کاروان گەزنەیی: بێدەنگ نابین و دۆسییەکە دەبەینەوە دادگا



ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، لەماوەی رابردودا لەسەر پرسی تەندەرەینگی ستیکەری دەرمان سکاڵایەکی لە دادگا تۆمارکردوە و دادگا بڕیاری نایاساییبونی پرۆسەکەی داوە، بەڵام وەزارەتی تەندروستی پابەندی بڕیارەکەی دادگا نەبووە و لەئێستادا بەبێ تەندەر ستیکەری دەرمانی داوە بە کۆمپانیایەک و ئەوەش دەبێتەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی دەرمان.

کاروان گەزنەیی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژە بەوەدەکات:”لە ڕێکەوتی (13-12-2021) بە بڕیاری دادگا و بە نوسراوی ژمارە (598)، پاڵپشت بە ماددەی (7) لە یاسای داواکاری گشتی ژمارە (159)ی ساڵی (1979)ی هەموارکراو، بڕیاری نایاسایی تەندەرەینگی ستیکەری دەرمان وەستێندراوە و گشتاندنی بۆکراوە بۆ وەزارەتی تەندروستی، کە پێشتر دابومان بە داواکاری گشتی بەهۆی قۆرخکردن و بە گراندانی بە کۆمپانیایەکی حزبی! بەڵام وەزارەتی تەندروستی پابەندی بڕیاری دادگا نابێت، و جارێکی دیکە بەبێ پڕۆسەی تەندەرینگ دەیداتەوە بە کۆمپانیایەک، کە ئەمەش نرخی دەرمان زۆر زیاد دەکات”.

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەشکردووە:”سەرباری دۆڕاندنی دۆسیەکە لە دادگا، بەڵام وەزارەتی تەندروستی دوبارە و بە نایاسایی و بەنوسراوی ژمارە (1\1\6063) و لە ڕێکەوتی (28-11-2022) بە شێوەی ڕستەوخۆ داویەتی بە کۆمپانیایەکی دیکە، کە سەرلەبەری نایاساییە. ئەم نایاسایی بونە ڕاستەوخۆ نرخی دەرمان لەسەر هاوڵاتییان زیاد دەکات، وا دەکات کە نرخی دەرمان زۆر بەرز ببێتەوە؛ ئەمەش بە ئاگاداری وەزیری تەندروستی و بەڕێوبەری کوالێتی کۆنتڕۆڵ لە بەرژەوەندی کۆمپانیایەک کراوە!”

کاروان گەزنەیی چارەسەری بابەتەکەی بە دوو رێگە خستووەتە روو کە بریتین لە:-

یەکەم: نرخی دەرمان یەکبخرێت، بەڵام بەمەرجێک نەک هەر بۆ نۆڕینگە پزیشکییەکان، بەڵکو بۆ کۆمپانیاکانیش تا خەڵک بە کەمترین نرخ دەرمانی دەستبکەوێت.

دووەم: دەستهەڵگرتنی سیاسییەکان لەم دۆسییە و وەرگرتنی ڕێڕەوی یاسایی لە تەندەرینگ بۆ هێنانی دەرمان و پێدانی سیتکەر و پابەندبوون بە بڕیاری دادگا!

گەزنەیی لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەشکردووە کە لە (19-11-2021)، لە ڕاگەیەندراوێکدا بۆ ڕای گشتی کوردستان باسی لەوە کرد کە نرخی دەرمان گران دەبێت. “پێشتر هەموو ڕێکارە پەرلەمانییەکانمان گرتبووە بەر، و دواتر وەکو مافی گشتی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان داوکاری گشتیمان ئاگادار کردەوە. سەرباری ئەوەی کە ئەو کات دنیایەک تەشهیریان پێکردین و باسیان لەوە کرد ئێمە ڕایگشتی چەواشە دەکەین، دۆسیەکە لە دادگا لە بەرژەوەندی خەڵک یەکلا کرایەوە، بەڵام هێشتا وەزارەتی تەندروستی کار بە بڕیاری دادگا ناکات؛ بەڵام دڵنیابن بێدەنگ نابین و دۆسیەکە دەبەینەوە دادگا.”

ڤیدیۆ.. لە هەولێر فێڵێکی نوێ لە هاووڵاتییان دەکرێت
پێشت ڤیدیۆ.. لە هەولێر فێڵێکی نوێ لە هاووڵاتییان دەکرێت
هۆشیار زێباری: گرنگە ئەو کەسانەی لە دزی سەدەوە تێوەگلاون ئاشکرابکرێن
دواتر هۆشیار زێباری: گرنگە ئەو کەسانەی لە دزی سەدەوە تێوەگلاون ئاشکرابکرێن
ەیوەندیدار