“میلیشیاکانی عێراق چاوەڕێی فەرمانی ئێرانن”



میلیشیاکانی عێراق چاوەڕێی فەرمانی ئێرانن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو دۆخەی لە دوای هێرشەکەی بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل هاتووەتە ئاراوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت بڵاویکردەوە، سەرکردەکانی گروپە چەکدارە عێراقییەکانی لایەنگری ئێران، سەردانی دیمەشق و بەیروتیان کردووە بۆ ئاگاداربوون و چاودێریکردنی ئەو دۆخەی ئێستا لەو ناوچەکە هاتووەتە ئاراوە.

ڕوونیشیکردەوە کە سەرکردەی ئەو گروپانە، بە هەماهەنگی لەگەڵ گروپە سووری و لوبنانییەکان چاودێری چەند خاڵێكی سنوورییان کردووە.

ڕۆژنامەکە ئەوەشیخستەڕوو کە گروپە عێراقییەکان چەند پەیامێکی یەك لە دوای یەکیان لە ئێرانەوە پێگەیشتووە و تێیاندا جەختکراوەتەوە لەوەی جارێ کاتی بەشداریکردنی ڕاستەوخۆیان نەهاتووە لەو دۆخەی بەسەر کەرتی غەززەدا هاتووە و ئامانجی سەردانی گروپە عێراقییەکانیش بەدواداچوون بووە بۆ وردەکارییە مەیدانییەکان، ئەویش وەك ئامادەکارییەك بۆ هەر جوڵەیەکی گریمانەکراو.

ڕاشیگەیاند گروپە عێراقییەکان چاوەڕوانی فەرمانێكی تارانن، بەڵام فەرمانەکە نەگەیشتووە و ئەوانیش نایانەوێت بە بێ فەرمانی ڕاستەوخۆی ئێران هیچ جوڵەیەك بکەن.

لە لایەکی دیکەشەوە، “ڕادیۆ فەردا”ی ئەمریکی لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە بڵاویکردەوە کە لەم ڕۆژانەی دواییدا محەمەد ڕەزا فەلاح زادە، جێگری فەرماندەی فەیلەقی قودس و باڵیۆزی ئێران لە بەغدا، بە ئامادەبوونی نوری مالیکی و سەرکردەی گروپەکانی سەر بە ئێران کۆبوونەتەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا بەرپرسە ئێرانییەکان داوایان کردووە هەڵمەتی ڕاگەیاندن لە دژی ئیسرائیل و پشتیوانیکردنی بزووتنەوەی حەماس چڕ بکەنەوە و ناوی ئەو خۆبەخشانەش تۆمار بکەن کە دەیانەوێت لە دژی ئیسرائیل بجەنگن.

بە وتەی سەرچاوەکان، “فەیلەقی قودس داوای لە میلیشیاکان کردووە لە ئامادەباشیدا بن و چاوەڕێی فەرمانی ئێران بکەن”.

شەڕی ئیسرائیل و فەلەستین چۆن سەریهەڵدا؟
پێشت شەڕی ئیسرائیل و فەلەستین چۆن سەریهەڵدا؟
ئەمڕۆ لەم شوێنانە نەوتی ماڵان دابەش دەکرێت
دواتر ئەمڕۆ لەم شوێنانە نەوتی ماڵان دابەش دەکرێت
ەیوەندیدار