ڕاهێنانى مامۆستایان یان پەرەپێدانی بەردەوام؟



نووسەر: عەبدولواحید محەمەد

ڕاهێنانى مامۆستایان یان باشترە بڵێین پەرەپێدانى بەردەوام(Sustainable development)، لە زۆربەى وڵاتان بە تایبەت ئەوانەى لە پێشەوەن، لە ژێر ئەم ناونیشانە ئەنجامىدەدەن، نەک ڕاهێنان چونکە لە ئەسڵا خۆی پەرەپێدانى تواناکانە، بەڵام لە هەرێمەکەى ئێمە و لە هەندێک شوێنیشدا ناویان ناوە ڕاهێنان.

بەهەرحاڵ ئەوەى زۆر گرنگە باسی لێوە بکەین، خودى پڕۆسەکەیە کە لە ساڵى ٢٠١٤ ەوە بەڕێوەنەبراوە، هۆکارەکانیشی ئاشکران پێوستیان بە خوردکردنەوە نییە، لەوەش گرنگتر ئەوەیە، وێڕاى ئەوەى ئەو پەرەپێدانە نەکراوە، هاوزەمان مامۆستا خۆشی لە ڕووى کەسیەتى و دەرونییەوە بەرکەوتەی هەژموونێکی خراپ بووە، دەیان و سەدان جار ڕووبەڕووی هێرش و پەلامار و توندوتیژی بوونەتەوە، زۆربەشیان دواجار وەکو کێشەى کۆمەڵایەتى هەژمارى بۆ کراوە، ئیتر خراوەنەتە ژێر بەڕەوە و لێکەوتەکانیشی زۆر نەرێنی بوون.

لە ڕووى دەرونیشەوە هەر مەپرسە، چەند ئازاردراون، سەردەمانێک هەرچى کەلوپەل و کاڵای خراپ بوو هەبوو، لە بازاڕدا بانگەوازیان بۆ دەکرا و دەیانوت بۆ مامۆستایان، زۆر جارانیش لە تەلەفیزیۆنەکان بۆ پێکەنین و بازاڕ گەرمکردن وشەی پیرۆزی مامۆستا کراوەتە سەردێڕ و باس و وێردی سەر زمان، ئێستاش هەر وایە، کێشەى موچەش لەوێ بوەستێت کە چەند ئازاری بەخشیەوە و دەبەخشێت.

لەوە ناخۆشتر چیە؟

هەشت ساڵ بە بەردەوامى و هەموو مانگێک دەستت لەسەر دڵت بێت، لەسەر ئەوەى: کەى موچە دێت؟

موژدە موچە هات

ئایا تەواوە، چەندى لێبڕدراوە؟

ئەوانەى لە پێشەوە ئاماژەمان پێدان هەموویان کۆبکەیتەوە، ڕاهێنان یان پەرپێدانى مامۆستایان بۆتە پێویستیەکی بنەڕەتى دەبێت بکرێت، لەلایەن خۆمەوە پێمباشە وەزارەتى پەروەردە دەستى داوەتە پڕۆسەى ڕاهێنان کەمن، تەئکید لەوە دەکەمەوە لەگەڵ دەستەواژەی ڕاهێنان نیم، بەڵکو لەگەڵ دەستەواژەى پەرەپێدانى بەردەوامم، چونکە مامۆستایانى ئێمە پێویستیان بەوە هەیە، لە هەموو ڕووێکەوە کەسیەتى، دەروونى، ڕێگەکانى وانەوتنەوە، دەروونزانى و تەکنیکى تازە بەرهەڤ بکرێنەوە.

ئەوەش دەبێت پڕۆسەیەکى گشتگیرو درێژخایەن بێت، ئێستا کێشەیەکیتریش بە توندی لە ئارادایە، ڕەنگە جارێ نەختێک لە ئێمە دووربێت، ئەویش پەنابردنە بۆ مرۆڤە دەستکردەکان، ئەگەر زانست دەستوبرد و گۆڕانکاری جۆرایەتی لێنەکرێت، دواجار عەقڵەکان دەوەستن و جێگە بە مرۆڤ لەقدەبێت، بێگومان ئەو بۆربۆرێنە بە پەرەپێدانی بەردەوام لە پەروەردە و مامۆستایانەوە دەبێت.

لێرەدا دەوەستم، چونکە ئەو هەویرە ئاوى زۆرى دەوێت، دێمەوە سەر ئەو ڕاهێنانەی لە هەرێمى کوردستان دەستى پێکردووە، جارێ دەمەوێت هاوڕێیانم لە وەزارەت بزانن ئەوە داهێنانێکى تازە نییە، لە وڵاتانى تریش ئەو شێوازە لە ڕاهێنان هەیە، هەر بۆ نمونە ئێمە لە مانگى تشرینى یەکەمى ساڵى ڕابردوودا چووینە وڵاتى کەمبۆدیا، بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی، لەوێ لەگەڵ چەند مامۆستایەک دیدارمان کرد، لەوانە بەشێکیان ڕاهێنەر بوون بەهەمان ئەو سیستەمەى هەرێم، گومانم نییە هەر ئەو شێوازە لە ڕاهێنان لە وڵاتانیتریش هەیە، گرنگ ئەوەیە چۆن دەکرێت و ئەنجامەکەى چۆن دەبێت؟

چونکە هیچ پرۆسەیەک نییە ڕەهایەتى تێدابێت، هەموویان بە ڕاهێنانى لاى خۆشمانەوە مەحکومە بە کۆمەڵێک هۆکار، بەرمەبنای ئەو ڕاستییە دەبێت هەوڵ بدرێت لە هەموو ڕووێکەوە دەوڵەمەند بکرێت، بۆ ئەو مەبەستە کۆمەڵێک سەرنج بە پێویست دەزانم لەوانە:

یەکەم، مامۆستایان لە هەرێمى کوردستان لە تواناى زانستیدا جیاوازیان هەیە، هەندێکیان دەرچووى کۆلێژ و پەیمانگاکانى پەروەردەن، هەندێکی تریان دەرچوى کۆلێژەکانیترن، هەشمانە دەرچووی ئامادەییەن بە پیشەیەکانیشەوە، کەوایە هەر پۆلێک لەوانە مامەڵەیەکى تایبەتى دەوێت، دەبێت زۆر بەوردى لەبەرچاوبگیرێت.

دووەم، مامۆستایانى ئێمە لە چەند بوارێکەوە پێویستیان بە پەرپێدانى تواناکانە وەک دەروونى، کەسیەتى، ئینجا وەرە سەر بوارە پەروەردەییەکان ، ئەوانەش هەریەکە و پسپۆڕى خۆی دەوێت، بە یەک تاکەکەس ناکرێت.

سێیەم، دیارە بۆ ئەوەى ئەم پڕۆسەیە سەرکەوتووبێت، دەبێت متمانەى مامۆستایان دروست بکرێتەوە، لە ڕابردوودا هەنگاو بۆ ئەو پەرەپێدانە هەبووە، بەڵام هێند بە خاوى و بێ بایەخ بووە، ئیتر ئەو بێ متمانەیەى لێ کەوتۆتەوە، دەبێت پێیان ڕابگەێنرێت کە ئەو پڕۆسەیە ورد و بەردەوام دەبێت.

چوارەم، ئەو ڕاهێنەرانە دەبێت زۆر بە توانا و خۆش مەشرەف بن، تاوەکو بتوانن تەشویقی مامۆستایان بکەن بۆ بەشداریکردن لەو پڕۆسەیە، من هەرگیز لەگەڵ سزادان نیم، بەو دوو ستێپەش کە بە  E و F دیاریکراوە، چونکە لە ڕابردوودا چاک و خراپ تێکەڵ کراوە وا زوو و بە ئاسانی هەڵاوێردکردنى ئەستەمە، جگە لەوەش، ئاماژەکان پێمان دەڵێن، لە چوارچێوەی ئەو دوو تایتلە ژمارەکان زۆر دەبن، ئیتر ئەوانە لە کوێ جێیان دەکرێتەوە و چۆن شوێنیان پڕ دەکرێتەوە؟.

پێنجەم، نابێت بهێڵرێت قوتابیان و خوێندکاران کاتیان بە خۆڕایی بڕوات، چونکە مەبەستى سەرەکى لەو پرۆسەیە خزمەتکردنى ئەو بونەوەرە بێوەیانەیە، کاتێک تۆ ساڵانە٤٠ کاتژمێر یان زیاتریان لێدەبەیت، چۆن قەرەبوودەکرێتەوە؟، کە خۆی پڕۆسەکە چەندین ساڵە بە دەست کەمى ماوەى خوێندنەوە دەناڵێنێت، ئێستا بە پێی ستاندارە نێودەوڵەتییەکان، ساڵی خوێندن نزیکەی ٢٥٠ تا ٣٠٠ سەعاتی کەمە.

شەشەم، زۆر پێویستە یەکەى سەرپەرشتیارى و سەرپەرشتیارە بەڕێزەکان هاوبەشی سەرەکى بن لە بەڕێوەچونى ئەو پڕۆسەیە، چونکە ئەوان لە ڕابردوودا کارەکتەرى مەیدانى پڕۆسەى پەروەردە و سەرمەشقی بەڕێوەچونی بوون، پێشمەوایە توانا و ئەو ڕاهێنانەیان هەیە، لەو بارەیەوە پرسیارێک بە گرنگ دەزانم لە وەزارەتى پەروەردەی بکەم، تۆ لە بنەڕەتدا کێشەى میلاکت هەیە، ٦٠٠ مامۆستا دەکەیتە ڕاهێنەر کە بەحساب ئەوانە بژاردەن، نزیکەى ٤٠٠ مامۆستاش دەبنە سەرپەرشتیار، بە پێی بنەماکان ئەوانەش دەبێت دەستەبژێر بن، ئەمە نزیکەى هەزار مامۆستا، بە دڵنیاییەوە بۆشاییەکی گەورە لە جەرەیانی پرۆسەی پەروەردە دروستدەکەن.

من بیستومە سێ یەکەمەکانی زانکۆش بۆچوون هەیە بگوازرێنەوە، ئایا ئەوانە شوێنەکانیان بە کێ پڕ دەکرێتەوە؟ گریمان پڕیش کرایەوە، ئایا هاوئاستی ئەو مامۆستا ئەزمون زۆرانە دەبن؟

حەوتەم، دیارە ئێستا دەوروبەری ٣٥ هەزار مامۆستای وانەبێژ هەیە، بێگومان ئەوانە تا ئەم ساتە جێگیرنین، بەو هۆیەوە هەمیشە دوودڵن، ئیتر چۆن زهنیەتیان لەسەر ئەو ڕاهێنانە ئۆقرە دەگرێت، دەبێت دڵنەواییان پێبدرێت و نەبنە قوربانی زەمەنەکە و دەستی دەستی پێکردن، خودی پەروەردەش بەرگەی ئەو مامەڵەیە ناگرێت.

هەشتەم، لەسەرووى هەموو ئەوانەوە پڕۆسەکە کاتێک بە تەواوى دەخەمڵێت و ئامانجەکانى بە دەستدێت، کاتێک مامۆستا خەمى ژیان و نیشتەجێبوون و کەسیەتى خۆی نەبێت، چونکە لە ئەسڵدا مامۆستا دەبێت لە خەمەکانى ڕەخسابێت، ئینجا دەتوانێت ئەرکە پەروەردەییەکانی جێبەجێبکات، دیارە بە تەنیا ئەوە بۆچونی ئێمە نییە، بەڵکو ئەوە ڕای هەموو فەیلەسوف و کارەکتەرە هەرە دیارەکانی پەروەردە و فێرکردنە.

دڵنیایی لە دابەشکردنی مووچە دەدرێت
پێشت دڵنیایی لە دابەشکردنی مووچە دەدرێت
وێنە؛ سوپای عێراق لە بنکەکانی پەکەکە جێگیر کرا
دواتر وێنە؛ سوپای عێراق لە بنکەکانی پەکەکە جێگیر کرا
ەیوەندیدار