زیرەکی زانیاری (IQ) و  زیرەکی سۆزداری (EQ) چین و جیاوازییەکانی نێوانیان چی یە؟



 

‎زۆرینەی خەڵکی یەکەمین شتێک کە دەربارەی منداڵەکانیان دەیپرسن و بەلایانەوە گرنگە و شانازیی پێوە دەکەن، زانینی زمانێکی زیاتر، نمرەی بەرز و یەکەم بوونیانە لە پۆل و قوتابخانەکانیان.

‎ڕاستکردنەوەی ھەڵەیەک کە بەبێ ئاگایانە زۆرینەی باوانی منداڵەکان دەیکەن ئەوەیە ھەموو ھۆش و بیریان لای ئەوەیە چۆن منداڵەکانیان زمانێکی زیاتر فێر ببێت، چۆن ببێتە یەکەمی پۆلەکەیی و قوتابخانەکەی و نمرەکانی ھەمووی لە ئاستی باڵادا بێت…هتد

‎ھەڵبەتە بۆ ھەریەکێک لە ئێمە ڕادە و ئاستی زیرەکی زانیاری (IQ) ی منداڵەکانمان بۆ  گرنگە، لێ گرنگیشە ڕادە و ئاستی زیرەکی سۆزداری (EQ) ی منداڵەکانیشمان بە لاوە گرنگ بێت و گەشەی پێبدەین.

‎پێویستە بزانین منداڵەکانمان چەندێک درک بە تواناکانی خۆیان دەکەن، چەندێک ھاوسۆزن، چەندێک توانای کۆنتڕۆڵکردن و بەڕێوەبردنی ھەڵچوونەکانیان و پەیوەندییەکی دروستی کۆمەڵایەتیان ھەیە. لەگەڵ ئەوەشدا چەندێک ھەست بە بەرپرسیاریێتی دەکەن و  ئاشنان  بە خۆیان و تواناکانیان.

ئەم بابەتە بە وشەی سادە ڕوونی دەکاتەوە کە (IQ) و (EQ) چین و جیاوازییەکانی نێوانیان چین، لەگەڵ ئەوەشدا، ئێمە ڕوونی دەکەینەوە کە بۆچی هەردووکیان زۆر گرنگن و چۆن دەتوانیت پەرەیان پێ بدەیت و بیانپێویت.

 

پێناسەی زیرەکی:

زیرەکی ئەو لێهاتووییەیە کە ڕێگەمان پێدەدات کێشەکان چارەسەر بکەین، لە دۆخی نوێ تێبگەین و بە شێوەیەکی کاریگەر مامەڵە لەگەڵ گۆڕینی بارودۆخەکان بکەین.

لە ڕابردوودا تاکە ئامرازی پێوانەکردنی زیرەکی تاقیکردنەوەکانی (IQ) بوو. لەماوەی ساڵانی ڕابردوو، دەروونناسان بۆیان دەرکەوت کە تاقیکردنەوەکانی (IQ) بەس نین بۆ ئەوەی وێنەیەکی تەواوی زیرەکی ببەخشن، بۆیە (EQ) داھێنرا.

 

زیرەکی زانیاری (IQ):

توانای زیرەکی کەسێکە، پەیوەندی بە بەدواچوونی فیکرییەوە هەیە. وەک توانای فێربوون، تێگەیشتن، لەبەرکردن، پێشبینیکردن و گواستنەوەی زانیاری.

یان دەتوانین بڵێین:

‏ زیرەکی زانیاری(IQ)  ئەو نمرەیەیە کە لە تاقیکردنەوەکانەوە وەرگیراوە کە کرداری مەعریفی، توانا ئەکادیمییەکان، تێگەیشتنی لۆژیکی و ناسینەوەی شێوازەکان تاقی دەکاتەوە.

ئەو تاقیکردنەوانە بە تاقیکردنەوەکانی (IQ) ناودەبرێن و چەندین ساڵە لەلایەن پزیشکی دەروونییەوە ئەنجام دەدرێن.

بەشێوەیەکی ئاسایی (IQ) سەرکەوتنە ئەکادیمییەکان پێوانە دەکات و لە ئەنجامدا لە توانای هەڵبژاردنی پیشەدا ڕەنگ دەداتەوە.

 

زیرەکی سۆزداری  (EQ)

‏(EQ) هێمایە بۆ “سۆزداری” یان “زیرەکی سۆزداری” ئەم چەمکە بۆ یەکەم جار

لە ساڵی 1990دا ڕەوایەتی زانستیی بەدەستهێنا.

ئەگەر بەدوای پێناسەی فەرمی (EQ) بگەڕێیت، لەوانەیە پێناسەیەکی قایلکەر نەدۆزیتەوە. لەبەر ئەوەی ئەم بوارە تا ڕادەیەک تازەیە، بۆیە زۆرێک لە دەروونناسان بە شێوەیەکی جیاواز پێناسەی دەکەن.

 

وردترین پێناسەی (EQ)، بە پێی دەروونناسانی زانکۆی یەیڵ، بریتییە لە: “زیرەکیی سۆزداری بریتییە لە دەستەیەک لە چوار توانای پەیوەندیدار: هەستکردن، بەکارهێنان، تێگەیشتن، و بەڕێوەبردنی هەستەکان.”یان بەشێوەیەکی ڕوونتر و ئاسانتر دەتوانین بڵێین:

ئاماژە بە توانای تاک دەکات بۆ دەربڕینی هەستەکان، ناسینی تواناکانی خۆی (خودناسی)، توانای ئیدارەکردنی ھەڵچوونەکان، توانا و لێھاتوویی لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و ھاوسۆزی لەگەڵ ھاوڕێ و کەسانی تردا.

وە نەک تەنها هەستەکانی خۆمان، بەڵکوو ئەوانەی دەوروبەریشمان. ئەندامانی خێزان، هاوکاران و منداڵەکانمان. لەبەر ئەوە، زیرەکی سۆزداری کاریگەری لەسەر سەرکەوتنی ئێمە ھەیە لە دایکوباوکایەتی، کارکردن، قوتابخانە و پەیوەندییەکان.

بیستنی ئەمە جێگای سەرسوڕمانە، بەڵام ئەنجامەکانی زۆربەی لێکۆڵینەوە پزیشکییەکان کە لەم ساڵانەی دواییدا ئەنجامدراون، ئاماژە بەوە دەکەن کە زیرەکی سۆزداری کاریگەری بەسەر سەرکەوتن لە تاقیکردنەوە، فێربوون و پیشەدا ھەیە.

 

جیاوازیی نێوان زیرەکی زانیاری(IQ)  و زیرەکی سۆزداری (EQ)

‎زیرەکی زانیاری(IQ) زیرەکییەکە خواپێداوە و دیاریکراوە، زیرەکییەکە بەدەست ئێمە نییە.

‎ توانای فێربوون، لەبەرکردن، تێگەیشتن، گواستنەوەی زانیاری و توانای پێشبینیکردن. ئەو پێوەرانەن کە دەتوانین ڕادەی زیرەکی زانیاری (IQ) منداڵەکانمانی پێ بزانین.

زیرەکی سۆزداری (EQ):

‎جیاوازترە لە زیرەکی زانیاری و مرۆڤ دەتوانێ خۆی گەشەی پێ بدات لە منداڵەکەیدا.

‎لە زیرەکی سۆزداری (EQ)، بەھۆی کۆمەڵێک مامەڵەوە لەگەڵ منداڵەکان پێمان دەڵێت: زیرەکی سۆزداری منداڵەکە (EQ) تاکوو چ ڕادەیەکە. وە پێمان دەڵێت کە ئەو منداڵە لە داھاتوودا کەسێکی سەرکەوتوو و لێھاتوو دەبێت یاخوود نا.

‎ناسینی تواناکانی منداڵ خۆی (خودناسی)، توانای ئیدارەکردنی ھەڵچوونەکان، توانا و لێھاتوویی لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و ھاوسۆزی لەگەڵ ھاوڕێ و کەسانی تردا کۆمەڵێک پێوەرن کە ڕادەی زیرەکی سۆزداری منداڵەکەی پێ دیاری دەکرێت.

‎ کاتێک منداڵێک زیرەکی زانیاری (IQ) بەرزە و زیرەکی سۆزداری (EQ) نزمە منداڵێکە لە داھاتوودا لەوەیە سەرکەوتوو بێت، بەڵام خۆشحاڵ نابێت و چێژ لە ژیانیدا بەپێی پێویست نابێت، چونکە زیرەکی سۆزداری کاریگەری تەواوەتی لەسەر چێژ و دڵخۆشی منداڵەکان ھەیە لە داھاتوودا، بەڵام کاتێک منداڵێک زیرەکی سۆزداری (EQ) بەرزە منداڵێکە چێژ و خۆشی لە ژیان و پەیوەندییەکان دەبینێت و شاد و خۆشحاڵە.

‎ ئەگەریش منداڵەکە ھەم زیرەکی زانیاری (IQ) و زیرەکی سۆزداری (EQ) بەرزبوو ئەوە منداڵێک دەبێت ھەم چێژ لە ژیان دەبینێت و ھەم سەرکەوتوو دەبێت.

ڕادەی نزمی زیرەکی زانیاریی (IQ)، بە واتای ئەوە نایەت کە تاک ناتوانێت کوالێتییەکی بەرزی ھەبێت لە ژیانیدا.

مخابن! بەشێکی زۆری باوانی منداڵەکان بەبێ ئاگایی تووشی ھەڵە بوونە و بێ ئاگان لێی ئەویش شانازیکردنیان بە زیرەکی زانیاری (IQ)  و پشگوێخستنی زیرەکی سۆزداری (EQ) منداڵەکانیانیان.

 

(IQ) و (EQ) منداڵەکان چۆن دەپێورێن؟

‏(IQ) دەتوانرێت بە تاقیکردنەوەی وەڵامدانەوەی پرسیارەکان و بەدەستهێنانی ئەنجامەکە بپێورێت. لە وتاری: “https://www.brainalytics.org/articles/measure-intel”، لەو شێوازانە تێدەگەیت کە بەکاردێن بۆ پێوانەکردنی (IQ).

لەڕێگەی “free IQ test online”ـەوە پەرەدراوە بە تاقیکردنەوەی سەرھێڵی خۆڕایی(IQ)، کە ئەوە وەک تاقیکردنەوەی دەرھێڵی باو ڕاست نییە، بەڵام لەسەر بنەمای لێکۆڵینەوەی گشتگیر و ئەزموونییە.

بۆ وەرگرتنی تاقیکردنەوەی (EQ)، پێویست دەکات دەروونناسێک منداڵەکە ببینێت و چاوپێکەوتنی لەگەڵ بکات.

(EQ)، بە شێوەی (IQ) ناتوانرێت بپێورێت. هیچ “ژمارەیەکی جادوویی” نییە کە بتوانێت منداڵەکەت پلەبەندی و ڕیزبەندی پێبکات لەگەڵ منداڵانی تردا.

بە پێی تێڕوانینی لە منداڵەکە، دەروونناس دەتوانێت خەمڵاندن بکات کە ئایا (EQ)ی منداڵەکە بەرزە، ئاساییە یان نزمە. هەروەها دەتوانیت ئەو وێبسایتانە بدۆزیتەوە کە بەشێوازی سەرھێڵ ئەم پرسیارانە پێشکەش دەکەن، بەڵام ئەوان وەک ئەو هەڵسەنگاندنە وردنین، کە لەلایەن دەروونناسێکی پسپۆڕەوە بەشێوەی ڕووبەڕوو لەگەڵ منداڵەکەت ئەنجام دەدرێت.

کامیان گرنگترە، (IQ) یان (EQ

‎زیرەکی زانیاری(IQ) یان زیرەکی سۆزداری(EQ)؟

‎تێڕوانینی جیاواز هەیە لەسەر ئەوەی ئایا (IQ)  یان (EQ) گرنگترە. ئەوانەی کە لایەنگیری (EQ) دەکەن دەڵێن: “(IQ) باڵا لە قوتابخانە دەربازت دەکات، بەڵام  (EQ) بەرز چێژ و خۆشی بە ژیانت دەدات.”

بێگومان هەردوو فاکتەرەکە گرنگن، بەڵام گرینگییەکە بۆ هەر تاکێک جیایە.

کەواتە لە وەڵامی پرسیاری: “کامیان گرنگترە: (IQ) یان (EQ)؟” هیچ براوەیەکی ڕوون نییە. هەردووکیان گرنگن بۆ بەڕێوەبردن و مامەڵەکردن لەگەڵ بەرەنگارییە هەمەجۆرەکان بە شێوەیەکی کاریگەر.

ئایا دەکرێت (IQ) و (EQ) زیاد بکرێن؟

زیادکردنی (IQ)

سەبارەت بەزیادبوونی (IQ)هیچ کۆدەنگییەکی ڕوون لەنێوان زانایاندا بەدی ناکرێت، لێکۆڵینەوە نوێیەکان بە شێوەیەکی زۆرباش دەریدەخەن کە ئەگەری باشترکردنی(IQ)ی منداڵەکان هەیە.

زیادکردنی (EQ)

زیرەکی سۆزداری (EQ) توخمی بۆماوەیی هەیە و هەندێک لە دەروونناسان کاریگەری بۆماوەیی بە نزیکەیی 30٪ دەخەمڵێنن. هەروەها دەروونناسان لەو باوەڕەدان کە ئەوە توانایەکی بەدەستهاتووە کە دەتوانرێت لە ماوەی ژیاندا فێربێت و پەرەی پێ بدرێت. بۆ نموونە منداڵان زیرەکی سۆزداری گەشە پێدەدەن لە ڕێگەی لاساییکردنەوە، چوونە ناوەوەی پەیامەکان و چاودێری دایکوباوکان، خوشکوبرا و گەورەکانی دیکە لە ژیانیاندا.

بۆیە منداڵیی بەیەکێک لەقۆناغە سەرەکییەکانی گەشەکردنی زیرەکی سۆزداری دادەنرێت و لەو ڕووەشەوە باوانی منداڵەکان ڕۆڵێکی بەرچاویان هەیە لە دانانی بناغەکان.

تەنانەت ئەوانەی لە منداڵیدا کاریگەری باشی باوانەکانیان لەسەر نەبووە، دەتوانن زیرەکی سۆزدارییان لە چوارچێوەی جۆراوجۆردا باشتر بکەن، وەک چارەسەری گرووپی، وۆرکشۆپ، چارەسەری دەروونی کەسی و…تاد

‎لە کۆتاییدا ماوەتەوە بڵێین: گرنگە و پێویست دەکات، ئەگەر  زیاتریش لە زیرەکی زانیاری (IQ)، گرنگیی بە زیرەکی سۆزداری (EQ) منداڵەکان نەدەین،  ھیچ نەبێت ھاوئاستی زیرەکی زانیاری (IQ) گەشەپێدانی زیرەکی سۆزداری (EQ)ی منداڵەکانمان بەلاوە گرنگ بێت و گەشەی پێ بدەین.

 

ئامادەکردنی؛ شاجوان محەمەد –  بیلال حمە

 

سەرچاوە؛

How do IQ tests Measure Intelligence | Brainalytics

 

“مووچەی فەرمانبەران لە رێگەی بانکێکی متمانەپێکراوی عێراقەوە دابەشدەکرێت”
پێشت “مووچەی فەرمانبەران لە رێگەی بانکێکی متمانەپێکراوی عێراقەوە دابەشدەکرێت”
زانیاری نوێ لە بارەی ئەو دەنگە بەهێزانەی لە هەولێر بیستران ئاشکرا بوو
دواتر زانیاری نوێ لە بارەی ئەو دەنگە بەهێزانەی لە هەولێر بیستران ئاشکرا بوو
ەیوەندیدار