مەسرور بارزانی: بۆشایی ئەمنی هۆکاری هەڵکشانی ماددە هۆشبەرەکانە



ئەمڕۆ یەکشەممە، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کۆنفرانسی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە هەولێر دەستیپێکرد.

لە کۆنفرانسەکەدا سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان وتەی خۆی پێشکەشکرد و ڕایگەیاند، ” بازرگانی و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لە زیادبووندایە، ئەمەش زەنگی مەترسییە بۆسەر کۆمەڵگەکەمان”.

مەسرور بارزانی ئەوەشی خستەڕوو، حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆر بە وردی و فراوانی و جددی کاردەکات، بۆ بنبڕکردنی ماددە هۆشبەرەکان، کاردەکات بۆ ئەوەی ڕێگە لە تەشەنەسەندنی بگرێت.

لەم چوارچێوەیەدا لە ساڵی ٢٠٢٠ یاسای ژمارەی ١ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان پەسەندکرا، پێویستە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێم هەماهەنگ و هاوکاربن بۆ جێبەجێکردنی ئەم یاسایە.

ئاماژەی بەوەکرد، “کێشەی ماددە هۆشبەرەکان و بەرەنگاربوونەوەی پرسێکی جیهانییە و کۆمەڵگەکان پێوەیگیرۆدەن و هەرێمی کوردستانیش لێی بێبەش نیە”.

وتیشی، بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان تەنها زیانی تەندروسی نیە، بەڵکو زیانی ئابووری، دارایی و کۆمەڵایەتی لە گشت کایەکانی کۆمەڵگە هۆکاری سەرەکی لاوازکردنی سەرمایەی مرۆییە.

سەرۆکی حکومەت باسی لەوەکرد، “یەکێک لە شێوازەکانی لاوازکردنی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی ماددە هۆشبەرەکانەوەیە، ئامانج تێیدا تێکدانی شیرازەی کۆمەڵگە و لاوازکردنی گەنجەکانمانە”.

هاوکات مەسرور بارزانی جەختی لە بە سزا گەیاندنی تاوانباران کردەوە و وتی، ” مافیاکان و بازرگانە تاوانبارەکان هەرێمیان کردووەتە بەشێک لە پیلانە نەگریسەکانیان، کاردەکەن بۆئەوەی سوود لە هەڵکەوتەی جوگرافیای هەرێمی کوردستان وەربگرن وەک دەروازەیەک بۆ تێپەڕاندنی ماددە هۆشبەرەکان بۆ شوێنەکانی دیکە، بۆ ئەم مەبەستەش ڕێگا و شێوازی جۆراوجۆر دەگرنەبەر بۆ بازرگانی کردن بە ماددە هۆشبەرەکان، هەر بۆیە پێویستە داودەزگا پەیوەندیدارەکان ڕووبەڕووی بازرگانەکان ببنەوە نەهێڵن پیلانەکانیان سەربگرێت”.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە بۆشای ئەمنی کرد، “بەهۆی هەبوونی بۆشای ئەمنی لە ناوچە جێناکۆکەکانی ١٤٠ و هەروەها لە ناوچە سنوورییەکان کە هەندێک لە گروپە چەکدارەکان هۆکاری نا سەقامگیرین و ڕێگری دەکەن لەوەی هێزە ئەمنییەکان بە کارەکانی خۆیان هەڵبستن لە ڕووبەڕوو بوونەوەی بازرگانەکان”.

لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵەکانیان چڕ کردووەتەوە، بۆ بنبڕکردنی ماددە هۆشبەرەکان و بە سزا گەیاندنی بازرگانەکان، هاوکات ئەوەشی خستەڕوو، “حکومەتی هەرێمی کوردستان لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانمان پێکهێناوە کە ژمارەیەک وەزارەت و لایەنی پەیوەندیداری تێدایە، هەروەها سەنتەری شیاندن و چارەسەرکردنی توشبووان و ئالوودەبوان پێکهێنراوە”.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردەوە، دامودەزگاکانی هەرێم هەوڵەکانی چڕ کردووەتەوە بە ئامانجی بنبڕکردنی ماددە هۆشبەرەکان، بە سزا گەیاندنی تاوانباران و چارەسەرکردنی ئالوودەبووان.

ئاماری گشتی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان دەریخستووە، تا ئێستا ٦١٧بەکارهێنەر و ٤٨٠ بازرگانی ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون، هەروەها ٢ هەزار و ١٦٦ کەس بە تۆمەتی بازرگانی و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر لە دەزگا ئەمنییەکان راگیراون، لەوانە ٨٠٧ بازرگان و هەزار و ٣٥٩ بەکارهێنەرن.

کۆی گشتی سزادراوان و راگیراوان بەهۆی ماددەی هۆشبەرەوە لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە ٣ هەزار و ٣٠١ کەس.

کەشناسی: خۆڵبارین دەستپێدەکات و پلەی گەرما نزم دەبێتەوە
پێشت کەشناسی: خۆڵبارین دەستپێدەکات و پلەی گەرما نزم دەبێتەوە
زانیاری دەربارەی شەڕەکەی ئەمڕۆی پەکەکە و سوپای تورکیا
دواتر زانیاری دەربارەی شەڕەکەی ئەمڕۆی پەکەکە و سوپای تورکیا
ەیوەندیدار