نرخی مریشک ٤ هەزار دیناری تێپەڕاند



ئەمڕۆ شەممە، نرخی کیلۆیەک مریشکی زیندوو بەراورد بە سەرەتای ئەم مانگە نزیکەی ٪٣٠ بۆ ٪٤٠ بەرزبووەتەوە، ئەمڕۆ کیلۆی بە چوار هەزار و ٢٥٠ دینار دەفرۆشرێت.

ئەمڕۆ شەممە، محەمەد ئاراس فرۆشیاری مریشکی زیندوو لە سلێمانی بۆ (خەڵک) ڕایگەیاند، نرخی کیلۆیەک مریشک چوار هەزار و ٢٥٠ دینار دەفرۆشرێت، ئەمەش لە کاتێکدایە مانگی ڕابردوو کیلۆیەک مریشکی زیندوو لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بە دوو هەزار و ٥٠٠ بۆ سێ هەزار دینار دەفرۆشرا.

سەبارەت بە گرانبوونی نرخی مریشک ئاماژەی بەوەکرد، حکومەت هاوکاری خاوەنی کێڵگە پەلەوەرییەکان ناکات، ئەوان زەرەر دەکەن و برێکی کەمتر لە مریشکیان بۆ پێدەگات هەر بۆیە مریشک کەمە و پێویستییەکانی بازاڕ ناکاتەوە.

ئەو مریشک فرۆشە باسی لەوەشکرد، ئێستا بەهۆی قەیرانی دارایی و نەبوونی مووچەوە بە گشتی خواست لەسەر مریشک کەمیکردووە و خەڵک توانای کڕینیان نییە، بەڵام بەم شێوەیەش ئەو بڕەی لە بازاڕ هەیە خواستی هاووڵاتیان پڕ ناکاتەوە بۆیە نرخەکەی بەرزبووەتەوە.

هاوکات دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار  کاریگەری لەسەر کێڵگە پەلەوەرییەکان هەیە، نزیکبوونەوەی وەرزی سەرما و هەناردەکردنی مریشک بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراق بە هۆکاری دیکەی بەرزبوونەوەی نرخی مریشک دادەنرێن.

بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، ساڵانە زیاتر لە ١٠٥ ملیۆن مریشک لە هەرێمی کوردستان گەورە دەکرێن و دەخرێنە بازاڕەوە، کە دەکاتە نزیکەی ٢٥٠ هەزار تۆن گۆشتی سپی.

هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر لوبنان گەیشتە ئاستێکی بەرز
پێشت هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر لوبنان گەیشتە ئاستێکی بەرز
سبەینێ ناڕەزایەتی مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆ بەڕێوەدەچێت
دواتر سبەینێ ناڕەزایەتی مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆ بەڕێوەدەچێت
پەیوەندیدار