکاتەوە کە چەند تیمێکی ئێشکگر وەکو ئامادەباشییەک کە تەواوی کەرەستە و پێداویستییەکانییان لەبەردەستە چەند خاڵێکیان بۆ دیاریکراوە و، بەر لە بارانبارین لەو خاڵانە ئامادە دەبن بۆ ئەوەی ڕێگریی لە درووستبوونی لافاو بکەن.

سەرۆکی شارەوانی هەولێر لەبارەی هەنگاوەکانی شارەوانی بۆ پاککردنەوەی چەپەرەکانی ئاو و ڕێگرییکردن لە دروستبوونی لافاو، ئاماژەی بەوەکردووە، “لە سەرۆکایەتیی شارەوانی هەولێر بەر لە وەرزی بارانبارین بە هەماهەنگی سەرجەم شارەوانییەکان، دەست دەکەین بە پاککردنەوەی چەپەرەکانی ئاو وەرگرتن (مەنهۆڵ)، لە مانگی تەمووزەوە تا ئێستا لەم پڕۆسەیە بەردەوامین بۆ ئەوەی لە کاتی بارانبارین هیچ گرفتێک دروست نەبێت، لەلایەکی دیکەوە چەند تیمێکی ئێشکگرمان دەستنیشانکردووە، ئەو تیمانە بەر لە بارانبارین دەگەنە ئەو شوێنانەی کە وەک خاڵی لاواز دەستنیشانکراوە کە نزیکەی ٥٠ خاڵ دەبێت و لەوێ چارەسەری ئەو گرفتانە دەکەن کە لە ڕێڕەوەکانی ئاو دروست دەبن”.

ماوەی چوار مانگە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی سەر بە شارەوانی هەولێر، لە پڕۆسەی گەڕان و پاککردنەوەی ڕێڕەوەکانی ئاون و بەوتەی سەرۆکی شارەوانی هەولێر، هۆکاری گیرانی ئەو ڕێڕەوانەی ئاو، زیاتر ئەو پاشماوانەن کە هاووڵاتییان فڕێی دەدەن.

لەمبارەیەوە سەرۆکی شارەوانی هەولێر، عەبدولواحید ئەحمەد گوتی: “ئەوەی کە تێبینیمان کردووە لە چەپەرەکانی وەرگرتنی ئاو، بلۆک و تایە و پاشماوەی دیکەی تیادابووە، دەمەوێت لێرەوە هاووڵاتییان ئاگاداربکەمەوە کە ئەم شارە موڵکی هەمووانە و پاراستنی پاک و خاوێنی بنەمایەکی گرنگە و، پێویستە هەمووان ڕەچاوی بکەن”.

شاری ھەولێر لە ڕووی پانتاییەوە گەورەترین شاری ھەرێمە و هەر بۆیەش بوونی ژمارەیەکی زۆر لە ئۆتۆمبێل و کارگە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر پسیبوونی شارەکە هەیە و بۆ پاککردنەوەی ئەم ژینگەیە پێویستی بە ڕێژەیەکی زیاتری سەوزایی هەیە.

لەبارەی پشتێنەی سەوزاییەوە، سەرۆکی شارەوانی هەولێر وتی، “پشتێنەی سەوزایی، پانتاییەکەی دوو کیلۆمەترە و درێژییەکەی ٨٠ کیلۆمەترە، واتا بە گشتی ١٦٠ کیلۆمەتر سەوزاییە، ئێستا ئەم پڕۆژەیە لەلایەن چەندین تیمی وەزارەت و پارێزگا لێکۆڵینەوەی لێ دەکرێت و زۆنەکان دابەش دەبن بۆ ئەوەی ببێتە پشتێنەیەک بۆ شاری هەولێر و دەبێتە خاڵێکی بەهێز بۆ بەرزکردنەوەی ڕێژەی سەوزایی لە شاری هەولێر”.

چوار بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیرکران
پێشت چوار بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیرکران
سامانە سروشتییەکان: نەوتمان بەسەر نیو ملیۆن خێزاندا دابەش کردووە
دواتر سامانە سروشتییەکان: نەوتمان بەسەر نیو ملیۆن خێزاندا دابەش کردووە
ەیوەندیدار