ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان هەیە



بەهۆی كۆتایی هاتنی دانیشتنەكانی پەرلەمان و چوونە پشووەوە و كۆتایی هاتنی تەمەنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق، مەترسی دووبارە دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەئارادایە و پەرلەمانتارێكی یەكێتی لە بەغدا ئاشكرای دەكات، كە دەبێت پەرلەمان پێش پشووی یاسادانان تەمەنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان درێژ بكاتەوە.

بەپێی مەرسوومی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، لە 25ی شوباتی ساڵی داهاتوو هەڵبژاردن بۆ خوولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام دەدرێت، ئەوەش دوای ئەوەی دادگای فیدڕاڵی عێراق بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان.

کاروان یاروەیس، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، پێویستە پەرلەمانی عێراق پێش دەست پێیکردنی پشووی وەرزی یاسادانان دانیشتنێکی تایبەت بە درێژکردنەوەی تەمەنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجام بدات

ڕوونیشی كردەوە، 7ی مانگی 1ی ساڵی داهاتوو تەمەنی یاسایی کۆمیسیۆن کۆتایی دێت و پەرلەمانیش ١٠ی ١ ی ساڵی داهاتوو پشووکەی کۆتایی دێت و لەدوای تەواوبوونی پرۆسەی دەنگدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کۆمیسیۆن ١٩ ڕۆژ تەمەنی یاسایی دەمێنێتەوە و بەوەش ناتوانێ پرۆسەی جیاکردنەوە و وردبینی و یەکلاییکردنەوەی سکاڵاکان و پەسەندکردنی ئەنجامی کۆتایی ئەنجام بدات.

دەشڵێت: “هەر بەو هۆكارەش كۆمسیۆن ناتوانێ درێژە بە ئامادەکارییەکانی بدات بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بۆیە وا پێویست ئەکات تەمەنی درێژ بکرێتەوە”.

جەختیشی كردەوە، سەرباری ئەوەی لە ٩ ی ئەم مانگەوە پەرلەمان دەبوو بچێتە پشووی وەرزی یاسادانانەوە، كە بۆ دوو مانگە، بەڵام هێشتا بە فەرمی سەرۆکی پەرلەمان راینەگەیاندووە و هێشتاش ژمارەی ئەو دانیشتنانەی کە پێویستە پەرلەمان لەهەر وەرزێکی یاسادانان ئەنجامی بدات تەواو نەبووە و چەند دانیشتنێکی ماوە.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە پێشتریش گوڵستان سەعدید، سەرۆكی فراكسیۆنی پەرلەمان لە خوولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان جەختی لەوە كردبووەوە، كە بەدوور نازانرێت لە مانگی شوباتی داهاتوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە هۆکاری یاسایی پەیوەست بە کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوەبچێت، بەو پێیەی لە 7ی 1ی 2024 ماوەی كۆمسیۆن کۆتایی دێت و دوای ئەو وادەیە شەرعیەت لەدەست دەدات.

سەبارەت بە پێدانی متمانە و دامەزراندنی کۆمسیۆنێکی نوێ، ئەو بەرپرسەی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت: “ئەم بابەتە پێویستی بە ماوەیەكە، كە لە 6 مانگ كەمتر نەبێت، ئەمەش بەو مانایەیە کە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پێش پاییزی 2024 ئەنجام نادرێت”.

بڕیاری سودانی بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ئاشكراكرا
پێشت بڕیاری سودانی بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ئاشكراكرا
مونا قەهوەچی: تورکمان نوێنەرایەتی راستەقینەی لە پەرلەمان دەبێت
دواتر مونا قەهوەچی: تورکمان نوێنەرایەتی راستەقینەی لە پەرلەمان دەبێت
ەیوەندیدار