لە پێناو یەکخستنی توانا پەروەردەییەکان



ڕەئوف محەمەد ئالانی

کایە و بوار و سێکتەرەکانی کۆمەڵگەکانی مرۆڤایەتی هەمیشە بە بیر، بیرۆکەی جوان، پلان و نەخشەی زانستی و یەکخستنی تواناکان و یەکتر قبوڵکردن، قۆناغەکانی بەدیهاتن و گەیشتن بە ئامانجی گەورە و پێشکەوتن شاد بوون.

ئەگەر لە کایەی ڕامیاری کوردان بڕوانین، دەبینین ئاکام و ئەنجامی گەلی کورد چەند دوورکەوتووەتەوە، دیارە بەهۆی یەکنەگرتن و یەکنەخستنی توانا و وزە و پڕۆژەکان بووە، کە ناکۆکی و دووبەرەکی و یەکتر قبوڵنەکردن و تا گەیشتووەتە لەناوبردن و سڕینەوە و شڵەژان و ناسەقامگیری کۆمەڵایەتی و شەڕی نەگریسی خۆخۆری کە بە شەڕی براکوژی ناسراوە.

دیارە بەشێک لە مانە خودی بیرتەسکی کورد خۆی بووە و بەشەکەی تری پلان و نەخشەی دوژمنانی ئەم گەلە بووە و کاریان لەسەر کردووە، لە ئاکامیشدا ئامانجە گەورەکەی نیشتمان و نەتەوە دوورکەوتووەتەوە و بووە بە خەونێک و هیچی تر، کە ئەمەش بۆ هەموو تاکێکی نیشتمانپەروەر خەمێکی هەمیشەییە.

مەبەستمە بچمە سەر بابەتە سەرەکیەکە کە وەک هەمیشە لای زۆربەی شارەزایان و دڵسۆزان کە ئەویش پەروەردەیە، بەهۆی نەبوونی ستراتیژێکی وردی زانستی زۆر پڕۆژە نەگەیشتوونەتە هەنگاوی ئاڕاستەکراو ڕووە و ئامانجی خزمەتی پەروەردە.

ڕێزنەگرتنی یەکتر و خۆبە پاڵەوان زانین و کەسانیتر بەکەم ناسین هۆکارێکی سەرەکی ئەو یەک دەنگ نەبوونەیە، چونکە کاتێ مرۆڤەکان ناخرێنە چوارچێوەی سنووری ڕێزگرتنەوە، لە بەرامبەردا کینە و ڕق و باسکردنی خراپە شوێنی کارە ئەرێنی و باشەکان دەگرێتەوە، لەخۆڕا نییە پیرەمێردی مەزن وتویەتی: قەدری یەکبگرن گەر قەدرزانن برا بن یاکتر بەسووک مەزانن ئەوەندەی من بزانم و سەرنجم دابێت، لە ناو کوردستاندا وزە و توانای زۆر هەن کە مەبەستیانە خزمەت بە بوار و کایە گەورەکەی پەروەردە بکەن، بەڵام ئەم توانا و وزانە نەخراونەتە بۆتەیەک و یەکیان نەگرتووە.

ئەوەش چەند هۆکارێک وایان کردووە، کە دەمەوێت بەشێکیان بخەمەڕوو کە ئەمانەن:

١-خۆپەرستی و خۆخوازی هەندێک لەو کەسانە کە دەیانەوێ هەموو شتێک هەر خۆیان بن و دان بەکەسانی تر کە لەخۆیان پڕئەزموونتر و شارەزاترن بنێن.

٢-دەست وەردانی کەس و لایەنی حزبی، چونکە حزبەکانی کوردستان ئەوەندە عەقڵیان بچووک وتەسکبیرن، وادەبینن ئەوەی لەگەڵیان نەبێت جێی نابێتەوە و ناکرێ هیچی هەبێت.

٣-نەبوونی ئۆرگانێکی بێلایەن و فەرمی تا ببێتە چەتری کۆکەرەوەی تواناکان، چونکە هەموو ڕێکخراوەکانی بەناو کۆمەڵگەی شارستانی، حزبین و هەمووشیان بەسەرچوون، هەر لە یەکێتی مامۆستایان و یەکێتی نووسەران و سەندیکاکانی تریش بێگومان ئەو ئەرکە بەکەسانی ڕۆشنبیر دەکرێت، هەروەها ئەرکی ڕۆشنبیر لە کۆمەڵگادا بە ڕوونی لە ڕێگەی مامەڵەکردنی لەگەڵ تاکەکان دەردەکەوێت، کە بەرژەوەندی کۆمەڵگاکەیان دەزانن و ڕێز لە پێوەر و بەهاکانی دەگرن و دەزانن چۆن بخوێننەوە و بنووسن چونکە وا دەکات پەیامەکەی بە خێرایی بگاتە زۆرترین ژمارەی تاکەکانی کۆمەڵگە، بە واتایەکی تر، بوونی کەسانی شارەزا و خەمخۆر لە ڕێگەی قوتابخانە، ڕۆژنامە، گۆڤار و شوێنی پەرستن (مزگەوت) لە کۆمەڵگادا وەک کەناڵی بەهێز بۆ ئاراستە کردن و پەیوەندیکردن دیارە ئەمانەش بەهۆی یەکخستنی توانا و وزەی کەسە دڵسۆزەکان بەدیدێت.

یەکەم ئەرک کە ڕۆشنبیر و نووسەرانی ئەو بوارە ئاڕاستەی دەسەڵاتی جێبەچیکردنی دەکەن، ئەوەیە کە تا چەند دادپەروەری کۆمەڵایەتی جێبەجێ دەکات و هەڵوێستی تاکەکان بەرامبەری چییە (لە قبوڵکردن، پەسەندکردن، ڕەخنە، یان ڕەتکردنەوە)، مانای ئەوەیە کە وەک چاودێرێکی هۆشیار بەرژەوەندی گشتی مامەڵە دەکات و زیانی پێناگەیەنێت نەک خۆخوازی و خۆ پەرستی و خۆنمایشکردن.

خزمەتکردنی پەروەردە بە گشتی، لە پڕۆسەکە و ئەدەبی مناڵان، پێویستە نووسەران و خەمخۆران بیر و ڕاو پڕۆژەکانیان یەکبخەن تا کاری پێکەوەیی و هەماهەنگی ئەنجام بدرێت، لە پێناو بەرژەوەندی گشتی، نەک ئەوەی ئێستا هەیە هەرکەس بیرۆکەیەکی هەبێت، بڵێ من دەبمە خاوەنی پڕۆژەکە و کەسیتر نابێ لە سەرووی منەوە بێت.

دەمەوێ بە فەرمودەیەکی خودای مەزن نمونەیەکی بەرجەستەکراوی ژیانی کۆمەڵگە بخەمەڕوو کە چۆن داوامان لێدەکات لە هەموو کار و ئیشەکانماندا بۆ کاری باش هاوکار و پشتیوان بین، بەڵام بۆ کاری خراپ و نەخوازراو نەبینە هاوکار، بۆیە فەرموویەتی: {وَتَعَاوَنُوا عَلَى الْبِرِّ وَالتَّقْوَى وَلا تَعَاوَنُوا عَلَى الإثْمِ وَالْعُدْوَانِ..} بەپێی ئەزموونی کارکردنم لە بواری نووسین و ڕێکخراوەیی و پەروەردەدا، ئەمانەم بەرچاوکەوتووە، هیوادارم ئەو کەسانەی بەمکارانە هەڵدەستن ڕەچاوی هەموو لایەنەکان بکەن و واز لە خۆپەرستی بێنن لەپێناو ئامانجە گەورەکە کە پەروەردەیە.

ئاماری هەڵوەشانەوەی خێزانەکان لە عێراق بڵاودەکرێتەوە
پێشت ئاماری هەڵوەشانەوەی خێزانەکان لە عێراق بڵاودەکرێتەوە
قوباد تاڵەبانی: 10 ساڵە خەڵک لە گێژاوی کەمیی خزمەتگوزاریدا دەژی
دواتر قوباد تاڵەبانی: 10 ساڵە خەڵک لە گێژاوی کەمیی خزمەتگوزاریدا دەژی
پەیوەندیدار