پزیشكێكی منداڵان ڕێنمایی دایكان و باوكان دەكات بۆ خۆپارێزی لە پەتای وەرزی



پزیشكێكی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی منداڵان باس لە پەتای وەرزی و نیشانەكانى دەكات و ڕێكارەكانی خۆپارێزی بۆ دایكان و باوكان ڕووندەكاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، بڕێكی زۆری شلەمەنی لە ئاو و شەربەت و شۆربای مریشك بدەن بە منداڵەكانتان.

د. پشدەر عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی لە ڕوونكردنەوەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، پەتای وەرزی نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە، بەشی سەرەوەی کۆئەندامی هەناسە تووش ئەبێت یەک بۆ سێ ڕۆژ دوای بەریەک کەوتن لەگەڵ ڤایرۆسەکە و بۆ ماوەی هەفتەیەک بۆ ۱۰ ڕۆژ بەردەوام ئەبێت.

سەبارەت بە مەترسی نەخۆشییەكە دەڵێت: “نەخۆشیەکی ترسناک نیە و خۆی چاک ئەبێتەوە دوای تەواو کردنی سوڕی ڤایرۆسەکە”.

نیشانەکانی:
۱-لووتی تەڕ ئەبێت.
۲-قوڕگی خوران و ئازاری ئەبێت.
۳-کۆکە.
٤-هەست بە ئازارو بێتاقەتی ئەکات.
٥-پژمە.
٦-تایەکی کەم هەندێکجار تایەکی بەرز.
۷-بە گشتی هەست بە باشی ناکات.

لە چ کاتێکدا پێویستە پزیشک بیبینێت:
۱-تا بەرزتر لە ۳۸ پلی سیلیزی لە منداڵی خوار تەمەنی سێ مانگ.
۲-بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی یان مانەوەی تاکەی بۆ زیاتر لە سێ ڕۆژ.
۳-نیشانەکانی بەرەو خراپی بڕۆن.
٤-سەرئێشەیەکی زۆر و کۆکەیەکی زۆر.
٥-خیزەی سنگ.
٦-ئازاری گوێچکە.
۷-ئارەزووی خواردنی نەمێنێت.
۸-هۆشی بەرەو خراپی بڕوات.

چۆنیەتی خۆپاراستن:
۱- بەردەوام دەستی منداڵەکە بە سابوون بشۆ.
۲-بەردەوام ئاگاداری پاک و خاوێنی مەتبەخ و حەمام بە.
۳-بەردەوام کلێنێکس بەکاربهێنە بەتایبەت لە کاتی کۆکە و پژمە،منداڵەکەت فێر بکە لەکاتی نەبوونی کلێنێکس ئەگەر کۆکەو پژمەی هات با سەر بنێت بە ئانیشکیەوە بۆئەوەی ڤایرۆسەکە بڵاونەکاتەوە.
٤-هەوڵ بدە بەهیچ شێوەیەک کەوچک و پەرداخی کەسی تووشبوو بەکارنەهێنێت.
٥-هەوڵ بدە بەریەک کەوتنی لەگەڵ کەسی تووشبوو نەبێت.

چارەسەرەکانی لە ماڵەوە:
۱-خواردنەوەی بڕێکی زۆر لە شلەمەنی وەک ئاوو شەربەت وەک شەربەتی گەرمی لیمۆ.
۲-خواردنی شۆربای مریشک.
۳-پشوودان لە ماڵەوە.
٤-ڕێکخستنی پلەی گەرمی و شێداری ژووری پشوودانی منداڵەکەت،نابێت زۆر گەرم بێت یان سارد بێت،یان ووشک بێت.
٥-غەڕغەڕەکڕدن بە خوێ و ئاو (خوێواو).

 

سەرۆك كۆمار: دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆی فه‌له‌ستین كه‌ قودس پایته‌ختی بێت
پێشت سەرۆك كۆمار: دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆی فه‌له‌ستین كه‌ قودس پایته‌ختی بێت
سودانی بڕیاری پێدانی مووچەی بە منداڵانی نەخۆش دەركرد
دواتر سودانی بڕیاری پێدانی مووچەی بە منداڵانی نەخۆش دەركرد
ەیوەندیدار