بەخشراوەکەی سلێمانی ڕەوانەی نەخۆشخانە کرا



بەڕێوەبەرایەتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی سلێمانی سەبارەت بە بەخشراوێک کە لە ناوبازاردا ئازاری ھاووڵاتیانی داوە، دەڵێت، ھەرچەندە داڵدەدانیان کاری وەزارەتی تەندروستییە، بەڵام ئەوان ھەوڵیانداوە بەکاتی شوێنێکیان بۆ دابینبکەن.

بەڕێوەبەرایەتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی سلێمانی لە رونکردنەوەیەکدا باسی لەوەکردووە، بەگوێرەی یاسا داڵدەدانی بەخشراوەکان و ھەموو ئەوانەی بەجۆرێک نەخۆشی دەرونیان ھەیە بەشێک نییە لە ئەرکی ئەوان و وەزارەتی تەندروستی لێی بەرپرسیارە، ئەوەی تائێستاش وەزارەتی کار بۆ بەخشراوان لەئەستۆی گرتووە تەنھا لەسەر ڕاسپاردەی وەزیری کار بووە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، لەئێستاشدا بەھەماھەنگی وەزارەتی تەندروستی ژمارەیەک ڕێکار بۆ پاراستن و داڵدەدانیان گیراوەتەبەر، ھەرچەندە کە جێگەیەک یان ماڵێکی تایبەتیش بە بەخشراوان نیە و ھەرکاتێک بەخشراوێک داڵدە دەدەن دەبرێتە ماڵی بەساڵاچوان کە گرفت بۆ بەساڵاچوان دروستدەکات و ھەندێ جار ئازاری بەساڵاچوانیش دەدەن.

ھاوکات، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی راگەیاند، ئەو بەخشراوەی کە لەناوبازاڕدا ئازاری ھاووڵاتیانی داوە، لەلایەن ھێزەکانیانەوە دۆزراوەتەوە و بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەری دەرونی رەوانەی نەخۆشخانەی شەھید ھێمن کراوە.

تا ئێستا لە سلێمانی شوێنێکی تایبەت بە داڵدەدانی بەخشراوان نییە و هەندێک جار بۆ نەخۆشخانە و هەندێک جاری تر دەبرێنە خانەی بەساڵاچوانەوە، لەهەمان کاتتدا گرفت بۆ ئەو شوێنانەش دروست دەکەن، بەتایبەت خانەی بەساڵاچوان، کە هەندێک جار دەبێتە هۆی بێزاری و ئازاردانی بەساڵاچوان.

بڕێکی زۆر ماددەی هۆشبەر دەستی بەسەردا گیرا
پێشت بڕێکی زۆر ماددەی هۆشبەر دەستی بەسەردا گیرا
بلینکن “هاوکارییە سەربازییەکانی نێوان ڕوسیا و کۆریای باکور جێگای نیگەرانین”
دواتر بلینکن “هاوکارییە سەربازییەکانی نێوان ڕوسیا و کۆریای باکور جێگای نیگەرانین”
پەیوەندیدار