سەردەمی كردارە نەك دروشم!



ن: عەبدولواحيد محەمەد
تازە هێلی شەمەندەفەری خێرای نێوان فەرەنسا و بەریتانیا خرابووە كار، بەڕێككەوت ژنێكی فەرەنسی و پیاوێكی بەریتانی دەكەونە بەرامبەر یەك، بەریتانیەكە تێبینی ئەوە دەكات ژنەكە پەشۆكاو و نیگەرانە، ئەویش پێی دەڵێت، خانم نیگەران دیاریت خۆ هیچ نەبووە، ژنەكەش دەڵێت ئەوەی راستی بێت من پارەیەكی زۆرم پێیە رەنگە لە خاڵی پشكنین لێپرسینەوەم لەگەڵدا بكەن، چونكە بەپێی یاسا پارەی زیادە قەدەغەیە، پیاوەكەش پێی دەڵێت خەم مەخۆ، چەندت پێیە دەیكەینە نیوە تا دەپەڕینەوە دوایی من بۆت دەگەڕێنمەوە، لە خاڵی پشكنینەكە سەرەتا ژنەكە دەگات، بێ لێپرسینەوەیەكی ورد دەپەڕێتەوە، لەو كاتەدا كە پیاوەكە لە دوای دەبێت، بە پۆلیسەكان دەڵێت، ئەو ژنە پارەی زیادەی پێییە، من ویژدانم قبۆڵ ناكات خیانەت لەگەڵ وڵاتەكەی خۆم بكەم، ئیتر یەك دوو رستەی نیشتمان پەروەریتر دەڵێت، وا دەكات پۆلیسەكان جارێكیتر بانگی ژنەكە بكەنەوە و ئەو پارە زیادەی پێی بوو لێی وەربگرن، ئیتر ژنەكە بە دڵشكاوی لە پیاوەكە پەڕیەوە، پۆلیسەكان لەگەڵ پیاوەكە هیچیان نەوت و بە ئاسانی پەڕیەوە، هەرچەندە ژنەكە زۆر سەرزەنشتی كرد، بەڵام پیاوەكە هیچی نەوت، بۆ بەیانی كە ژنەكە لە شوێنی حەوانەوەی خۆی بوو، لە ناكاو لە دەرگاكەی درا كە كردیەوە دیتی هەمان پیاوەكەی رۆژی پێشوە، بەڕقەوە سەیری كرد و پێی وت لێرەش لێم ناگەڕێی ، پیاوەكە پێی وت نیگەران مەبە، زەردەخەنەیەكی كرد و زەرفەكی دایە دەستی، پێی وت ئەمە پارەكەت و زیادەشی لەسەرە، بۆ زانین بەو بەسەرهاتەی تۆ و بەقسە لوس و بریقەدارەكانی خۆم، پارەیەكی زۆری خۆمم پەڕاندەوە، سوپاست دەكەم.

تا ئێرە ئەوە كەین و بەینی ئەو ژن و پیاوە بوو، ئەوەی بەلای منەوە گرنگە و دەمەوێ هەڵوەستەی لەسەر بكەم، دوو دێرەكەی كۆتاییە كە پیاوەكە بە فرۆشتنەوەی نیشتمان پەروەری و دڵسۆزی، فێڵی لە ژنەكە و لە وڵاتەكەشی كرد، ئەوەی راستی بێت ئەو جۆرە كەسانە لە نیشتمانەكەی ئێمەش زۆر زۆر و لە پلە و پۆستی جۆراو جۆریشدان، رۆژانە لە كەناڵەكانی راگەیاندن و سەكۆی جیاوازدا گوێمان لە لێدوان و بۆچونەكانیان دەبێت، هەموی كۆ بكرێتەوە رێك لەو دروشمانە دەچێت كە ئەو پیاوە لە خاڵی پشكینەكە بەرامبەر بە ژنەكە و وڵاتەكەی شاباشی پێكرد، زۆربەمان راپەڕینمان لە بیرە لەم هەرێمەی ئێمە دەوڵەمەندەكان لە پەنجەی دەست تێپەڕیان نەدەكرد نەهەنگیش هەر نەبوو، ئێستا لە ژمارە نایێن، سەروەت و سامانێكیان كۆكردۆتەوە هەر مەپرسە چەندە زۆرە، بە دڵنیاییەوە ئەو هەموو سەروەتە كەڵەكە بووە، بە ئارەقەی نیوچەوان پەیدا نەكراوە، بەشی زۆری بەو شێوە دروشمانەیە كە ئاماژەمان پێدا، ئەوەتا بە رۆژی روناك و بە بەرچاوی هەموانەوە بەو رستەو دەستەواژانە، خۆڵ لەچاوی مامۆستایان و فەرمانبەران و خەڵكی بەش مەینەت دەكرێت، ئەوە سێ مانگە موچە نەدراوە، بەرزكردنەوەی موچە راگیراوە كە مانگانە پاشەكەوتی شاراوەی پێوە دەكرێت هەروەها خزمەتگوزاری پێویستە ، كەچی لەلایەن ئەو كەسانەوە نەبایە و نەبارانە، لەبەرامبەردا كۆمەڵێك دروشم دەفرۆشنەوە كە دەبێت بزانن خەڵك تێری لێیان خواردووە بەلایانەوە پولێك قەڵپ ناهێنێ، چونكە راستیەك هەیە وەك رۆژی روناك دەیبنرێت، ئەوانە دروشم دەڵێنەوە، چونكە نە خۆیان نە ماڵیان نە منداڵیان تەنانەت نەوەكانیشیان لە هیچیان كەم نیە، بۆ خواردنێك سەفەری فەرەنسا و ئیمارات دەكەن، بۆ دەستێك جل دەچنە هایبەرماركێتی ناوەڕاستی لەندەن و شانزێ لینزێی پاریس، بۆیە ئەو قسە باقو بریقانە هەمویان سواینەوە، زۆر باشە چیتر نەیڵێن و نەیكەنە كاڵای گەرمكردنی بازاڕی سیاسی و گەوجاندنی خەڵك، ئێستا سەردەمی كردارە نەك دروشم، كردارەكەش لەم دەستەواژە پڕ مانایە تێپەڕ ناكات، چیتر پەنا مەبەنە بەر دروشم فرۆشتنەوە، ئەوەی هەتانە و پێتان دەكرێت بیدەنە ئەم خەڵكە دڵسۆز و خۆنەویستە، دەنا رۆژێك دێت پەنجەكانتان دەشكێننەوە ئەودەمیش داد نادات.

بە ڤیدیۆ؛ قوربانیانی فەلەستین 10 هەزار كەسی تێپەڕاند
پێشت بە ڤیدیۆ؛ قوربانیانی فەلەستین 10 هەزار كەسی تێپەڕاند
پیاوە باڵابەرزەكەی جیهان كۆچی دوایی كرد
دواتر پیاوە باڵابەرزەكەی جیهان كۆچی دوایی كرد
ەیوەندیدار