ئەمریکا، دووەم کەشتی فڕۆکەهەڵگر دەنێرێتە دەریای ناوەڕاست



کەشتیی فڕۆکە هەڵگری یو ئێس ئێس ئایزنهاوەر و گروپی کەشتییە جەنگییەکانی دەچنە پاڵ کەشتی هەڵگری جیراڵد فۆرد کە دوای هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسڕائیل لە ناوچەکە جێگیرکرابوو.

 

لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمریکا ڕایگەیاند، ناردنی کەشتیی دووەمی فڕۆکە هەڵگری ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست لە چوارچێوەی “رێگریکردنە لە کردەوەی دوژمنکارانە دژی ئیسرائیل یان هەر هەوڵێک بۆ فراوانکردنی شەڕ لە دوای هێرشی حەماس” بۆ سەر ئیسرائیل .

 

ئۆستن دەڵێت؛ جێگیرکردنی کەشتییە جەنگییەکان ئاماژەیە بۆ “پابەندبوونی پتەوی واشنتۆن بە ئاسایشی ئیسرائیل و ئیرادەی ئێمە بۆ ڕێگریکردن لە هەر کاراکتەرێکی دەوڵەتی یان نادەوڵەتی کە هەوڵی پەرەپێدانی شەڕ بدات”.

 

هەمان ڕۆژ کە جێگیرکردنی دووەم کەشتی فڕۆکە هەڵگر ڕاگەیەندرا، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا لە پەیوەندییەکدا لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل جەختی لەسەر پشتیوانی واشنتۆن بۆ هەوڵەکانی پاراستنی هاووڵاتیانی مەدەنی کردەوە.

 

کۆشکی سپی لە بەیاننامەیەکدا سەبارەت بەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە ڕایگەیاند، هەردوو سەرۆک باسیان لە “هەماهەنگی ئەمریکا لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان، میسر، ئوردن، ئیسرائیل و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە کردووە بۆ دڵنیابوون لەوەی کە خەڵکی مەدەنی بێتاوان دەستیان بە ئاو و خۆراک وچاودێری پزیشکی بگات” بەبێ ئەوەی ڕاستەوخۆ باسی غەززە بکات.

 

بایدن ڕۆژی شەممە ١٤-١٠-٢٠٢٣ لەگەڵ مەحمود عەباس سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستین بۆ یەکەمجار لە دوای سەرهەڵدانی ململانێکان قسەی کرد و “هێرشی حەماسی بۆ سەر ئیسرائیل ئیدانە کرد و وتی؛ “حەماس بەرگری لە مافی گەلی فەلەستین ناکات “.

 

زانیاری دەربارەی شەڕەکەی ئەمڕۆی پەکەکە و سوپای تورکیا
پێشت زانیاری دەربارەی شەڕەکەی ئەمڕۆی پەکەکە و سوپای تورکیا
تورکیا لە پەلامارەکانی بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان بەردەوامە
دواتر تورکیا لە پەلامارەکانی بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان بەردەوامە
ەیوەندیدار