موقتەدا سەدر داوای لە لایەنگرانی کرد بایکۆتی ھەڵبژاردنەکان بکەن



سەرکردەی ڕەوتی سەدر، موقتەدا سەدر بۆ لایەنگرانی خۆی: “بایکۆتکردنی ئێوە لە ھەڵبژاردنەکاندا، کارێکە دڵخۆشم دەکات و دوژمن توڕە دەکات”.

سەرکردەی ڕەوتی سەدر، موقتەدا سەدر داوای لە لایەنگرانی خۆی کرد کە بایکۆتی ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بکەن و ڕایگەیاندووە کە بایکۆتکردنی لایەنگرانی ڕەوتی سەدر لە ھەڵبژاردنەکاندا، کارێکە خۆی دڵخۆش دەکات و دوژمنەکەی توڕە دەکات.

موقتەدا سەدر لە ڕاگەیاندراوێکدا بۆ لایەنگرانی ڕەوتی سەدر ئاماژەی بەوەکردووە، “ئەگەر ئێوە لەگەڵ گەندەڵکاران، بەشداری لە ھەڵبژارانەکاندا بکەن، ئەوە زۆر دڵتەنگم دەکات، بەڵام بایکۆتکردنی ئێوە لە ھەڵبژاردنەکاندا، کارێکە دڵخۆشم دەکات و دوژمن توڕە دەکات، ھەروەھا بەبێ بەشداریکردنی ئێوە لە پڕۆسەکە، ئەوا ڕەوایەتی دان بە ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەڵەتی کەم دەکاتەوە، جگە لەوەش ھەژموونی گەندەڵکاران و شوێنکەوتووان لەسەر عێراق کەم دەکاتەوە”.

باسی لەوەشکردووە، “لەئێستادا، دۆخی جیهانی و ھەرێمی کاریگەری لەسەر دۆخی عێراق دروست کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت بەردەوام وریا و لە ئامادە باشیدابین، چونکە دوژمن بەردەوام چاودێری عێراق و پیرۆزییەکانمان دەکات”.

موقتەدا سەدر کە لە ھەڵبژاردنە گشتییەکەی ساڵی ٢٠٢١دا، زۆرترین ژمارەی کورسی بە (٧٣ کورسی) بەدەست ھێنا، لە ٢٩ی ئابی ٢٠٢٢دا کشانەوەی لە پرۆسەی سیاسیی ڕاگەیاند.

وا بڕیارە لە ڕۆژی ١٨ی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ، ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە عێراق ئەنجام بدرێت، ئەوەش لەکاتێکدایە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە عێراق، ماوەی ١٠ ساڵە ئەنجام نەدراوە.

دوایین ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە عێراق لە ساڵی ٢٠١٣دا ئەنجامدرا و لە ساڵی ٢٠١٩دا، بە بڕیاری ئەنجوومەنی نوێنەران کاری ئەنجوومەنی پارێزگاکان سڕ کرا.

هاتووچۆ: هۆکاری 70٪ ڕووداوەکان بۆ بەکارهێنانی مۆبایل دەگەڕێتەوە
پێشت هاتووچۆ: هۆکاری 70٪ ڕووداوەکان بۆ بەکارهێنانی مۆبایل دەگەڕێتەوە
“ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم زيانێكى گه‌وره‌ى به‌ داهاتى گشتيى عێراق گه‌ياندووه”
دواتر “ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم زيانێكى گه‌وره‌ى به‌ داهاتى گشتيى عێراق گه‌ياندووه”
ەیوەندیدار