“ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەرکەکانی جێبەجێکردووە با سکاڵابکات”



هەرێمی کوردستان دەتوانێت دادگای فیدڕاڵی بۆ بەدەستهێنانەوە مافەکانی بەکاربهێنێت، ئەرکی فەرمانگەی یاساییە بە یاسا پێگەی هەرێمی کوردستان بەهێزبکات.

دادگای فیدڕاڵی ساڵی ٢٠١٢ لە وەڵامی سکاڵایەک لەبارەی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە، کە ئەرکی دادگای فیدڕاڵی نییە بڕیاربدات، بەڵام ئێستا پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەڵوەشاندووەتەوە.

ئاڕاستەی بەشێک لە بۆچوونی چاودێران و شارەزاییان بەو جۆرەن، کە عێراق یاسا بەکاردەهێنێت بۆ لاوازکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان، تەنانەت هەر یاسای بۆ ڕاگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستان بەکارهێنا.

هەر وەک چۆن عێراق یاسای بەکارهێنا بۆ گەیشتن بە مەرامەکانی، ئایا هەرێمی کوردستان دەتوانێت دادگای فیدڕاڵی و یاسا بۆ بەدەستهێنانی ماف و خواستەکانی بەکاربهێنێت؟

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ د. شاڵاو سەباح، سەرۆکی بەشی یاسایی زانکۆی سلێمانی وردەکاری چۆنییەتی بەدەستهێنان خواستەکانی هەرێمی کوردستان لە دادگای فیدڕاڵی دەخاتەڕوو، کە ئەگەر هەرێمی کوردستان سەرجەم ئەرکەکانی خۆی جێبەجێکردووە، بە چ ڕێگایەک مافەکانی بەدەستبهێنێت.

 

خەڵك: ئایا هەرێمی کوردستان لەلایەن عێراقەوە لاوازکراوە؟ چۆن دەتوانێت پێگەی خۆی بەهێزبکاتەوە؟

د. شاڵاو سەباح: هەرێمی کوردستان لە ناوخۆی دەوڵەتی عێراقی فیدڕاڵدایە، ئەوەی ئێستا لە دادگای فیدڕاڵی سەبارەت بە هەرێمی کوردستان دەگوزەرێت، دەبێت پۆلێنیان بکەین بۆ دوو بەش، هەندێک لەو بڕیارانەی لە دادگای فیدڕاڵی باڵاوە دەرچووە، لەبەر ئەوەی بەڕاستی نا دەستووری بووە و پێچەوانەی دەستووری کۆماری عێراق بووە، هەر بۆیە هەڵوەشاونەتەوە، بەشی دووەمیش، کە تاکی کوردی پێی وایە هەرێمی کوردستان لاوازدەکرێت، ئەوەی کە خۆی دەبینێتەوە لە یاسایی بودجە، خەڵک پێی وایە کە قوتی هەرێمی کوردستان بڕاوە.

لایەنێکییشمان هەیە کە دەتوانێت ئەو کێشانەمان بۆ چارەسەر بکات، ئەویش بریتییە لە دادگای فیدڕاڵی باڵا، چونکە دادگای فیدڕاڵی باڵای عێراق، ئەو دادگاییە کە پارێزەری یاسا دەستوورییەکانە لە عێراقدا، دەستووری عێراقی ماف و دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستانی دیاریکردووە، وە ئەو دادگایە دەتوانێت ماف و دەسەڵاتەکان بگەڕێنێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان.

 

خەڵك: هەرێمی کوردستان دەتوانێت یاسا و دادگای فیدڕاڵی بەکاربهێنێت بۆ بەدەستهێنانەوەی مافەکانی؟

د. شاڵاو سەباح: ئەوەی عێراق لە بەشێکیدا کردوویەتی، بۆ نمونە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی درێژکردنەوەی ماوەی پەرلەمان و ئەنجومەنەکان، ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان ئەمانە بەشێوازێک لە شێوازەکان پێچەوانەی دەستوور بوون، بۆیە دادگای فیدڕاڵی باڵا گەیشتبووە ئەو باوەڕەی کە مادام پێچەوانەی دەستووری عێراقە دەبێت هەڵبوەشێتەوە.

 

خەڵك: ئایا هەرێمی کوردستان دەتوانێت لەبارەی نەناردنی بودجە لە عێراوقەوە لە دادگای فیدڕاڵی سکاڵا تۆماربکات؟

د.شاڵاو سەباح: باس لەوەدەکرێت کە عێراق ئیش لەسەر برسیکردنی هەرێمی کوردستان دەکات، بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان نانێرێت، ئێمە بە یاساییەک ڕێکمان خستووە ئەویش یاسای بودجەیە، کە لەلایەن پەرلەمانی عێراقییەوە دەرچووە، وە ئەم پەرلەمانە نوێنەری هەرێمی کوردستانی تێدایە، ئەگەر هەرێمی کوردستان خۆی بەوە دەبینێت کە یاسای بودجە جێبەجێناکرێت، وە لایەنی عێراقی هەڵناسێت بە جێبەجێکردنی یاسای بودجە، وە ئەم سەرجەم پابەندییەکانی کە لە یاساکەدا هاتووە جێبەجێکردووە، بەڵام عێراق نایەتە پێشەوە وە چەندین دانسوتانیان کردووە، وە دانوستانەکانیان تا ئەم کاتە ئەنجامێکی ئەوتۆی لێنەکەوتووەتەوە و چارەسەرەکان کاتین.

بۆیە دەکرێت هەرێمی کوردستان پەنا بباتە بەر دادگای فیدراڵی و داوابکات، کە ئەوە من هەموو داواکانی حکومەتی عێراقیم جێبەجێکردووە، داوا لە لایەنی عێراقی بکرێت کە یاساکە جێبەجێبکات، بێگومان ئەگەر بڕیارێک لە دادگای فیدڕاڵیەوە دەربچێت لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان دەبێت و دەبێت هەموو دەسەڵاتداران لە عێراق پێوەیپابەندبن، وە دواجاریش هیچ لایەنێکی تر بۆی نییە تانە لەم بڕیارە بدات، لەبەر ئەوەی هێز بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی باڵا ڕەهاییە و کۆتاییە، واتە دەرفەت بۆ تانەلێدان نییە.

 

خەڵك: باس لەوەدەکرێت بڕیارەکان لەسەر ئاستی نەتەوەییە و بڕیارەکان لەبەرژەوەندی کورددا نییە، ئەمە ڕاستە یاخود نا؟

د.شاڵاو سەباح: لە ڕووی یاساییەوە تاکو ئێستا پێکهاتەی دادگاکە هاوکۆک نییە لەگەڵ دەستووری کۆماری عێراقی ساڵی ٢٠٠٥، لەبەر ئەوەی لە دەستوورەکەدا هاتووە، دەبێت ئەم دادگایە سەرەڕای ژمارەیەک دادوەر دەبێت ژمارەیەک شارەزایی یاسایی و شارەزایی بواری فهی ئیسلامی و شەرعی تێدابێت.

سەبارەت بەوەی کە ئایا بڕیارەکانی هەمیشە لە دژی هەرێمی کوردستانە، ئێمە ناتوانین لە ٪١٠٠ وابڵێین، وە ناشکرێت ئێمە ئەوە لەبەرچاو نەگرین کە ئەم دادگایە کە دەستووریی و باڵاییە، وە دۆخی سیاسی جێگەی خۆی دەبێت لەسەری، ئەگەر بڕیارەکانی دادگا پۆلێن بکەین هەندێکی بێگومان نادەستووری بووە.

 

خەڵك: ئایا پاشخانی سیاسی کاریگەری لەسەر بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی هەیە؟

د.شاڵاو سەباح: ناکرێ ئیعتیباراتی سیاسی لەبەرچاو نەگیرێت، نۆ دادوەر لە ئەنجومەنی یاساکانی ناو دادوەرەکانن، ئەم دادوەرانە بەشێوازێک لە شێوازەکان ئەوە لەبەرچاو گیراوە کە بەشە پشکی تێدابێت، بۆ نمونە دوو دادوەرە کوردەکە، یەکێکیان نوێنەری لە زۆنی سەوزە و یەکێکیان لە زۆنی زەرد، ئەو حەوت ئەندامەی تریش ئەوانیش دابەشبوون بەسەر لایەنە عەرەبییەکان بەپێی لایەنی شیعە و سونە، زۆر بە ڕوونی، بەڵێ لە ڕووە سیاسییەکەوە هەژمونێک هەیە، بەڵام ئەو بابەتاکەی کە بەڕوونی دیارە پێچەوانەی دەستوورە، تەنانەت ئەو دادوەرانەش ناتوانن بڕیار لەوەبدەن کە پێچەوانە نییە.

لە ساڵی ٢٠١٢ داوە بەرزکراوەتەوە، هەر لەبەردەم دادگای فیدڕاڵی بۆ ئەوەی کە درێژکردنەوەی ماوەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان نادەستوورییە، بەڵام ئەوکات هەر ئەو دادگایە پێی وابووە کاری دادگاکە نییە و داواکەی ڕەتکردووەتەوە، بەڵام ئەمساڵ هەمان داوا لەسەر هەمان بابەت کراوە، دادگا بڕیاری داوە وە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستانی دەرکردووە، ئەمە دەیخاتەڕوو کە دادگای فیدڕاڵی باڵا پێداچوونەوەیەک بە بڕیارەکانی خۆیدا دەکات، کە بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی پێشتری عێراق، ئەوکاتە سیاسییەکانی عێراق هەژموونی ئەوەیان نەبووە کە دەستوەردەنە کاروباری هەرێمی کوردستانەوە.

 

خەڵك: کورد چۆن دەتوانێت بە یاسا شەڕی مافەکانی خۆی بکات؟

د. شاڵاو سەباح: ئێمە فەرمانگەی یاساییامان هەیە، لە حوکمەتی هەرێمی کوردستان، دەتوانێت ئەو نوێنەرەی کە دیاریدەکات بینێرێت بۆ سکاڵا تۆمارکردن، ئەوەی کە زۆر گرنگە ئەو نوێنەرەی حوکمەتی هەرێمی کوردستان بە زانیاری و داتای زۆری بەهێزبکەن، بەجۆرێک هیچ بیانوویەک نەهێڵێت و بیسەلمێنیت کە هەرێمی کوردستان سەرجەم ئەرکەکانی خۆی جێبەجێکردووە، داکۆکی بکات لە مافەکانی هەرێمی کوردستان، بەڵگەی پێویست بخەینە بەردەم دادگا وە قەناعەتی پێبهێنین، ئەوکات من گومانم نییە لەوەی کە هەموو شتێک لە بەرژەوەندی کورد یەکلای دەکاتەوە، ئێمە بتوانین بەڵگەی پێویست بخەینە بەردەمیان بێگومان ناتوانن بڕیارێک دەربکەن لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان نەبێت.

شوێنێکی تایبەت بەو کەسانەی نەخۆشی دەروونیان هەیە و بێلانەن دەکریتەوە
پێشت شوێنێکی تایبەت بەو کەسانەی نەخۆشی دەروونیان هەیە و بێلانەن دەکریتەوە
دڵنیایی لە دابەشکردنی مووچە دەدرێت
دواتر دڵنیایی لە دابەشکردنی مووچە دەدرێت
ەیوەندیدار